جیهان

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بڵاویکردەوە، دامەزراوەی "١٥ی خورداد"ی ئێرانیان خستووەتە لیستی سزاکانیان، کە ئەو دامەزرایەوە ساڵی ١٩٨٢ بە فەرمانی رێبەری پێشووی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران دامەزراوە و لە ساڵانی رابردوودا دەیان ملیۆن دۆلاری دیاریکردووە بۆ ھەر کەسێک کە سەلمان روشدی بکوژێت.

بریان نیلسۆن بریکاری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بۆ کاروباری تیرۆر و دارایی رایگەیاند، ئەمریکا چیتر بەرگەی ھەڕەشەکانی دەسەڵاتدارانی ئێران لە دژی مافەکانی مرۆڤ و ئازادی بیروڕا و ئازادی رۆژنامەگەری ناگرێت.

سەلمان روشدی نوسەرێکی دیاری بە رەگەز ھندیە، رۆژی ١٢ی مانگی ئابی ئەمساڵ لە کۆڕێکدا لە پەیمانگەی نیویۆرک لەکاتی وتارداندا بە چەقۆ ھێرشیکرایەسەری و بەسەختی بریندارکرا، بەپێی زانیارییەکانیش سەلمان روشدی بەھۆی ئەو ھێرشەوە چاوێکی لەدەستداوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند، دەیانەوێت سەرنج بخانە سەر ئەو مەترسییانەی لەسەریانە سەبارەت بە پێشھاتەکانی جەنگی ئۆکراین.

راشیگەیاند، مانگە دەستکردەکانی ئەمریکا دەبنە ئامانجی سەرەکیان، ئەگەر بێتو لەو جەنگەدا بەکاربھێندرێن. 

ھاوکات فەرماندەی ھێزە چەکدارەکانی بەریتانیش لە ماوەی رابردوودا ھۆشداریدابوو لەوەی روسیا جەنگەکەی بگوازێتەوە بۆ بۆشایی ئاسمان و لەوێوە وڵاتانی رۆژئاوا بکاتە ئامانج، چونکە روسیا توانای بەرچاوی لە بۆشایی ئاسماندا ھەیە.

ھاوکات ئەو ھەڕەشەیەی روسیا لە کاتێکدایە کە لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا و سێرگی شوەیگۆ ھاوتا روسییەکەی پەیوەندی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و جەختیانکردەوە لە گرنگی بەردەوامیدان بە کەناڵەکانی پەیوەندی نێوانیان، سەرباری بەردەوامی جەنگی ئۆکراین. 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە سەربازێکیان بەھۆی پێکدادانەکانەوە لە ناوچەی "ئۆپراسیۆنی چڕنووک-قووفڵ لە ھەرێمی کوردستان" برینداربووە و دواتر بەھۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.

ھاوکات ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی ھەپەگە بڵاویکردەوە، لە رۆژانی ٢٤ و ٢٥ی ئەم مانگە لە ناوچەی زاپ، سێ سەربازی تورکیا کوژراون و چوار سەربازی تریش برینداربوون.

تورکیا لە ١٨ی مانگی نیسانی ئەمساڵەوە لەشکرکێشی چڕنووک-قووفڵی لە ناوچەکانی مەتینا و زاپ و ئاڤاشین و باسیان لە سنووری پارێزگای دھۆک دەستپێکردووە و تائێستاش بەردەوامە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەنجومەنی وەزیرانی ئیسرائیل کۆبووەوە و رێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و لوبنانی بۆ دیاریکردنی سنوورە ئاوییەکانی نێوانیان پەسەندکرد لە کۆبوونەوەکەدا یائیر لاپید سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، رێککەوتنەکە دەستکەوتێکی سیاسی و دیبلۆماسی و ئابوورییە بۆ ئیسرائیل.

