نێردەی ھەمیشەیی ئێران لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، نامەیەکی ئاڕاستەی سەرۆکی ئەنجومەنەکە کردووە و تێیدا ئەوەیان خستووەتەڕوو، گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران کە لە خاکی ھەرێمدان، لە ساڵی ٢٠١٦ەوە ٤٩ پەلاماریان لەناو خاکی ئێران و نزیک سنورەکان ئەنجامداوە و بەھۆیەوە ٢٤ کەس کوژراون و ٣٢ی تر برینداربوون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەھۆی مەترسییەکانی ئەو گروپانەشەوە وەزارەتی دەرەوەی ئێران چەندینجار یاداشتی ناڕەزایی ئاڕاستەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق کردووە، سەرباری چەندین ھۆشداریش، بەڵام لێپرسراوانی ھەرێمیش ھیچ رێکارێکیان دژی ئەو لایەنە ئۆپۆزسیۆنانە نەگرتووەتەبەر.

سەبارەت بە دوایین بۆردومانەکانیشیان بۆ سەر ئەو لایەنانە لە خاکی ھەرێم لە نامەکەدا باسکراوە، ئێران ھیچ بژاردەیەکی تری لەبەردەستدا نەماوە جگە لە بەکارھێنانی مافی خۆی بۆ بەرگریکردن لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتییەکان بە ئامانجی پاراستنی گەل و ئاسایشی نەتەوەیی و سەروەری خاکەکەیان. جەختیشیکردووەتەوە لەوەی سەرجەم ھەنگاوەکانیان بەپێی یاسا نێودەوڵەتییە مرۆییەکان بووە.