لولا دا سیلڤا بووەوە بە سەرۆکی بەرازیل
لاڤە
٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢
٦٢٤
بەپێی دوایین ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بەرازیل کە ٩٩%ی جیاکراوەتەوە، "لولا دا سیلڤا" ٥٠.٨٣%ی دەنگەکانی بەدەستھێنا و "جاییر بولسونارو"ی رکابەری ٤٩.١٧%ی دەنگەکانی بەدەستھێناوە.
دوای راگەیاندنی ئەنجامەکان لە شەقامەکانی بەرازیل ئاھەنگی سەرکەوتن بەڕێوەچوو، "لولا دا سیلڤا"ش لە بەردەم لایەنگرانی لە "ساوپالۆ" وتی، سەرکەوتنی ئاماژەیەکە بۆ سەرکەوتنی دیموکراسیەت و بەڵێنیدا بە روبەڕوبوونەوەی ھەژاری و پاراستنی دارستانەکانی ئەمازۆن.
"دا سیلڤا" لە ساڵانی نێوان ٢٠٠٣ بۆ ٢٠١٠ش سەرۆکی بەرازیل بووە، "جۆ بایدن" سەرۆکی ئەمریکا و "ئیمانوێل ماکرۆن" سەرۆکی فەڕەنسا و ژمارەیەک سەرکردەی تری جیھان پیرۆزبایی سەرکەوتنیان لێکرد، لەکاتێکدا ھێشتا "بولسونارو" دانی بە شکستەکەی نەھێناوە و گومانی لە سیستمی ھەڵبژاردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان ھەیە.