ھاوکات جێگری سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان رایگەیاند، رێککەوتنی ئیسرائیل و لوبنان بۆ دیاریکردنی سنوورە ئاوییەکانیان دەستکەوتێکی مێژووییە و نوێنەری ئەمریکا دەقی رێککەوتنەکەی رادەستی میشال عەون سەرۆکی لوبنان کردووە، ھاوکات نوێنەری ئەمریکا رایگەیاند، رێککەوتنەکە دەبێتە خاڵی وەرچەرخانی ئابووری بۆ لوبنان.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، شەبنەم کۆرور فینجانجی سەرۆکی یەکێتی پزیشکانی تورکیا دوای ئەوەی لە چاوپێکەوتنێکدا وتی سوپای تورکیا چەکی کیمیایی دژی گەریلاکانی پەکەکە بەکارھێناوە، لە ئیستەنبوڵ دەستگیرکراوە و بڕیارە رەوانەی ئەنقەرە بکرێت. لەکاردانەوەیەکیشدا کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی تورکیا ئەو ھەنگاوەی حکومەتی تورکیای بە قبوڵنەکراو ناوبردو داوای ئازادکردنی کرد.

قسەکانی سەرۆکی یەکێتی پزیشکانی تورکیا کاردانەوەی لێکەوتەوە و سەڵاحەدین دەمیرتاش ھاوسەرۆکی پێشووتری ھەدەپە لە زیندانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و داوایکرد لێکۆڵینەوە لەو بابەتە بکرێت، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیاش ھەڕەشەی گۆڕینی سەرۆکی یەکێتی پزیشکانی تورکیا و ناوی یەکێتییەکەی کرد.

ھاوکات داواکاری گشتی تورکیا بە تۆمەتی پروپاگەندە بۆ پەکەکە و سوکایەتی بە دامەزراوەکانی دەوڵەتی تورکیا و گەلی تورکیا دۆسیەی لێکۆڵینەوەی شەبنەم کۆرور فینجانجی کردەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی راپۆرتی کۆچی نێودەوڵەتی، ھێشتا رێگەی دەریای ناوەڕاست خوێناویترین رێگەیە بۆ کۆچبەران، کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ەوە ٢٨٣٦ کۆچبەر لەو رێگەیە بۆ گەیشتن بە ئیتاڵیا و ماڵتا گیانیان لەدەستداوە. 

دوای دەریای ناوەڕاست، رێگەی ئەتڵەسی لە رۆژئاوای ئەفریقاوە بە مەترسیدارترین رێگە دادەنرێت و لە ساڵی ٢٠٢١ەوە لەو رێگەیە زیاتر لە ١٥٠٠ حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە. 

کۆچی نێودەوڵەتی راشیگەیاندووە، لە ساڵی ٢٠١٤ەوە کە گەشتی کۆچبەران بەرەو ئەوروپا گەیشتە لوتکە، زیاتر لە ٢٩ ھەزار کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە و ٥ ھەزاریان لە دوو ساڵی رابردوودا بووە.  

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بە پێی ھەواڵی میدیاکانی باکوری کوردستان، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی داواکاری گشتیی تورکیا لە ئەنقەرە، ھێزەکانی ئەمنییەکان ١١ رۆژنامەنوس و پەیامنێری ئاژانسی میزۆپۆتامیا و ژن نیوزیان لە شارەکانی ئیستەنبوڵ و ئەنقەرە و وان و ئامەد و رەحا و مێرسین و ماردین دەستگیرکرد.

بەپێی زانیارییەکان دەزگای دادی تورکیا فەرمانی نھێنی لەسەر ئەو دۆسییانە دەرکردووە، بەوھۆیەوە نازانرێت ئەو ڕۆژنامەنووسانە بە چی تۆمەتبار کراون.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حاکمی ناوچەی ئیرکوتسک لە باشوری سیبریا رایگەیاند، فرۆکەیەکی جەنگی جۆری سوخۆی٣٠ لەکاتی راھێناندا خۆی کێشاوە بە باڵەخانەیەکی دوو نھۆمیدا و لە ئەنجامدا ئاگر کەوتۆتەوەو دوو فرۆکەوانیش گیانیان لەدەستداوە.
وەزارەتی فریاگوزاری روسیاش رایگەیاند، فرۆکەکە لەکاتی تاقیکردنەوەدا تێکشکاوە.

رۆژی دووشەممەی رابردووش فرۆکەیەکی جەنگی سوخۆی ٣٤  لە نزیک سنوری ئۆکراین خۆی کێشا بە باڵەخانەیەکدا و ١٥ کەس گیانیان لەدەستدا.



بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نەبی بەری سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان رایگەیاندووە، ھەوڵدەدات دوای کۆتاییھاتنی وادەی دەستوری میشێل عەون سەرۆکی ئێستای لوبنان، لە ٣١ی ئەم مانگە فراکسیۆنەکانی پەرلەمان و سەرکردەی حزبەکان بانگھێشت بکات بۆ دانوستانێکی کراوە، کە رێگەخۆش بکەن بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک و رێگەنەدان بە دروستبوونی بۆشایی سیاسی. 

ئەو لێدوانەی "نەبی بەری" بە ئاماژەیەک دادەنرێت بۆ ئەوەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی لوبنان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ شکستدەھێنێت، ھاوشێوەی سێ کۆبوونەوەی تری پەرلەمانی وڵاتەکە کە بۆ ھەمان مەبەست ئەنجامدران و شکستیان ھێناوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە پەرلەمانی لوبنانیش رایگەیاندووە، پپێناچێت لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆشدا سەرۆک دیاریبکرێت، چونکە تائێستا رێککەوتنی سیاسی نەکراوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پارتی پارێزگاران و سەرۆک وەزیرانی نوێی بەریتانیا دوای کشانەوەی "لیز ترەس"، "ریشی سوناک" وەزیری دارایی پێشوو و "پێنی مۆردانت" وەزیری بەرگری پێشوو رکابەری دەکەن. 
تائێستا "سوناک" پاڵپشتی زیاتر لە ١٥٠ پەرلەمانتاری پارتەکەی بەدەستھێناوە و "مۆردانت" پاڵپشتی تەنھا ٢٥ پەرلەمانتاری ھەیە. 

ئەگەر تا سەعات ٤ی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە کاتی ھەرێمی کوردستان "مۆردانت" نەیتوانی پاڵپشتی ١٠٠ پەرلەمانتار کۆبکاتەوە، ئەوا سوناک وەک تاکە کاندید دەمێنێتەوە و دەبێتە سەرۆکی پارتی پارێزگاران و سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە.

بەڵام ئەگەر "مۆردانت" پاڵپشتی پەرلەمانتارانی تا ئەوکاتە بەدەستھێنا، کێبڕکێکە بەردەوام دەبێت و تەواوی ئەندامانی پارتی پارێزگاران لەڕێی ئینتەرنێتەوە دەنگ لەسەر ھەردوو بەربژێرەکە دەدەن و رۆژی ھەینی ئەنجامەکە یەکلادەبێتەوە. 

بەھۆی کشانەوەی "بۆریس جۆنسن" سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا لە رکاربەرییەکە، ئاماژەکان بەو ئاڕاستەیەن کە ئەنجامی رکابەرییەکە ئەمڕۆ یەکلابێتەوە و تا رۆژی ھەینی نەخایەنێت، "سوناک"یش زۆرترین چانسی ھەیە بۆ وەرگرتنی پۆستەکە. 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، کۆبوونەوەی پەرلەمانی لوبنان بۆ دیاری کردنی سەرۆکی وڵاتەکە دەستیپێکرد، بەڵام بەھۆی ئەوەی ھیچ کام لە کاندیدەکان نەیانتوانی یەک لەسەر سێی دەنگی پەرلەمانتاران بەدەستبھێنن، جارێکی تر لە ھەڵبژاردنی سەرۆکی وڵاتەکە شکستیھێنا. 

بەر لە کۆبوونەوەکە، نەبی بەری سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان رایگەیاندبوو، ھەوڵدەدات دوای کۆتاییھاتنی وادەی دەستوری میشێل عەون سەرۆکی ئێستای لوبنان، لە ٣١ی ئەم مانگە، فراکسیۆنەکانی پەرلەمان و سەرکردەی حزبەکان بانگھێشت بکات بۆ دانوستانێکی کراوە، کە رێگەخۆش بکەن بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک و رێگەنەدان بە دروستبوونی بۆشایی سیاسی.

ئەو لێدوانەی "نەبی بەری" بە ئاماژەیەک دانرا بۆ ئەوەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی لوبنان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ شکستدەھێنێت.

تا ئێستا پەرلەمان چوار کۆبوونەوەی بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی لوبنان ئەنجامداوە، بەڵام بەھۆی بە دەستنەھێنانی دەنگی پێویست و نەبوونی رێککەوتنی سیاسی، سەرجەم کۆبوونەوەکان شکستیانھێناوە. 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

"ناسر کەنعانی" لە کۆنفڕانسی رۆژنامەوانی ھەفتانەیدا رایگەیاند، ئەمریکا لەڕێی نێوەندگیرانەوە پەیام بۆ ئێران دەنێرێت و لە ھەمانکاتدا دەڵێت نایانەوێت بەردەوامی بە دانووستانەکان بدەن. 

