ریشی سوناک سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی تایمز رایگەیاندوە، ماوەی چەند ساڵێکە کێشە و گرفتی زۆر لە بەریتانیا سەریانھەڵداوە بەتایبەتیش لاوازبوونی کەرتی ئابوری کە بووەتەھۆی بەرزبونەوەی باج و نرخی خۆراک و پێداویستییەکانی رۆژانەی ھاوڵاتیان و نیگەرانییەکی زۆری لێکەوتووەتەوە.
وتیشی، لەگەڵ ئەوەی حکومەتی ئێستای بەریتانیا ھەموو ھەوڵێک دەدات بۆ چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبووەکان، بەڵام بۆئەوەی راستگۆ بن لەگەڵ ھاوڵاتیانیان، بەڵێنی ئەوە نادەن ھەموو کێشەکان چارەسەر بکەن، جەختیشیکردەوە، سەرەتا ھەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشانە دەدەن کە راستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانی رۆژانەی ھاوڵاتیانی بەریتانیاوە ھەیە.
حسین ئەمیر عەبدوڵاھیان وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنوسان رایگەیاند، ئەوەی لەلایەن رۆژئاواوە دەوترێت لەبارەی ناردنی مووشەک بۆ روسیا بەتەواوی ھەڵەیە، بەڵام چەند مانگێک پێش جەنگی ئۆکراین، ژمارەیەکی دیاریکراو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان داوەتە روسیا.
وتیشی، ئەگەر ئۆکراین بەڵگەی ھەیە روسیا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لە ئۆکراین بەکارھێناوە با پێشکەشی بکەن، ئەگەر سەلمێنرا بێباک نابن لەو بابەتە، لەبەرئەوەی ھێشتا ئێران پابەندە بە ھەڵوێستەکان سەبارەت بە جەنگی ئۆکراین.
عەبدوڵاھیان راشیگەیاند، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئۆکراین رێککەوتون بەڵگەکانیان پێشکەش بکەن، دوو ھەفتە لەمەوبەریش بڕیاربوو وەفدی ھەردوو وڵات لە وڵاتێکی ئەوروپی کۆببنەوە بەڵام وەفدی ئۆکراین ئامادەنەبوو.
ڤۆڵکێر تورک کۆمیسیاری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، ھەرچەندە لەمساڵانەی دواییدا کوشتنی رۆژنامەنووسان کەمبووەتەوە، بەڵام لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا، ٩٥٨ رۆژنامەنووس لە سەرانسەری جیھاندا کوژراون، کە ئەو ژمارەیەش جێگەی قبوڵکردن نییە، کۆمیسیاری نەتەوەیەکگرتووەکان راشیگەیاند، لە ١٠ ساڵی رابردوودا زیاتر لە ھەزار رۆژنامەنووس رووبەرووی زیندانیکردن بوونەتەوە و ٦٤ رۆژنامەنووسیش بێسەروشوێنن.
ھاوکات رێکخراوی یۆرۆمێد بۆ چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، کە لە ناویاندا عێراق و سوریا و میسر ھەن، لە مەترسیدارین وڵاتەکانن بۆ کارکردنی رۆژنامەنووسان.
پارتی گەلی کۆماری-جەھەپە، کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیایە رایگەیاند، لانی کەم ٢٠٠ ھەزار کەسی سوریا و عێراق و لیبیا و ئەفغانستان، بەشداری ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی تورکیا دەکەن و دەنگ بۆ پارتی داد و گەشەپێدان-ئاکەپەی دەسەڵاتدار دەدەن.
جەھەپە راشیگەیاند، ھەوڵ دەدەن پڕۆژە یاسایەک لە پەرلەمان تێبپەڕێنن، بۆ رێگریکردن لە دەنگدانی ئەو کەسانەی بەم دواییە رەگەزنامەی تورکیایان بەدەستھێناوە، بەڵام تێپەڕینی ئەو پڕۆژە یاسایە ئاسان نابێت، چونکە ئاکەپە و مەھەپەی ھاوپەیمانی زۆرینەی پەرلەمانی تورکیایان بەدەستەوەیە.
بڕیاروایە ناوەڕاستی ساڵی داھاتوو ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی و پەرلەمانیی تورکیا بەڕێوەبچێت، بەپێی راپرسییەکانیش دەنگی پارتی داد و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، بە رێژەیەکی بەرچاوو کەم دەبێتەوە.
