"جەیک سۆلیڤان" لەڕێی تویتەرەوە لەسەر خۆپیشاندانەکانی ئێران دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی نووسیوویەتی، جیھان چاودێری رووداوەکانی ئێران دەکات، لە کۆتایی ھەفتەی رابردوودا خۆپیشاندەرانی بێتاوان کوژراون کە کچیان لە نێوانیاندایە.
وتیشی، ئەو خۆپیشاندەرانە ھاووڵاتی ئێرانین و داوای شکۆ و مافە سەرەکییەکانیان دەکەن و ئەمریکاش لە پاڵیان دەوەستێت.
جەختیشیکردەوە، لەوەی لێکۆڵینەوە لەگەڵ ھەموو ئەو لایەن و کەسانە دەکەن کە توندوتیژی بەکاردەھێنن و دەیانەوێت بە زەبری ھێز دەنگی ناڕازیی بێدەنگ بکەن.
نزیکەی مانگێکە خۆپیشاندانەکان لە ئێران و شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی بەردەوامە و تائێستا بەپێی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران نزیکەی ٢٠٠ کەس کوژراون و ھەزارانیش دەستگیرکراون و برینداربوون.
نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە راگەیەنداوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی وڵاتانی "جی حەوت"، لیز ترەس داوادەکات لەچەند رۆژی داھاتوودا کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی رێکخراوی ناتۆ ئەنجام بدرێت.
راشیگەیاند، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە کۆبوونەوەکەی جی حەوت، کە ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراینیش بەشداری تێدا دەکات، داوادەکات وڵاتانی رۆژئاوا بەردەوامبن لە سیاسەتی سەپاندنی سزا بەسەر روسیادا.
ئەو داوایەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا دوای ئەوە دێت، بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە روسیا ٧٥ مووشەکی ئاڕاستەی کیێڤی پایتەخت و چەند شارێکی تری ئۆکراین کرد و ە بەھۆیەوە دەیان کەس کوژران و برینداربوون.
بەپێی راپۆرتێکی نھێنی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، ئێران ھەنگاودەنێت بەرەو فراوانکردنی چالاکییەکانی و پیتاندنی یۆرانیۆمی لە پێگەی نەتەنزی ژێرزەوی زیادکردووە، ھەروەھا ئامێری سەنتەر فیوچی پێشکەوتوو لە جۆری "ئەی ئاڕ ٦" لەو پێگەیە دانراوە و دەستیکردووە بەکار.
بەپێی ئاژانسی رۆیتەرزیش، ئێران ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ئاگادار کردووەتەوە کە بە نیازە سێ جۆری تر لە ئامێری سەنتەر فیوچ دابنێت و بەوەش کۆی ئەو ئامێرانە دەگاتە ١٢.
رۆژی ھەینی رابردوو، "رۆبەرت مالی" نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە ئێران رایگەیاند، بەشداربووانی دانووستانە ئەتۆمییەکان رێککەوتبوون بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی لە مانگی ئاداری رابردوودا، دواتر رێککەوتن لە مانگی ئاب رێککەوتنەکە رابگەیەنن، بەڵام ھەموو جارەکان ئێران داواکاری نوێی دەخستەڕوو، بەوەش ئاستەنگ دروستدەبوو.
"مێرکڵ" لە رێوڕەسمێکدا لە "ژنێڤ" ئەو خەڵاتەی وەرگرت و رایگەیاند، ئەڵمانیا بەھۆی کۆچبەرانەوە روبەڕووی ململانێیەکی گەورە بووەوە.
"مێرکڵ" ئەو کاتەی راوێژکاری ئەڵمانیا بوو لە ساڵانی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ دەرگای بەڕووی کۆچبەران و پەنابەراندا کردەوە و لە گەرمەی شەپۆلی کۆچبەران بەھۆی جەنگی سوریاوە پێشوازی لە زیاتر لە یەک ملیۆن کۆچبەری نایاسایی کرد، ھەروەھا لە ماوەی ١٦ ساڵی دەسەڵاتیدا ھەوڵیدا بۆ پاراستنی ژیانی پەنابەران.
خەڵاتەکە ناوی "نانسن"ە و بۆ یەکەمینجار لە ساڵی ١٩٥٤ بەخشراوە و بڕەکەی ١٥٠ ھەزار دۆلارە.
رۆژنامەی ئێکسپرێسی بەریتانی بڵاویکردەوە، پەرستارێک لە ساڵانی ٢٠١٥ و ٢٠١٦، ئەنسۆلینی خستووەتە شیری منداڵانەوە و حەوت منداڵی تازەلەدایکبووی بەو رێگەیە کوشتووە، پلانیشی ھەبووە ١٠ منداڵی تر بەو رێگایە بکوژێت، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە.
ئەو پەستارە ناوی "لوسی"یە لەکاتی بڵاوبوونەوەی ھەواڵی مردنی ئەو منداڵانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گاڵتەی بە خێزانی قوربانیەکان کردووە، تائێستاش لە دادگا دانی بەتاوانەکەی و ھۆکاری ئەو کردەوانەی نەنانەوە، بەڵام داواکاری گشتی بەریتانیا رایگەیاندووە، بەڵگەی پێویستیان لەبەردەستدایە و بێ دوودڵی سزادەردرێت.
