لیژنەی ناوەندیی ٢٠ەمین کۆنگرەی حزبی شیوعی چین، (شی جین پینگ)ی وەک سکرتێری گشتیی حزبەکە ھەڵبژاردەوە، بەوەش سەرۆکی ئێستای چین تاوەکو پێنج ساڵی تر لەو پۆستەدا دەمێنێتەوە، کە لە دوو کۆنگرەی رابردووی حزبی شیوعی چیندا ئەو پۆستەی ھەبووە و ئەمە جاری سێیەمە وەک سکرتێری گشتیی حزبەکە دیاری بکرێت.
(شی جینپینگ)ی تەمەن ٦٩ ساڵ دوای ھەڵبژاردنەوەی، وتەیەکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، چین بە بێ جیھان پێشناکەوێت و جیھانیش پێویستی بە چین ھەیە، بەڵێنیشیدا بە جدی کار بکات بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی.
(شی جینپینگ) چاوی لە مانەوەیەتی لە پۆستی سەرۆکاتیی چین و ھەڵبژاردنەوەی وەک سکرتێری گشتیی حزبی شیوعی، رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی لە مانگی ئاداری ساڵی داھاتوو جارێکی تر وەک سەرۆکی چین دیاری بکرێتەوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە میانی سەردانێکی بۆ پارێزگای مەلەتێی باکووری کوردستان، وتارێکی پێشکەش کرد و لەبارەی باڵاپۆشییەوە وەڵامی کەمال کلچدار ئۆغڵو، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری"جەھەپە"ی دایەوە و رایگەیاند، با راپرسی بکەن و بەپێی دەستوور رێگە بە باڵاپۆشی لە خوێندنگە و زانکۆ و دامەزراوەکانی حکومەتدا بدەن.
وتیشی، بەمنزیکامە پڕۆژەیەک بۆ ھەموارکردنەوەی دەستوور رەوانەی پەرلەمان دەکەن و ئەگەر لە پەرلەمان سەرکەوتوو نەبوون، ئەوا پرسەکە دەخەنە بەردەم گەل و راپرسی دەکەن.
ئەردۆغان ساڵی ٢٠١٧ بە راپرسی، دەستووری تورکیای ھەموارکردەوە و سیستمی سیاسیی تورکیای لە پەرلەمانییەوە گۆڕی بۆ سەرۆکایەتی، بەڵام ھەموارکردنەوەی سەرلەنوێی دەستوور پێویستی بە دەنگی ٤٠٠ پەرلەمانتار لە کۆی ٦٠٠ پەرلەمانتار ھەیە.
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، رایگەیاند، وڵاتەکەی ھیچ پەیامێکی لەبارەی رێککەوتننامەی ئەتۆمییەوە بۆ ئێران نەناردووە، بەڵکو پەیامەکەیان بۆ راگرتنی توندوتیژییەکانی ئێران بووە بەرامبەر گەلەکەی، ھەروەھا راگرتنی ھەناردەکردنی چەک بۆ روسیا.
رۆژی شەممە حسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان وەزیری دەرەوەی ئێران، رایگەیاند، ئەمریکا پەیامێکی بۆ ئێران ناردووە و داوای کردووە تۆمەتەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە دژی ئێران یەکلایی بکرێنەوە.
لە لایەکی ترەوە غەریب ئابادی یاریدەدەری سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران رایگەیاند، بەھۆی دەستووردان و تێوەگلانی راستەوخۆ لە "ئاڵۆزییەکانی ئەمدواییە" لە دادگای تاران سکاڵا لە دژی ئەمریکا تۆمار دەکەن.
دەنیس شمیگاڵ سەرۆک وەزیرانی ئۆکراین رایگەیاند، بەھۆی پچڕانی کارەبا و کەمبوونەوەی ئاو لە ئۆکراین، شەپۆلێکی نوێی کۆچکردن، کە ئەو بە "تسۆنامی"ی ناویبردووە، بەرەو ئەوروپا روودەدات، سەرۆک وەزیرانی ئۆکراین جارێکی تر داوای لە وڵاتانی رۆژئاوا کرد، سیستمی بەرگریی ئاسمانی بۆ تێکشکاندنی ھێرشەکانی روسیا، بۆ ئۆکراین دابین بکەن.
دەنیس شمیگاڵ راشیگەیاند، لە ٢٤ی شووباتی ئەمساڵەوە کە روسیا ھێرشی دەستپێکردووە، ٨ ملیۆن کەس ئۆکراینیان جێھێشتووە، بەڵام ھەندێکیان لە ماوەی رابردوودا گەڕاونەتەوە.
