جیهان

ئۆستن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی ( سی ئێن ئێن)  ئاماژەی بەوەکرد، ھیچ کۆنتڕۆڵێک بۆ رەفتار و کردەوەکانی پوتن نیە و بە بڕیارێکی بێ پێشینە ھێرشی کردە سەر ئۆکراین و لەوانەیە ھەر بڕیارێکی تریش بدات.

ئۆستن ھەڕەشەکانی پوتنی بە نابەرپرسیارانە ناوبرد و رایگەیاند،  پێویست ناکات گوێیان لەو جۆرە ھەڕەشانە بێت لە سەرکردەی وڵاتێکی گەورەی خاوەن توانای بەرز.

ھەفتەی رابردوو ڤلادیمێر پوتن لە رێوڕەسمی لکاندنی چوار ھەرێمی ئۆکراین بە خاکی وڵاتەکەیەوە، ھەڕەشەی بەکارھێنانی چەکی ئەتۆمی کرد بۆ پاراستنی وڵاتەکەی.


 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کریستالینا جۆرجیفا بەڕێوەبەری سندوقی نێودەوڵەتی دراو رایگەیاند، جیھان رووبەڕووی خراپترین قەیرانەکانی خۆراک بووەتەوە کە ماوەی ١٠ ساڵە بەردەوامە و لەگەڵیشیدا ئاسایشی خۆراکی تێکچووە. 

وتیشی، ٤٨ وڵات رووبەڕووی لێکەوتەکانی قەیرانی خۆراکی جیھانی بوونەتەوە و نیوەیان لەبەردەم مەترسیدان.

رونیشیکردەوە، ٤١ ملیۆن کەس لە وڵاتانی عەرەبی رووبەڕووی مەترسی نەبوونی ئاسایش خۆراک بوونەتەوە و سندوقی نێودەوڵەتی دراو دەنگی دەخاتە پاڵ رووبەڕووبوونەوەی کۆت و بەندەکانی بازرگانی ماددە خۆراکییەکان لەپێناو ئاساییکردنەوەی رەوشەکە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرلەبەیانی ئەمرۆ، کۆریای باکور موشەکێکی بالیستی تاقیکردەوە و موشەکەکە بە ئاسمانی ژاپۆندا رۆیشت و لە زەریای ھێمن کەوتە خوارەوە.

سەبارەت بەو تاقیکردنەوەیە، ئادریین واتسۆن وتەبێژی جاک سۆلیڤان راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا رایگەیاندووە، سۆلیڤان دوو پەیوەندی جیای لەگەڵ ھاوتا ژاپۆنی و ھاوتاکەی لە کۆریای باشور ئەنجامداوە بۆ ئەوەی پێکەوە ئامادەکاری بکەن و وەڵامێکی بەھێزی ئەو ھەنگاوەی پیۆنگ یانگ بدەنەوە، بۆ ھەردوولاشی  دوپاتکردۆتەوە کە ئەمریکا پابەندە بە بەرگریکردن لە ژاپۆن و کۆریای باشور.

سوک یول سەرۆکی کۆریای باشوریش ئەو ھەنگاوەی کۆریای باکوری بە ھەڵەشە ناوبردووە و دوپاتیکردووەتەوە کە سوپای وڵاتەکەی و ھاوپەیمانەکانی و کۆمەڵی نێودەوڵەتی وەڵامیان بۆی دەبێت.

ھاوکات ھیرۆکازۆ ماتسۆنۆ وتەبێژی حکومەتی ژاپۆن رایگەیاندووە، ئەو زنجیرە رێکارەی کۆریای باکور گرتویەتیەبەر لە نێویاندا تاقیکردنەوە موشەکییەکان، ھەڕەشە لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ژاپۆن و ناوچەکە و کۆمەڵی نێودەوڵەتیش دروست دەکات. 


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی تاران دەکرێن، لەبارەی بەکارھێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێران، لە لایەن روسیاوە لە جەنگی ئۆکراین بێبنەما و ناراستن.