وەزیری بەرگری ئیسرائیل سەبارەت بە دیاریکردنی سنورە دەریاییەکان ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، تۆپ لە یاریگای لوبناندایە، بەڵام لە ھەرکاتێکدا حزبوڵا ھەڕەشە لە سەر ئیسرائیل دروست بکات و بیەوێت بیکاتە ئامانج، لوبنان لەناو دەبەن.
لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ ەوە، دانوستانە ناڕاستەوخۆکان لە نێوان تەلئەبیب و بەیروت بە چاودێری نەتەوەیەکگرتوەکان سەبارەت بە دیاریکردنی سنورە دەریاییەکان دەستیپێکرد، بەڵام بەھۆی ناکۆکی و فشارەکانەوە چەند جارێک دانوستانەکان راگیراون و دەستیانپێکردووەتەوە.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، شەوی رابردوو بە مووشەکی جۆری ١٠٧ ملیم، ھێرشکراوەتە سەر بنکەیەکی سەربازیی ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ناوچەی رمێلانی سەر بە پارێزگای حەسەکە لە باکووری رۆژھەڵاتی سوریا.
راشیگەیاند، ھێرشەکە شکستیھێناوە و مووشەکەکە لە دەرەوەی کۆمەڵگە سەربازییەکە کەوتووەتە خوارەوە و "ھیچ سەربازێکی ئەمریکی یان ھاوبەشەکانیان" نەکوژراون یان بریندارنەبوون، ھەروەھا زیانیش بەر کەلوپەلە سەربازییەکانیان نەکەوتووە.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا راشیگەیاند، لە شوێنی ھەڵدانییەوە، مووشەکی تریش دۆزراونەتەوە و لێکۆڵینەوە لە ھێرشە مووشەکییەکە دەکەن.
دوو لێپرسراوی ئەمریکی ئاشکرایانکردووە، چەند لێپرسراوێکی باڵای ئیدارەی جۆ بایدن، لە دەوحەی پایتەختی قەتەر لەگەڵ ژمارەیەک لە لێپرسراوە باڵاکانی بزوتنەوەی تاڵیبان کۆبونەتەوە، ئەوەش یەکەمین کۆبونەوەیە کە لە دوای کوژرانی ئەیمەن زەواھری لە نێوان لپێرسراوانی ئەمریکا و بزوتنەوەی تاڵیبان بەرێوەدەچێت.
بەپێی زانیارییەکان، بەڕێوەبەری ئاژانسی ھەواڵگری و لێپرسراوێکی باڵا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە بەرپرسە لە دۆسێی ئەفغانستان، بەشداری کۆبونەوەکەیان کردووە، بەڵام تا ئێستا ناوەرۆکی کۆبونەوەکە و ئەو دۆسیانەی لە کۆبونەوەکەدا باسیان لێوەکراوە، ئاشکرا نەکراون .
ئاژانسی ھەواڵی یونھاپ بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو دوو موشەکی بالیستی تر لە باشوری رۆژھەڵاتی کۆریای باکورەوە ئاڕاستەی دەریای ژاپۆن کراون، بەڵام ھیچ زانیارییەکی تر لەسەر ئەو تاقیکردنەوەیە بڵاونەکراوەتەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە ماوەی دوو ھەفتەدا کۆریای باکور ٨ موشەکی تاقیکردۆتەوە.
پیۆنگ یانگ ئەو تاقیکردنەوانە بە وەڵامێکی یاسایی بۆ ھەڕەشە سەربازییەکانی ئەمریکا دەزانێت، بەڵام ئەمریکا و ژاپۆن و کۆریای باشور، ئەو کارەی کۆریای باکور بە ھەڕەشەیەکی مەترسیدار بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە ناودەبەن.
لە شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران، ھاووڵاتیان و خوێندکارانی زانکۆ و خوێندنگا ناوەندی و ئامادەییەکان لە دژی رووداوی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی رژانە سەر شەقامەکان و لە تاران و چەند شارێکی تر شەر ِو پێکدادان لە نێوان خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکان روویدا.
رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران بڵاویکردەوە لەسەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە تا ئێستا لانی کەم ١٨٥ کەس کوژراون کە نزیکەی ١٩یان منداڵن.
بۆ تاوتوێکردنی دواپەرەسەندنەکانیش ، شانەی قەیرانەکان لە ئێران بە بەشداری ئیبراھیم رەئیسی سەرۆک کۆمارو سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری کۆبۆوە، بە پێی راگەیەنراوی کۆبوونەکە ، بەشداربووان جەختیان کردۆتەوە لەسەر پێویستی پاراستنی یەکریزی نیشتمانی و وەستانەوە بە ڕووی پیلانی دوژمنان.
میدیاکانی روسیا بڵاویانکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لەسەر پردی ( کریچ) کە ھەرێمی کراسنوداری روسیا بە نیمچەدوورگەی کریما دەبەستێتەوە تەقیوەتەوە و بەھۆیەوە، ئاگر لە شەمەندەفەرێکی گوێزەرەوەی سوتەمەنی کەوتۆتەوە.
