وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی جی حەوت، دوای کۆتاییھاتنی کۆبوونەوە دوو رۆژییەکەیان، راگەیەندراوێکی ھاوبەشیان بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوەکرد، ئیدانەی توندوتیژیی ھێزە ئەمنییەکانی ئێران بەرامبەر خۆپیشاندەران و سەرکووتکردنی خۆپیشاندانەکان دەکەن.

داواشیان لە ئێران کرد، پابەند بێت بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی سەبارەت بە رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی و جەختیشیانکردەوە، ھەرگیز رێگە نادەن تاران دەستی بگات بە چەکی ئەتۆمی، لەبارەی دانوستانە ئەتۆمییەکانیش ئاماژەیان بەوەکرد، سەرباری دانوستانی چڕ، بەڵام ئێران ئەو بڕیارانەی نەداوە، کە لێی داواکراوە. 

ھەر لە راگەیەندراوەکەیاندا، وەزیرانی دەرەوەی جی حەوت ھۆشداریان بە ئێراندا و رایانگەیاند، ئەگەر ھاوکاریی سەربازیی پێشکەشی روسیا بکات، سزای زیاتری بەسەردا دەسەپێنن، ھەروەھا بەردەوام دەبن لە سزادانی ھەر وڵاتێک کە پاڵپشتیی روسیا بکات.