ئەو ھۆشدارییەی سەرۆک وەزیرانی ئۆکراین لە کاتێکدایە، بەھۆی ھێرشەکانی روسیا نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە ئۆکراین بێ کارەبا بوون.
لەنامەکەدا کە ئاراستەی ئەنجومەنی ئاسایش و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان کراوە، ھەر سێ وڵات داوایانکردوە تیمی ئەمیندارێتی گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان کە بەرپرسیارە لە جێبەجێکردنی بڕیاری ٢٢٣١ی تایبەت بە رێککەوتنامەی ئەتۆمی ئێران، لێکۆڵینەوە بکات لە پرسی بەکارھێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لەلایەن روسیاوە بۆ ھێرشکردنە سەر ئۆکراین، ئامادەیشیان پیشانداوە پشتیوانی کارەکان تیمی ئەمیندارێتی گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان بکەن تاوەکو لێکۆڵینەوەیەکی تەکنیکی بێلایەنانە بکات.
ھەرچەندە ئێران و روسیا نکۆڵی لە ھەماھەنگییەکی لەو جۆرە لە نێوانیاندا دەکەن، بەڵام ئەوروپییەکان و ئەمریکییەکان پێیان وایە ناردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن ئێرانەوە بۆ روسیا پێشێلکردنی بڕیاری ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەکە کە تایبەتە بە رێککەوتنامەی ئەتۆمی ئێرانی ساڵی ٢٠١٥.
بایدن کە مانگی داھاتوو تەمەنی دەبێتە ٨٠ ساڵ، لە وەڵامی پرسیاری کەناڵی (ئێم ئێس ئێن بی سی) سەبارەت بە خۆکاندیدکردنەوەی بۆ ویلایەتی دووەمی سەرۆکایەتی، رایگەیاند، ھێشتا ھیچ بڕیارێکی رەسمی نەداوە بەڵام دەیەوێـت خۆی کاندید بکات و ھێشتا کاتی ماوە بۆ بڕیاردان.
ھەروەھا لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەوەی ئەگەر ھاوسەرەکەی پشتیوانی بکات بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، بایدن وتی، پشتیوانی بیرۆکەکە دەکات و ھاوسەرەکەی پێیوایە دەتوانن پێکەوە کاری گرنگ بکەن.
بایدن لە ٢٠ی مانگی داھاتوو وەک بەتەمەنترین سەرۆکی ئەمریکا ئاھەنگی ٨٠ ساڵەی یادی لەدایکبوونی دەگێڕێت، ئەوەش لەکاتێکدایە، بایدن و دیموکراتەکان لە ٨ی مانگی داھاتوو رووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی قورس دەبنەوە کە ھەڵبژاردنی نوێکردنەوەی نیوەی کۆنگرێسە، ئەنجامی ھەڵبژاردنەکەش رۆڵی دەبێت لە بڕیاری خۆکاندیدکردنەوەی بایدن بۆ ویلایەتی دووەمی سەرۆکایەتی.
بلینکن بە ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرزی راگەیاندووە، ئەمریکا رێگەچارەی دیپلۆماسی بە باشترین رێگە دەزانێت بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی ئەتۆمی ئێران، بەڵام لە ئێستادا ھیچ ئاماژەیەک نابینن بۆ ئەوەی بەمنزیکانە رێککەوتنی ئەتۆمی کارابکرێتەوە، لەبەرئەوەی ئێران دۆسیە ناوخۆییەکانی خستووەتە پێش دانوستانە ئەتۆمییەکان.
ھاوکات جۆزێپ بورێل لێپرسراوی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا بەدوریزانی لەم کاتەدا ھیچ جموجۆڵێک لە دۆسیەی ئەتۆمی ئێراندا رووبدات.
دوای حەوت رۆژ بیستەمین کۆنگرەی حزبی شیوعی چین کۆتاییھات و سەرۆکی چین لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتەکەی، پەیامێکی ئاراستەی پەرلەمانتاران کرد و داوای لێکردن بوێری تیکۆشان و سەرکەوتنیان ھەبێت، داواشی لێکردن بەجدی کاربکەن و پێداگربن لەسەر ھەنگاونان بۆ پێشەوە.
