لەدوای سەرھەڵدانی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی ئێران کە زۆربەی شارەکانی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە، عەلی خامنەئی رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران بەردەوام داوای دانبەخۆداگرتن و ھێورکردنەوەی رەوشەکەی کردووە، بەڵام لە دواین لێدوانیدا ھۆشداری داوەتە خۆپیشاندەران و دەڵێت، رێگە نادەن ھیچ کەس و لایەنێک بیر لەوە بکاتەوە ئاسایش و ئارامی ئێران تێکبدات.
وتیشی، پێویستە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان بەشێوەیەکی ھێمنانە ئەنجام بدرێن نەک ھێرش بکرێتە سەر دامەزراوە رەسمییەکانی حکومەت و ھێزە ئەمنییەکان، چونکە دانبەخۆداگرتنیش سنوری ھەیە.
سلێمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، تەقینەوەکە لە قوڵایی ٣٠٠ مەتر لە ژێر زەوی روویداوە و تیمە تایبەتمەندەکان لە ھەوڵی رزگارکردنی ئەو کرێکارانەدان کەلە کانەکەدا گیریان خواردووە.
وتیشی، لەکاتی تەقینەوەکەدا ١١٠ کرێکار لە کانەکەدا بوون و لەو ژمارەیەش تا ئێستا ٢٨ کەسیان گیانیان لەدەستداوە و ٤٩ کرێکاری تریش گیریانخواردووە و ھەوڵی رزگارکردنیان دەدرێت.
ھەروەھا فاتح دۆنماز وەزیری وزەی تورکیا رایگەیاند، بە پێی بەڵگە سەرەتاییەکان پێدەچێت تەقینەوە بەھۆی گڕگرتنی غازی میسانی ناو کانەکە روویدا بێت، وتیشی، لە ئێستادا ھیچ ئاگرێک لە کانەکەدا نیە و ئامێری ھەواگۆڕکێ بەشێوەیەکی باش کاردەکات، بەڵام ھەرەسھێنان لەناو کانەکەدا ھەیە.
بە پێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی بڵاوکراونەتەوە، ئەمڕۆ لە شارەکانی سنە و سەقز و چەند شارێکی دیکە دوکاندار و کاسبکاران مانگرتنیان راگەیاندوە و نەچوونەتە سەر کارەکانیان، ھاوکات چالاکوانانیش بانگەوازیان کردووە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی ئەمرۆ بە دروشمی( سەرەتای کۆتایی) لە سەرتاسەری ئێران بەردەوام بێت.
شەوی رابردووش خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان لە شارەکانی یەزد و دزەفول و بۆکان و ورمێ و مەریوان و تاران و لاھیجان ئەسفەھان و ئەھواز و چەند شارێکی تر بەردەوام بوو.
بە پێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان، لە شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان ھەڵمەتی فراوان بۆ دەستگیرکردنی چالاکوانان و خۆپیشاندەران درێژەی ھەیە و لە دوو رۆژی رابردوودا ژمارەیەک گەنج لە شنۆ و کامیاران و مەھاباد و سنە و ئیلام دەستگیرکراون.
لەلایەکی ترەوە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ژنانی ئێران پێویستە ئەو پۆشاکە بپۆشن کە ئارەزووی دەکەن و دەبێت دەسەڵاتدارانی ئێران کۆتایی بە توندوتیژیی لەدژی ئەو کەسانە رابگرن کە پەیڕەوی مافە بنەڕەتییەکانیان دەکەن.
بڕیاریشە رۆژی دووشەممە یەکێتی ئەوروپا کۆببێتەوە و سزای نوێ بەسەر چوار قەوارە و ١١ لێپرسراوی باڵای ئێراندا بسەپێنێت کە رۆڵیان ھەبووە لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران.
پوتن لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا لە ئەستانەی پایتەختی کازاخستان راگەیاند، ھەڵمەتی کۆکردنەوەی سەرباز بۆ جەنگی ئۆکراین بەمنزیکانە کۆتایی دێت و لەماوەی دوو ھەفتەدا تەواو دەبێت.
وتیشی، تا ئێستا ٢٢٠ ھەزار سەربازی یەدەگ لە کۆی ٣٠٠ ھەزار سەرباز کە ھەڵمەتەکە دەیانگرێتەوە، بانگکراونەتەوە و تا داھاتوویەکی پێشبینی کراو، پێویستیان بە فراوانکردنی ھەڵمەتی کۆکردنەوەی سەرباز نابێت.