رۆژنامەی دێر شبیگڵی ئەڵمانی بڵاویکردەوە، حکومەتی ئەڵمانیا و ھەشت وڵاتی تری یەکێتیی ئەوروپا پلان بۆ فراوانکردنی سزاکانی سەر ئێران دادەنێن، کە سزاکان ٣١ کۆمپانیا و کەسایەتی ئێرانی و ئەو کەس و دامەزراوانە دەگرێتەوە، کە تێوەگلاون لە سەرکەوتکردنی خۆپیشاندانەکانی ئێران، ھەروەھا بەپێی رۆژنامە ئەڵمانیاکە، سزاکان خۆیان لە بلۆککردنی سامانی ئەو کەس و کۆمپانیانە تاکو رێگری لە گەشتکردن دەبیننەوە و سەپاندنی سزاکەش لە رۆژی ١٤ی ئەم مانگە لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا تاوتوێ دەکرێت.
رۆژی شەممە حسین ئەمیر عەبدوڵاھیان وەزیری دەرەوەی ئێران، بۆ یەکەمجار دانینا بەوەی وڵاتەکەی چەند مانگێک پێش جەنگی ئۆکراین، ژمارەیەکی دیاریکراو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بە روسیا فرۆشتووە، پێش ئەوەش رۆبێرت مالی نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران رایگەیاند بوو، ھاوکارییەکانی ئێران بۆ روسیا بە بێ سزا تێناپەڕێت.
گۆڤاری فۆرن پۆلیسی لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکرد، وڵاتانی رۆژئاوا وایدەبینن کە تورکیا بە ئەنقەست و بۆ رازیکردنی روسیا، بە ئەندامبوونی سوید و فینلەندا لە ناتۆ دوادەخات، ئاماژەی بەوەشکرد، دیبلۆماتکارانی ئەمریکا و ئەوروپا تاکو دێت بێزار دەبن لە پێداگیرییەکانی تورکیا.
فۆرن پۆلیسی دەشڵێت، ساردیی ئەنقەرە بەرامبەر بە فراوانبوونی ناتۆ، پەیوەستە بە کاریگەرییە ئابوورییەکانی مۆسکۆ لەسەر تورکیا، ھەروەھا درێژەکێشانی پڕۆسەی بە ئەندامبوونی سوید و فینلاندا لە ناتۆ، بیرۆکەی یەکگرتوویی ناتۆ دژی روسیا تێکدەدات.
مانگی ئایاری ئەمساڵ، سوید و فینلەندا داوای بە ئەندامبوونیان لە ناتۆ پێشکەش کرد، بەڵام سەرەڕای رازیبوونی سەرجەم ئەندامانی ناتۆ، بەھۆی مەرجەکانی تورکیا تائێستا ئەو دوو وڵاتە نەبوون بە ئەندامی ناتۆ، یەکێک لە مەرجەکانی تورکیا بۆ ئەو دوو وڵاتە، پەیوەست بە راگرتنی ھاوکارییەکانیان بۆ ھەسەدە و رادەستکردنەوەی داواکراوەکان.
بە پێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوکراوەتەوە لە شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان بەتایبەت لە سنە و کرماشان و مەریوان و کامیاران و لاھیجان ورمێ و بیجار، خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان بەردەوامبوون و خۆپیشاندەران ئاگریان لە شەقامەکاندا کردوەتەوە.
ھەروەھا لە شارەکانی تاران و تەبرێز و شیراز و قەزوین و ئەسفەھان، لە چلەی گیانلەدەستدانی چەند خۆپیشاندەرێک، ھاووڵاتیان بەردەوامییان بە ناڕەزاییەکان داوە و لە تاران ھێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد، لە شارەکانی قەزوین و ئەسفەھانیش خۆپیشاندەران ئاگریان لە ئۆتۆمبێلی ھێزە ئەمنییەکان و وێنە و بینا حکومییەکان بەردا.
خۆپیشاندانەکان و ناڕەزاییەکانی ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان لە ١٦ی مانگی رابردووەوە لە دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی دەستیانپێکردووەو تائێستا لانیکەم ٢٩٨ کەس گیانیان لەدەستداوە کە ٤٧ منداڵ و ٢٤ ژنیان تێدایە و زیاتر لە ١٤ ھەزار کەسیش دەستگیرکراون.