کۆنگرەی حزبی شیوعی چین ھەر ٥ ساڵ جارێک دەبەسترێت و بە گرنگترین رووداوی سیاسی چین دادەنرێت و تیایدا بڕیار لەسەر پلان و بەرنامە سیاسی و ئابوریی و کۆمەڵایەتییەکانی چین دەدرێت.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، چەندین جار لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا، بەڵگەی رەسمی پێشکەشکردووە کە کۆمپانیای لاڤارجی فەڕەنسی بۆ بەرھەمھێنانی چیمەنتۆ کە یەکێکە لە کۆمپانیا بەناوبانگ و گەورەکانی ئەو وڵاتە و جیھانیش، ھاوکار و پشتیوانێکی گەورەی گروپی تیرۆریستی داعشە بەتایبەتی لەڕووی دارییەوە، چونکە لقی لە سوریا ھەیە، ھاوکارییەکەش بۆ ئەوە بووە کە داعش لقی کۆمپانیاکە لە سوریا نەکاتە ئامانج، بەڵام تائێستا ماکرۆن ھیچ رێکارێکی لە دژی ئەو کۆمپانیایە نەگرتووەتەبەر.
لە ١٨ی ئەم مانگەشدا ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، ئەمریکا بە بڕی ٧٧٨ ملیۆن دۆلار کۆمپانیای لاڤارجی فەڕەنسی سزا داوە بەھۆی ئەوەی ھاوکاری گروپە تیرۆریستی و توندەڕەوەکانی کردووە لە سوریا.
ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا لەگەڵ ھاوتا فەڕەنسییەکەی کاترین کۆلۆنا، رایگەیاند، لەئێستادا سەرنجی تەواوی وڵاتانی جیھان لەسەر خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی ئێرانە، واشنتۆنیش پشتیوانی ھەموو تاکێکی ئێران دەکات کە بیەوێت بە ئازادانە رای خۆی بڵێت و داوای مافەکانی بکات، وتیشی، ئەمریکا ھەموو ھەوڵێکی داوە بۆئەوەی ئێرانییەکان لە جیھانی دەرەوە دانەبڕێن.
کاترین کۆلۆنا وەزیری دەرەوەی فەڕەنساش رایگەیاند، ھەمووان نیگەرانن لەو پێشێلکاری و توندوتیژییانەی بەرامبەر خۆپیشاندەرانی ئێران دەکرێت، لەکاتێکدا خۆپیشاندەران بە شێوەیەکی ئاشتییانە دەیانەوێت رای خۆیان بڵێن و داوای مافەکانیان بکەنن، داواشی لە دەسەڵاتدارانی ئێران کرد بە زوترین کات ئەو ھاوڵاتیانەی فەڕەنسا ئازاد بکەن کە دەستگیریانکردوون.
(فۆمیۆ کیشیدا) سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن و (ئەنتۆنی ئەلبانیزی) سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا لە رێوڕەسمێکدا لە شاری ( پێرس) لە خۆرئاوای ئوسترالیا رێککەوتنێکی ئەمنی مێژوویان ئیمزاکرد بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری ھەواڵگری و بەھێزکردنی ھەماھەنگی سەربازی.
سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا لە وتەیەکدا رێککەوتنەکەی بە راگەیاندنی ھاوبەش لەبارەی ھەماھەنگی ئەمنی ناوبرد و جەختیکردەوە رێککەوتنەکە پەیامێکی بەھێزە بۆ ناوچەکە سەبارەت بە ھاوپەیمانێتی ستراتیژی نێوانیان.
سەرۆک وەزیرانی ژاپۆنیش بەبێ ئەوەی ناوی چین بھێنێت، رایگەیاند، رێککەوتنەکە وەڵامێکە بۆ ئەو ژینگە ستراتیژییەی کە تادێت سەختر دەبێت.
بەپێی ناوەرۆکی رێککەوتنەکە ھەردوو وڵات مانۆڕی سەربازی ھاوبەش لە باکوری ئوسترالیا ئەنجام دەدەن و ھەماھەنگییەکانیان لەبواری بەرگری و ئاڵوگۆڕی زانیاری ھەواڵگری فراوان دەکەن.
ماڵپەری (واشنتۆن فری بیکۆن) بڵاویکردەوە، (جیم بانکس) پەرلەمانتاری کۆمارییەکان پڕۆژە یاسایەکی بەناوی (ژینا ئەمینی) پێشکەشکردووە و بە پێی ناوەرۆکی پڕۆژەکە داوایکردووە، ئەو کەس و دامەزراوانەی لە ئێران رۆڵیان ھەیە لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ سامانەکانیان بلۆک بکرێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، پڕۆژەکە ئاراستەی نوسینگەی سەرجەم ئەندامانی دیموکرات لە ئەنجومەنی نوێنەران کراوە، بەڵام ھیچکامیان پشتیوانیان نەکردووە.