سەرۆکی روسیا لە ٢١ی ئەیلولی رابردوو ھەڵمەتی کۆکردنەوەی سەربازی بۆ جەنگی ئۆکراین راگەیاند و داوایکرد ٣٠٠ ھەزار سەربازی یەدەگ بۆ خزمەتی سەربازی بانگبکرێنەوە.
دیانا سەمعان جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقای رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی لوبنان کار بۆ فراوانکردنی پلانی ناردنەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکانی سوریا دەکەن کە ماوەی ٤ ساڵە بەردەوامە. بەڵام ئاوارەکان لە دۆخێکدا نین بڕیارێکی ئازادانە و گونجاو لەبارەی گەڕانەوەیان بدەن.
وتیشی، ئاوارەکانی سوریا لەکاتی گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکەیان رووبەڕووی چەندین پێشێلکاری مەترسیدار دەبنەوە، بۆیە پێویستە دەسەڵاتدارانی لوبنان رێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرن و پلانی ناردنەوەی بەکۆمەڵی ئاوارەکانی سوریا رابگرن.
ملیۆنێک و ٨٠٠ ھەزار ئاوارەی سوری لە لوبنان دەژین و بە پێی پلانی حکومەتی لوبنان مانگانە ١٥ ھەزار ئاوارە دەنێردرێنەوە بۆ وڵاتەکەیان، بڕیاریشە دوای وەرگرتنی رەمەزاندنی حکومەتی دیمەشق، ٦٠٠ ھەزار ئاوارە رەوانەی سوریا بکرێنەوە.
تۆڕی ( سی ئێن ئێن)ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، کۆمپانیای سپەیس ئێکس کە ئیلۆن ماسک خاوەندارێتی دەکات لەنامەیەکدا بۆ پنتاگۆن رایگەیاندوە، چیتر ناتوانێت لە رێگەی مانگی دەستکردی ( ستارلینک) خزمەتگوزاری ئینتەرنێت بۆ سوپای ئۆکراین دابین بکات و داوایکردوە پنتاگۆن خەرجی بەکارھێنانی ستارلینک بۆ ئۆکراین دابین بکات کە بودجەکەی تا کۆتایی ئەمساڵ ١٢٠ ملیۆن دۆلارە.
لای خۆشییەوە میخائیل بودولیاک راوێژکاری سەرۆکایەتی ئۆکراین رایگەیاند، ماسک لە ساتە مەترسیدارەکانی جەنگدا ھاوکاری ئۆکراینی کرد و چاوەڕێن کۆمپانیای ستارلینک بەردەوام بێت لە خزمەتگوزارییەکەی تا کۆتایی دانوستانەکان.
(لاپ کروپ) یاریدەدەری پێشووی وەزیری بەرگری ئەمریکاش رایگەیاند، راگرتنی خزمەتگوزاری ستارلینک لە ئۆکراین کاریگەری لە سەر ئۆپراسیۆنەکانی سوپای ئۆکراین دەبێت.
بەپێی زانیاریەکانی کوردسات نیوز، لەناو گرتووخانەی (ئێوین) لە باکوری شاری تاران کارگەیەکی جل و بەرگ لەلایەن زیندانیانەوە ئاگری تێبەردرا و دواتر شەڕ و ئاڵۆزی لە نێوان زیندانیان و پاسەوانانی گرتووخانەکە دروستبوو، ھەروەھا لەلایەن ھاووڵاتییانەوە دەنگی تەقەیەکی زۆر بیسترا.
بەپێی زانیارییەکان، ھێزێکی زۆری ئەمنی گەیشتوونەتە گرتووخانە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەش لە ئێستادا ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکردووە.
گرتووخانەی ئێوینی لە تاران، جگە لە زیندانیانی کێشە جۆراوجۆرەکان، زۆربەی زیندانییەکانی چالاکوان و کەسانی سیاسی دژی حکومەتن، ئەوەی نیگەرانی لای ھاووڵاتیانی ئێران دروستکردووە ئەوەیە کە ژمارەیەکی زۆر لە گیراوانی رووداوەکانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییە لە گرتووخانەکەدان و لە خەمی سەلامەتی گیراوانیانن.
وەزارەتی گەڕانەوەی خاکە داگیرکراوەکان لە ئۆکراین بڵاویکردەوە، ھێزە چەکدارەکانی ئۆکراین لە ماوەی ئەم مانگەدا زیاتر لە ٦٠٠ ناوچەیان لەژێر دەستی ھێزەکانی روسیا کۆنترۆڵکردووەتەوە، کە لە نێویاندا ٧٥ ناوچە لە ھەرێمی خیرسون و ٥٠٢ ناوچەی نیشتەجێبوون لە باکوری رۆژھەڵاتی ھەرێمی خارکیڤ ھەن، ھەروەھا ٤٣ ناوچە لە ھەرێمی دۆنێتسک و حەوت ناوچە لە لۆھانسک رزگارکراونەتەوە.