راوێژکاری ئەڵمانیا بووە یەکەم سەرکردەی یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی گروپی حەوت لەدوای سێ ساڵ لە سەرھەڵدانی کۆرۆنا سەردانی چین دەکات و سەردانەکەشی ماوەی یەک رۆژ دەخایەنێت.
میدیاکانی حکومەتی چین بڵاویانکردەوە، راوێژکاری ئەڵمانیا و سەرۆکی چین لە بەیجین کۆبوونەتەوەو سەرۆکی چین رایگەیاندوە، چین و ئەڵمانیا وەک دوو دەوڵەتی خاوەن ھەژموون پێویستە لە کاتە سەخت و ئاڵۆزەکاندا پێکەوەکاربکەن لە پێناو ئاشتی جیھانی.
بڕیاریشە راوێژکاری ئەڵمانیا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی چین کۆببێتەوە، ئامانجی سەردانەکەش بەھێزکردنی پەیوەندییە ئابورییەکانی ھەردوو وڵاتە.
بایدن لە میانەی ھەڵمەتی بانگەی ھەڵبژاردنی نیوەیی کۆنگرێس لە کۆلێژی میراکۆستا لە نزیک شاری سان دیگۆی ویلایەتی کالیفۆرنیا، وتەیەکی پێشکەشکردوو دواتریش لەبەردەم دەیان کەس کە دروشمی پشتیوانیان بۆ خۆپیشاندانەکانی ئێران بەرزکردبۆوە رایگەیاند، نیگەران مەبن ئێران رزگار دەکەن، خۆپیشاندەرانی ناڕازیی دژ بە حکومەتی ئێران خۆیان رزگار دەکەن.
ئەوەش لەکاتێکدایە ئەمریکا رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، لەبەرامبەر بەکارھێنانی توندوتیژی خۆپیشاندەران، کار دەکات بۆ دەرکردنی ئێران لە لیژنەی مافی ژنانی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان .
"خەدیجە ئیبراھیم"ھاوسەرۆکی لێژنەی بەرگری لە ئۆجالان رایگەیاند، درێژکردنەوەی قەدەغەکردنی چاوپێکەوتن لەگەڵ"عەبدوڵا ئۆجالان"رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ ماوەی شەش مانگی تر ھیچ بنەمایەکی یاسایی نییە، دەبێت رێکخراوەکانی بواری مافی مرۆڤ و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لێپرسینەوە لەو پێشێلکاریانە بکات.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کردوە، بە پێی رێککەوتننامەی نێودەوڵەتی ساڵی ١٩٤٨ و پەیڕەوی ناوخۆی رۆژما بۆ لێپێچینەوە لە تاوانکاری نێودەوڵەتی ساڵی ١٩٤٨ ئەشکەنجەدان و گۆشەگیریکردن بە ھۆکاری سیاسی و کولتووری و نەتەوەیی، کارێکی رەگەزپەرستانەیە.
ئەوەش لە کاتێکدایە لە ٢١ی مانگی رابردوو دادگای لەسێدارەدانی بورسا بۆ ماوەی ٦ مانگی تر چاوپێکەوتنی پارێزەرەکەی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان قەدەغەکرد.
ستۆڵتنبێرگ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ئیستەنبوڵ رایگەیاند، ئێران فرۆکەی بێفرۆکەوان نمایش دەکات و بیرلەوە دەکاتەوە مووشەکی بالیستی بداتە روسیا ، ئەوەش کارێکی قبوڵنەکراوەو پێویست ناکات ھیچ وڵاتێک پشتیوانی روسیا بکات لەو جەنگە ناشەرعییەی لەدژی ئۆکراین بەرپای کردووە.
وتیشی، سەرۆکی روسیا لە ئۆکراین شکستی ھێناوە بەڵام بەشێوەیەکی دڕندانە وەڵامدەداتەوە و لە چەند ھەفتەی رابردوودا دەیان ھێرشی بە مووشەک و فرۆکەی بێفرۆکەوان کردۆتە سەر ژێرخانی ئابوری ئۆکراین و بە ئەنقەست ھاوڵاتیانی ئۆکراین لە ئاو و کارەبا بێبەش دەکات.
بە پێی راگەیەنراوێک کە لەلایەن کۆشکی کرملینەوە بڵاوکراوەتەوە، ئامانج لە خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە گرتنەبەری رێوشوێنی زیاترە بۆ پشتیوانی کۆمەڵایەتی ئەو سەربازانەی گرێبەستیان لەگەڵ کراوە یاخود بانگھێشتکراون بۆ جەنگی ئۆکراین.