وتیشی، ئەمریکا دەیەوێت بگەڕێتەوە رێککەوتنی ئەتۆمی، بەڵام نایەوێت باجی ئەو ھەنگاوەی بدات، جەختیشیکردەوە لەوەی داواکارییەکانی ئێران سەبارەت بە دانووستانەکان یاسایی و روونن. 

پێشتریش "حسێن ئەمیر عەبدولاھیان" وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تاران لەسەرەتاوە لە دانووستانە ئەتۆمییەکان جدی بووە و  ویستی رێککەوتنێکی باش و بەھێز و جێگری ھەبووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

میدیاکانی بەریتانیا بڵاویانکردووەتەوە، "سوناک" کە کاندیدە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا پشتیوانی ١٩٢ پەرلەمانتارانی پارتی پارێزگارانی بەدەستھێناوە و "پێنی مۆردانت"ی رکابەریشی تەنھا پشتیوانی ٩٠ پەرلەمانتاری بەدەستھێناوە، ئەگەر دەنگەکانی "مۆردانت" نەگاتە ١٠٠ ئەوا ئەمڕۆ "سوناک" بە سەرۆکی پارتی پارێزگاران رادەگەیەندرێت. 

بەڵام ئەگەر ژمارەی دەنگی پشتیوانی لە "پێنی مۆردانت" بگاتە ١٠٠ دەنگ ئەوا رکابەرییەکە لەنێوان ئەو دوو کاندیدە بەردەوامدەبێت و ٣٥٧ پەرلەمانتاری پارتی پارێزگاران دەبێت کاندیدەکەیان یەکلابکەنەوە، ئەگەر ھیچ کام لە کاندیدەکانیش نەکشێنەوە، ئەوا ١٧٢ ھەزار ئەندامی پارتەکە لە تەواوی بەریتانیاوە دەنگدەدەن و  رۆژی ھەینی پۆستی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا یەکلادەبێتەوە. 

دوای کشانەوەی "بۆریس جۆنسن" سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا لە رکابەرییەکە، دەرفەتی "ریشی سوناک" بۆ بردنەوەی ئەو پۆستە زیاتر بووە و پشتیوانی فراوانی لێدەکرێت. 
ریشی سوناک ١٩٢ دەنگی پەرلەمانتارانی پارتی پارێزگارانی بەریتانیای بەدەستھێنا


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای کشانەوەی ھەریەکە لە بۆریس جۆنسن و پێنی مۆردانت لە رکابەرییەکانی سەرۆکایەتی پارتی پارێزگاران، ریشی سوناک  وەزیری پێشووی گەنجینە بووە بە سەرۆکی پارتی پارێزگاران و شوێنی لیز ترەس سەرۆک وەزیرانی دەستلەکارکێشانەوەی گرتەوە کە رۆژی پێنج شەممەی رابردوو دوای ٤٤ رۆژ لە دەستبەکاربوونی دەستی لەکارکێشایەوە.

 سوناک یەکەمین بەریتانی بە رەچەڵەک ھندیە دەبێتە سەرۆکی پارتی پارێزگاران و سەرۆک وەزیران، سوناک لەوتەیەکدا دوای ھەڵبژاردنی ئەولەویەتی حکومەتەکەی بۆ رووبەرووبوونەوەی قەیرانی دارایی ئاشکراکردو بەڵێنی دا بە دەستپاکی و لەخۆبردوویەوە کاربکات لە پێناو گەلی بەریتانیا، وتیشی، لە پێناو بەریتانیادا پێویستیان بە سەقامگیری و یەکگرتووییە بە سەقامگیری و یەکگرتووی رووبەرووی ئاڵنگارییە قوڵەکان دەبنەوە.