ھاوکات ڤۆلۆدمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین جارێکی تر داوای لە وڵاتانی رۆژئاوا کرد ھاوکارییان بکەن بە تایبەت لە سیستمی بەرگری ئاسمانی و داواشی کرد رێکاری زیاتر بگرنەبەر بۆ گۆشەگیرکردنی روسیا لەجیھان.
"جۆن کیربی" رێکخەری پەیوەندییە ستراتیژییەکان لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا رایگەیاند، "جۆ بایدن" سەرۆکی وڵاتەکە ھێشتا پێیوایە رێگەچارەی دیبلۆماسی باشترینە بۆ رێگریکردن لە ئێران کە ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی، بەڵام لە ئێستادا نزیک نین لە گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی، چونکە ئێران لە دانوستانەکاندا داواکاری نوێیان ھەیە کە ھیچ پەیوەندی بە رێککەوتنەکەوە نییە.
"کیربی" وتیشی، لە ئێستادا چاویان لەسەر خۆپیشاندانەکانی ئێران و لێپرسینەوە لەو کەسانەیە، کە توندوتیژی بەرامبەر بە خۆپیشاندەران دەکەن.
دوێنێش وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، لەئێستادا سەرنجیان لەسەر رێککەوتننامەی ئەتۆمی نییە، بە ئەندازەی ئەوەی سەرنجیان لەسەر پاڵپشتیکردنی خۆپیشاندانەکانی ئێرانە.
ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، لێپرسراوانی سعودیە دڵنیابوون و زۆر بە باشی دەیانزانی کە پشتیوانیکردنی بڕیارەکەی ئۆپیک پڵەس بۆ کەمکردنەوەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە، راستەوخۆ دەبێتە ھۆی زیادبوونی داھاتی روسیا، بۆیە بە دڵنیاییەوە حکومەتی ریاز زۆر بە قورسی باجی ئەو پشتیوانیکردنەی روسیا دەدات.
وتیشی، لە ئێستا ئەمریکا و لایەنە پەیوەندیدارەکانی سەرقاڵی تاوتوێکردنی سپاندنی سزان بەسەر حکومەتی سعودیەدا و لەداھاتوویەکی نزیکیشدا ئەو بابەتە یەکلایی دەکەنەوە و جۆرو چۆنێتی سزاکان بڵاودەکەنەوە.
نێردەی ھەمیشەیی ئێران لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، نامەیەکی ئاڕاستەی سەرۆکی ئەنجومەنەکە کردووە و تێیدا ئەوەیان خستووەتەڕوو، گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران کە لە خاکی ھەرێمدان، لە ساڵی ٢٠١٦ەوە ٤٩ پەلاماریان لەناو خاکی ئێران و نزیک سنورەکان ئەنجامداوە و بەھۆیەوە ٢٤ کەس کوژراون و ٣٢ی تر برینداربوون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەھۆی مەترسییەکانی ئەو گروپانەشەوە وەزارەتی دەرەوەی ئێران چەندینجار یاداشتی ناڕەزایی ئاڕاستەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق کردووە، سەرباری چەندین ھۆشداریش، بەڵام لێپرسراوانی ھەرێمیش ھیچ رێکارێکیان دژی ئەو لایەنە ئۆپۆزسیۆنانە نەگرتووەتەبەر.
سەبارەت بە دوایین بۆردومانەکانیشیان بۆ سەر ئەو لایەنانە لە خاکی ھەرێم لە نامەکەدا باسکراوە، ئێران ھیچ بژاردەیەکی تری لەبەردەستدا نەماوە جگە لە بەکارھێنانی مافی خۆی بۆ بەرگریکردن لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتییەکان بە ئامانجی پاراستنی گەل و ئاسایشی نەتەوەیی و سەروەری خاکەکەیان. جەختیشیکردووەتەوە لەوەی سەرجەم ھەنگاوەکانیان بەپێی یاسا نێودەوڵەتییە مرۆییەکان بووە.
وەزارەتی بەرگری تورکیا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، سەربازێکیان بە ناوی "ئیبراھیم ھان" دوای برینداربوونی بە بۆمبێکی چێندراو لە روبەروبوونەوەیەکدا لەگەڵ پەکەکە لە سنورەکانی ھەرێمی کوردستان گیانی لەدەستداوە.