ھەفتەی رابردوو وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند، ھەڵمەتی کۆکردنەوەی ٣٠٠ ھەزار سەرباز بۆ جەنگی ئۆکراین کۆتایی ھات، ئەوەش داوای ئەوەی دانی نا بە بوونی گرفت لە ھەڵمەتەکەدا.
"حسێن حەمە ساڵح"نوێنەری دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارەو پەنابەران لە یۆنان بە کوردسات نیوز رایگەیاند، ژمارەیەک کۆچبەر لە تورکیاوە بەرەو ئیتاڵیا بەڕێکەوتوون، داوای یارمەتییان کردوە، لە ئێستادا لەلایەن پۆلیسی یۆنانەوە رزگارکراون، بەڵام نازانرێت، دیپۆرت دەکرێنەوە یاخود لەو رێگە بە مانەوەیان دەدرێت.
وتیشی، تائێستا ژمارە و ناسنامەی کۆچبەرەکان ئاشکرا نەکراوە.
ھاوکات رەج پشدەری رۆژنامەنوس لە یۆنان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ژمارەی رزگاربوانی یەختەکەی سێ رۆژی رابردوو گەیشتۆتە ١٤ کەس ، کە دووکەسیان خەڵکی شاری بانەی رۆژھەڵاتی کوردستانن.
لە سێ رۆژی رابردوودا یەختێکی کۆچبەران بە ٧٠ سەرنشینەوە لە تورکیا بەڕێکەوتووە بەرەو یۆنان، دواتر لە نزیک دوورگەی کاریستۆس یەختەکەیان وەرگەڕاوە.
وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی جی حەوت، دوای کۆتاییھاتنی کۆبوونەوە دوو رۆژییەکەیان، راگەیەندراوێکی ھاوبەشیان بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوەکرد، ئیدانەی توندوتیژیی ھێزە ئەمنییەکانی ئێران بەرامبەر خۆپیشاندەران و سەرکووتکردنی خۆپیشاندانەکان دەکەن.
داواشیان لە ئێران کرد، پابەند بێت بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی سەبارەت بە رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی و جەختیشیانکردەوە، ھەرگیز رێگە نادەن تاران دەستی بگات بە چەکی ئەتۆمی، لەبارەی دانوستانە ئەتۆمییەکانیش ئاماژەیان بەوەکرد، سەرباری دانوستانی چڕ، بەڵام ئێران ئەو بڕیارانەی نەداوە، کە لێی داواکراوە.
ھەر لە راگەیەندراوەکەیاندا، وەزیرانی دەرەوەی جی حەوت ھۆشداریان بە ئێراندا و رایانگەیاند، ئەگەر ھاوکاریی سەربازیی پێشکەشی روسیا بکات، سزای زیاتری بەسەردا دەسەپێنن، ھەروەھا بەردەوام دەبن لە سزادانی ھەر وڵاتێک کە پاڵپشتیی روسیا بکات.
لێپرسراوانی کۆریای باشور بڵاویانکردەوە، کۆریای باکور مووشەکێکی بالیستی دوور مەودا و دوو مووشەکی کورت مەودای تاقیکردووەتەوە، بەھۆیەوە ھۆشداری بۆ دانیشتووانی دوورگەیەکی کۆریای باشور و چەند ناوچەیەکی باکوری ژاپۆن بڵاوکراوەتەوە.
وەزیری بەرگری ژاپۆنیش رایگەیاندووە، مووشەکەکان بەسەر ژاپۆندا نەڕۆشتوون، بەڵام لەسەر دەریای ژاپۆن دیارنەماون.
ھەر لە کاردانەوەی تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی کۆریای باکور، کۆریای باشور و ئەمریکا بڕیاریاندا مانۆڕە سەربازییە ھاوبەشەکانیان درێژبکەنەوە.
رۆژی چوارشەممەش، کۆریای باکور ٢٣ مووشەکی تاقیکردەوە کە زۆرترین تاقیکردنەوەیە لە رۆژێکدا ئەنجامی بدات، بە ھەموو ئەمساڵیش کۆریای باکور زیاتر لە ٣٠ مووشەکی تاقیکردووەتەوە کە بریتی بوون لە مووشەکی کروز و بالیستی.