بە پێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوکراونەتەوە تەقینەوەکە ئاگرێکی گەورەی دروستکردووە و ھاتوچۆی لەسەر پردەکە راگرتووە.
لەلایەکی ترەوە ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، لەسەرەتای دەستپێکردنی ھێرشی پێچەوانەوە بۆ سەر ھێزەکانی روسیا ٢٥٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەیان لە خاکی وڵاتەکەیان رزگارکردووە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندوە، لەسەرەتای دەستپێکردنی ھێرشەکانی روسیا بۆ سەر ئۆکراین، تائێستا ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی بەردەوامن لە ھاوکاریکردنی کیێڤ بەتایبەتیش لە بورای سەربازیدا بۆئەوەی بەرگری لە خۆی بکات، بەڵام بەھیچ شێوەیەک لەرێگەی رەوانەکردنی ھێز و ھێرشکردنە سەر روسیا، بەشداری ئەو شەڕە ناکەن.
ئاماژەی بەوەشکردوە، بەشداریکردنی ھەر وڵاتێکی دیکە لە شەڕی نێوان ئۆکراین و روسیا، بەتایبەتیش ئەگەر لە دژی روسیا بێت، کێشە و ئاڵۆزییەکان دەگەنە ئاستێکی مەترسیدار و کۆنتڕۆڵکردنی ئەستەم دەبێت و پێدەچێت ببێتە ھۆی جەنگێکی خوێناوی لە جیھاندان.
روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرایکردووە، گروپ و میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ئێران ھەموو جۆرە ئامێر و کەرەستە و پێداویستییەکی تایبەت بە دروستکردنی شوێن و رێڕەوی نیشتنەوە و ھەڵفڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان گەیاندووەتە ناوچەی حەیدەریە سەر بە شاری مەیادین لە پارێزگای دێرەزوور لە خۆرھەڵاتی لە سوریا کە نزیکە لە سنورەکانی عێراق و دووەم ناوچەی سوریایە کە زۆرترین گروپە چەکدارەکانی سەر بەئێرانی تێدایە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو شوێنەی دروست دەکرێت تایبەت دەبێت بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەڕکەر و بۆمبڕێژکراو.
ئیبراھیم کاڵن وتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا رایگەیاند، دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ کارێکی چاوەڕوانکراوە و پێدەچێت لە ھەر کاتێکدا بێت دەستپێبکاتەوە.
وتیشی، لایەنی روسی لەگەڵ ئەوەدایە رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ رۆژئاوا بکات کە بێگومان بەشێکی رێککەوتنەکە پەیوەست دەبێت بە ئۆکراین. بەڵام دۆسیە گەورەکە بریتییە لە رێککەوتنی نێوان روسیا و رۆژئاوا.
تورکیا وەک وڵاتێکی بێلایەن ھەوڵی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان روسیا و ئۆکراین دەدات و لە رابردووشدا بە نێوەندگیری تورکیا رێککەوتنی ھەناردەی دانەوێڵەی ئۆکراین ئیمزاکرا.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، لە ھێرشێکدا بۆ سەر باڵەخانەی باڵیۆزخانەکەیان لە کۆپنھاگنی پایتەختی دانیمارک کارمەندێک برینداربووە و زیانیش بە ئۆتۆمبێلەکانی تایبەت بە باڵیۆزخانەکەیان گەیشتووە، ھاوکات (ئەفسانە نادیپور) باڵیۆزی وڵاتەکەیان رووبەرووی ھەڕەشە بووەتەوە.
راشیگەیاند، بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر ئەو رووداوە، باڵیۆزی دانیمارکی لە تاران بانگھێشتکردوە و نیگەرانی وڵاتەکەی پێگەیاندوە لە سستی بەدەنگەوەچوونی پۆلیس بۆ رووداوەکە.
پێشتریش پۆلیسی دانیمارک رایگەیاندبوو، کەسێکی تەمەن ٣٢ ساڵیان دەستگیرکردووە کە بە چەقۆ چووەتە ناو باڵیۆزخانەی ئێران و بەوھۆیەشەوە رووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە.
ئەردۆغان لە کاتی گەڕانەوەی لە پراگی پایتەختی چیک بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، تورکیا دەتوانێت ئەوەی کردی بۆ کڕینی سیستمی بەرگری ئێس ٤٠٠ی رووسی لە بری سیستمی پاتریۆتی ئەمریکی، دووبارە بکاتەوە.
ئەردۆغان سەبارەت بە بڕیاری ئەمریکا بۆ درێژکردنەوەی ماوەی ھەناردەکردنی چەک بۆ بەشە یۆنانییەکەی قوبرس، رایگەیاند، وڵاتەکەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و فڕۆکەی تری لە سەر خاکی بەشە تورکییەکەی قوبرس ھەیە و فڕۆکە جەنگییەکانیشیان دەتوانن بە ماوەیەکی کەم لە تورکیاوە بگەنە قوبرس، جەختیشی کردەوە لە سەر گرەنتی ئاسایشی وڵاتەکەیان لە ھەموو روویەکەوە.