لە خۆپیشاندانەکانی چاد ٥٠ خۆپیشاندەر کوژران و زیاتر لە ٣٠٠ کەسیش برینداربوون
٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢
٣٩١
بەھۆی درێژکردنەوەی قۆناغی راگوزەری لە چاد بۆ ماوەی دوو ساڵی تر کە بڕیاربوو ٢٠ی ئەم مانگە کۆتایی بێت، خۆپیشاندان لە چەندین شاری ئەو وڵاتە سەریھەڵداوە و داوای دەستلەکارکێشانەوەی "محەمەد ئیدریس دیبی" سەرۆکی وڵاتەکە دەکەن.
"ساڵح کبزابو" سەرۆک وەزیرانی چاد رایگەیاند، پێکدادان لە نێوان ھێزە ئەمنییەکان و سەدان خۆپیشاندەر دروست بووە و بەوھۆیەوە ٥٠ کەس کوژراون و زیاتر لە ٣٠٠ کەسیش برینداربوون.
راشیگەیاند، قەدەغەی ھاتووچۆیان بۆ ماوەی ١٢ سەعات راگەیاندووە، کە رۆژانە لە سەعات ٦ی ئێوارە تا ٦ی بەیانی دەستپێدەکات. وتیشی قەدەغەی ھاتووچۆ بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی کۆنتڕۆڵی ئەمنیی ئەو ناوچانە دەگرنەوە دەست کە خۆپیشاندان و پێکدادان تیایاندا روودەدات.