لە رۆژی ١٨ی نیسانی ئەمساڵەوە، سوپای تورکیا ئۆپراسیۆنێکی سەربازی فراوانی لەناو سنورەکانی ھەرێمی کوردستان دژی پارتی کرێکارانی کوردستان دەستپێکردووە و تائێستاش بەردەوامە.
ئیراھیم رەئیسی لە وتارێکدا لە کازاخستان رایگەیاند، بڵاوبوونەوەی تیرۆر و فراوانبوونی ناتۆ، دوو ھۆکاری سەرەکین بۆ تێکدانی ئاسایشی ئاسیا.
راشیگەیاند، ساڵانێکە ئێران بەدەست فشارە سەختەکانەوە دەناڵێنێت، بە تایبەتی کە گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر ئێران بەردەوامن.
ھەروەھا سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، تاران لە دژی تیرۆری ئابووری دەجەنگێت و لەبەرامبەر گەمارۆکاندا پشت بەخۆی دەبەستێت.
بەرپرسانی یۆنان رایانگەیاند، تیمی کەناراوەکان تەرمی ژنێکی کۆچبەرییان لە نزیک کەناراوەکانی دوورگەی ( کیسیرا) دۆزیوەتەوە و پێدەچێت یەکێک بێت لەو کۆچبەرانەی شەوی چوارشەممەی رابردوو بەلەمەکەیان بە ٩٥ کۆچبەرەوە لە نزیک ئەو دوورگەیە ژێرئاوکەوت، کە لەو رووداوەدا ٨٠ کۆچبەر رزگارکران و قاچاخچییەکیش دەستگیرکرا.
لەلایەکی ترەوە فەرماندەیی کەناراوەکانی تورکیا رایگەیاند، تیمەکانیان ٣٨ کۆچبەریان لە کەناراوەکانی ئیزمیر رزگارکردووە کە لە بەلەمێکی لاستیکدا بوون و لەلایەن یۆنانەوە ناچارکرابوون رووبکەنە ئاوە ھەرێمییەکانی تورکیا.
ھەروەھا رەنج پشدەری رۆژنامەنوس لە یۆنان بڵاویکردەوە، دوێنێ ژمارەیەک کۆچبەری کورد لە تورکیاوە گەیشتوونەتە ئیتاڵیا، بەڵام ھەر دوێنێ بەلەمێکی تر بە ٩٠ کۆچبەرەوە لە تورکیاوە بۆ یۆنان بەڕێکەوتووە و دوای چوار سەعات بەلەمەکەیان پەکی کەوتووە و داوای بەھاناوەچوونیان کردووە.
بایدن لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ سی ئێن ئێن رایگەیاندووە، ئەگەری کۆبوونەوەی لەگەڵ پوتن لە لوتکەی ٢٠ دا بەندە بە رەوشی ئەو کاتەوە.
سەبارەت بە مەترسییەکانی بەکارھێنانی چەکی ئەتۆمیش لەلایەن روسیاوە بایدن رایگەیاندووە، سەرباری ئەو ھەڵە گەورانەی ئەنجامیداوە، بەڵام پوتن یاریزانێکی ژیرە و چەکی ئەتۆمی لە ئۆکراین بەکارناھێنێت.
ئەوە لەکاتێکدایە ھەفتەی رابردوو بایدن ھۆشداریدا لە ئەگەری دروستبوونی جەنگی ئەتۆمی و رایگەیاند، مەترسیی دروستبوونی ھێرشی ئەتۆمی لە بەرزترین ئاستەکانیدایە کە لە ماوەی ٦٠ ساڵدا ھاوشێوەی نەبووە.
بایدن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی سی ئێن ئێن ئاشکرایکرد، دوای ھەڵبژاردنی نیوەیی کۆنگرێس کە بڕیارە مانگی داھاتوو بەڕێوەبچێت بڕیار لەسەر خۆکاندیدکردنەوە بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠٢٤ دەدات.
وتیشی، ئەگەر ناچاربێت رووبەرووی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی پێشوو ببێتەوە لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا لەو بڕوایەدایە دەتوانێت جارێکی تر شکست بە ترامپ بھێنێت.
ھەرچەندە بایدن لەئەمساڵدا ئاھەنگی ٨٠ ساڵەی لەدایکبوونی دەگێڕێت و دەبێتە بە تەمەنترین سەرۆک لە مێژووی ئەمریکادا لەگەڵ ئەوەشدا پێیوایە ھێشتا توانای ھەیە ئەرکەکەی جێبەجێبکات.