سوناک ستایشی لیز ترەس سەرۆک وەزیرانی دەستلەکارکێشاوەی کرد بۆ خزمەتگوزارییە گشتییەکانی لە رەوشێکی زۆر سەخت و ئاڵۆزدا. لەبەرامبەریشدا لیزترەس ھەموو پشتیوانییەکی بۆ سوناک راگەیاند،
ھاوکات پەرلەمانتارانی پارتی پارێزگاران رایانگەیاند، ریشی سوناک  بەڵێنی داوە ھەموو باڵەکانی پارتی پارێزگاران لە حکومەتدا نوێنەرایەتیان ھەبێت، جەختیشیانکردەوە، سوناک لەم کاتەدا ھەڵبژاردنی پێشوەخت بە دوور دەزانێت و ھەموو ئەولەویەتی حکومەتەکەی بۆ سەقامگیری ئابوری دەبێت.

لەکاردانەوەیەکیشدا پارتی کرێکارانی ئۆپۆزسیۆن کە پشتیوانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت دەکات رایگەیاند، خێزانەکانی بەریتانیا لە دڵەڕاوکێدان و ھیچ شتێکی دڵنیاکەرەوەیان لە ریشی سوناک نەبیستووە.
ھەروەھا نیکۆلا ستێرجین سەرۆک وەزیرانی سکۆتلەندا پێشنیازیکرد ھەڵبژاردنی پێشوەخت بکرێت و راشیگەیاند، ھەرگیز دەنگ بە سوناک نادەن.

ریشی سوناک لە ساڵی ١٩٨٠  لە دایکو باوکێکی بە رەچەڵەک ھندی لە شاری ساوسامپتۆن لەدایکبووەو لە ساڵی ٢٠١٠کاری سیاسی لەناو پارتی پارێزگاران دەستپێکردوەو بچوکترین سەرۆک وەزیرانی بەریتانیایە لە ٢٠٠ ساڵی رابردوودا، ھەروەھا یەکێکە لە دەوڵەمەندترین سیاسیەکانی بەریتانیا سامانەکەی لە پاشای بەریتانیا زیاترە.

ریشی سوناک رکابەرییەکانی سەرۆکایەتی پارتی پارێزگارانی بەریتانیای بردەوە و بە رەسمی بوو بە سەرۆک وەزیرانی نوێی بەریتانیا، سوناک لە یەکەم وتاردا پێشینەی حکومەتەکەی ئاشکرا کرد و بەڵێنیدا بە دەستپاکی و لەخۆبردوویەوە کاربکات لە پێناو گەلەکەیدا، پارتی کرێکارانی ئۆپۆزسیۆنیش رایگەیاند، ھیچ شتێکی دڵنیاکەرەوەیان لە سوناک نەبیستوەو گەلی بەریتانیا لە دڵەراوکێدایە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، جیا لە ئەو شەڕەی لە میحوەری مارع لە باکوری پارێزگای حەلەب روویدا، ھێزەکانی تورکیا و گروپە میلیشیاکانی بە تۆپ و چەکی قورس دەورووبەری شارۆچکەی تەل رەفعەتیان لە باکوری پارێزگای حەلەب کردە ئامانج.

ھاوکات، ھێزەکانی تورکیا بۆردوومانی دەوروبەری گوندی (بیلونییە)یان کرد لە باکوری ھەمان پارێزگا. بەڵام تا ئێستا ئاماری زیانەکانی شەڕ و بۆردومانەکان ئاشکرا نەبووە.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، دەنگی پێنج تەقینەوە لە کێڵگەی نەوتی عومەر لە رۆژھەڵاتی شاری دێرەزوور لە باکووری رۆژھەڵاتی سوریا بیستراوە، کە گەورەترین کێڵگەی نەوتییە لە سوریا و لەژێر کۆنترۆڵی ھێزەکانی ئەمریکادایە.

ھاوکات ئاژانسی سانای سەر بە حکومەتی سوریا بڵاویکردەوە، چەند تەقینەوەیەک لە نزیک ئەو کیڵگە نەوتییە روویانداوە و بەھۆیانەوە ئاگر کەوتووەتەوە، بەڵام ئاماژەی بە زەرەر و زیانەکان نەکردووە.

بەپێی زانیاری میدیاکان چوار مووشەک ئاڕاستەی بنکەی ھێزەکانی ئەمریکا لەناو کێڵگەی نەوتی عومەر کراون و دوای ھێرشەکان فڕۆکەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە چڕی بە ئاسمانی ناوچەکەدا سووڕاونەتەوە و نزیک شاری مەیادنیان لە سنووری پارێزگای دێرەزوور بۆردومانکردووە.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...209210211212213...417