(شیو وانگ) زیندانی پێشووی ئەمریکی لە ئێران رایگەیاندووە، لە پڕۆژە یاساکەدا توندترین سزا بۆ بەرپرسانی ئێران دیاریکراوە و کەمترین کاریگەری لاوەکی لەسەر گەلی ئێران دەبێت.
ژینا ئەمینی کچە کوردەکەی سەقز ١٣ی مانگی رابردوو لە وێستگەی میترۆی حەقانی تاران لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقیی شارەکە دەستگیر کرا و سێ رۆژ دواتر بە شێوەیەکی گوماناوای گیانی لەدەستدا، ئەوەش ناڕەزایی خەڵکی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێرانی لێکەوتەوە و بووە سەرەتای سەرھەڵدانی شۆڕشێکی نوێ کە تا ئێستاش بەردەوامە.
"جۆن کیربی" لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، لە ئێستادا گرنگی بە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران نادەن و لە گەڕانەوەش بۆ ئەو رێککەوتنە دوورن، چونکە داواکارییەکانی ئێران ھەموو سنورێکی تێپەڕاندووە و لە کۆبوونەوەکاندا داواکاری نوێ لە بەرژەوەندی خۆیان دەخەنەڕوو، ئەوەش نیەتی ئەوان دەردەخات لە ئاستەنگ دروست کردن بۆ دانوستانەکان و رێکنەکەوتن لەوبارەیەوە.
وتیشی، ئەمریکا تاوتوێی سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر روسیا و ئێران دەکات، بەھۆی ناردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی بۆ روسیا.
بە پێی راگەیەندراوێکی کۆشکی سپی ئەمریکا، بەڵگەی رەسمی و زانیاری وردیان لەبەردەستدایە کە ئێران ژمارەیەک پسپۆڕی سەربازیی رەوانەی نیمچە دورگەی کریما کردووە کە لە ژێر دەسەڵاتی ھێزەکانی روسیادایە و بنکەیەکی گەورەی سەربازیی لێیە و لەوێوە ئاراستەی ھێرش و بۆردوومانەکانی سەر ئۆکراین دیاری دەکرێت.
کۆشکی سپی ئاشکراشیکردووە، ئەرکی ئەو پسپۆڕە سەربازییانەی ئێران لە نیمچە دورگەی کریما، ھاوکاریکردنی ھێزەکانی روسیایە لە چۆنێتی بەکارھێنانەی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی ئێران بە روسیای فرۆشتووە و لە شەڕی ئۆکرایندا بەکاردەھێنرێن.
ئەلێکسی ئەریستۆفیچ راوێژکاری ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، بەھۆی بەردەوامی بۆردوومان و ھێرشەکانی ڕوسیا بەتایبەتی لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، زۆربەی سەرچاوەکانی تایبەت بە کەرتی وزە و سوتەمەنی بە تەواوی وێرانبوون و توانای دابینکردنی ھیچ جۆرە سوتەمەنی و وزەیەکیان نەماوە.
وتیشی، چەند مانگێکە بەشێکی زۆر لە شار و شارۆچکەکانی ئۆکراین روبەڕووی ڕەوشێکی سەخت بوونەتەوە و بەدەست نەبوونی کارەبا و ئاو و سەرچاوەکانی فێنککەرەوە و گەرمکەرەوە دەناڵێنن کە ئەو ڕەوشەش بەھۆی بۆردوومانەکانی ڕوسیاوە سەریھەڵداوە.
بەھۆی درێژکردنەوەی قۆناغی راگوزەری لە چاد بۆ ماوەی دوو ساڵی تر کە بڕیاربوو ٢٠ی ئەم مانگە کۆتایی بێت، خۆپیشاندان لە چەندین شاری ئەو وڵاتە سەریھەڵداوە و داوای دەستلەکارکێشانەوەی "محەمەد ئیدریس دیبی" سەرۆکی وڵاتەکە دەکەن.
"ساڵح کبزابو" سەرۆک وەزیرانی چاد رایگەیاند، پێکدادان لە نێوان ھێزە ئەمنییەکان و سەدان خۆپیشاندەر دروست بووە و بەوھۆیەوە ٥٠ کەس کوژراون و زیاتر لە ٣٠٠ کەسیش برینداربوون.
راشیگەیاند، قەدەغەی ھاتووچۆیان بۆ ماوەی ١٢ سەعات راگەیاندووە، کە رۆژانە لە سەعات ٦ی ئێوارە تا ٦ی بەیانی دەستپێدەکات. وتیشی قەدەغەی ھاتووچۆ بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی کۆنتڕۆڵی ئەمنیی ئەو ناوچانە دەگرنەوە دەست کە خۆپیشاندان و پێکدادان تیایاندا روودەدات.