ماڵپەری (واشنتۆن فری بیکۆن) بڵاویکردەوە،  (جیم بانکس) پەرلەمانتاری کۆمارییەکان پڕۆژە یاسایەکی بەناوی (ژینا ئەمینی) پێشکەشکردووە و بە پێی ناوەرۆکی پڕۆژەکە داوایکردووە، ئەو کەس و دامەزراوانەی لە ئێران رۆڵیان ھەیە لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ سامانەکانیان بلۆک بکرێت.

ئاماژە بەوەشکراوە، پڕۆژەکە ئاراستەی نوسینگەی سەرجەم ئەندامانی دیموکرات لە ئەنجومەنی نوێنەران کراوە، بەڵام ھیچکامیان پشتیوانیان نەکردووە.

(شیو وانگ)  زیندانی پێشووی ئەمریکی لە ئێران رایگەیاندووە، لە پڕۆژە یاساکەدا توندترین سزا بۆ بەرپرسانی ئێران دیاریکراوە و کەمترین کاریگەری لاوەکی لەسەر گەلی ئێران دەبێت.

ژینا ئەمینی کچە کوردەکەی سەقز ١٣ی مانگی رابردوو لە وێستگەی میترۆی حەقانی تاران لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقیی شارەکە دەستگیر کرا و سێ رۆژ دواتر بە شێوەیەکی گوماناوای گیانی لەدەستدا، ئەوەش ناڕەزایی خەڵکی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێرانی لێکەوتەوە و بووە سەرەتای سەرھەڵدانی شۆڕشێکی نوێ کە تا ئێستاش بەردەوامە.