راشیگەیاند، لەسەرەتای دەستپێکردنی جەنگ لە ئۆکراین تاکو ئێستا، تاران جەخت لە پێویستی یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکانی روسیا و ئۆکراین بە رێگەی سیاسی و دوور لە توندوتیژی کردووەتەوە.

ناسر کەنعانی وتیشی، لە چەند مانگی رابردوو وەزیری دەرەوەی ئێران، ژمارەیەک پەیوەندی و دیداری لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی روسیا و ئۆکراین ھەبووە و لە ھەموو ئەو پەیوەندیانەش جەختی لە پێویستی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە رێگەی ئاشتیانە و دانوستان کردووەتەوە و لەو رووەوە ئێران ئامادەی ھاوکارییە.

لە ماوەی رابردوودا ژمارەیەک لێپرسراوی ئەمریکا ئاماژەیان بەوەکرد، ئێران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بە روسیا فرۆشتووە و مۆسکۆش ئەو درۆنانەی لە جەنگی ئۆکراین بەکارھێناوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە رەوشی عێراق ئەنجامدا و جینین پلاسخارت نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاند، ناکرێت بێدەنگ بن لە بەرامبەر ھێرشەکانی ئێران لەعێراق و پێویستە پێشێلکردنی سەروەری ئەو وڵاتە بوەستێنرێت، وتیشی، ناکۆکییەکان عێراقیان بەرەو رێگایەکی داخراو بردووە و گەندەڵیش بووەتە نیشانەیەکی دیار لە ئابووری عێراقدا و پێویستە خۆپیشاندانەکانیش ئاشتییانە بن.

 نوێنەرانی ئەمریکا و فەڕەنسا و ھندستان و مەکسیکیش لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایانگەیاند، ھێرشەکانی ئێران لە ھەریمی کوردستان پێشێلکردنی سەروەرری عێراقە و پێویستە رێز لە سەروەری عێراق و ھەرێمی کوردستان بگیرێت، چونکە ئەو ھێرشانە ھەڕەشەیەکی مەترسیدارن بۆ سەقامگیری ناوچەکە.

ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا نوێنەری روسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند نیگەرانین لە بوونی پێکدادانە سەربازییەکان لە ھەرێمی کوردستان و ھێرشەکانی ئێرانیش لە ھەرێمی کوردستان سەقامگیری ناوچەکە تێکدەدات، بۆیە پێویستە ئەو ھێرشانەی سەر ھەرێمی کوردستان بوەستێنرێن، نوێنەری چینیش لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی پشتیوانی لە سەروەری عێراق دەکەن، چونکە ئەو وڵاتە لەبەردەم ئاستەنگی گەورەدایە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پۆلیسی ئیندۆنیزیا رایگەیاند، شەوی رابردوو دوای کۆتاییھاتنی یارییەکی تۆپی پێ لە یارییەکانی دێربی لە دورگەی جاوای ئیندۆنیزیا ، لایەنگرانی ھەردوو یانەکە رژاونەتە ناو یاریگاکەوە و لە ئەنجامی پێکدادانێکی توندی نێوانیاندا، ١٧٤ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٨٠ کەسیش برینداربوون، لە نێو قوربانییەکانیشدا منداڵ ھەیە .

لە ئێستاشدا پۆلیسی ئەو وڵاتە لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکە دەستپێکردووە و ، جۆکۆ ویدۆدۆ سەرۆکی ئیندۆنیزیاش داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد، لێکۆڵینەوەی ورد لە روداوەکە دەستپێبکەن و لە داھاتووشدا لە ڕێی پلانی پێشوەختەوە رێگری لە دوبارەبونەوەی ئەو جۆرە روداوانە بکەن، لە ئێستاشدا بەھۆی ئەو رووداوەوە یارییەکانی  خولی ناوخۆی وڵاتەکە بۆ ماوەی ھەفتەیەک راگیراوە .


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی بەرگریی روسیا بڵاویکردەوە، رۆژی شەممە ھێزەکانیان بەھۆی مەترسی گەمارۆدان، لە شاری لیمان کشاونەتەوە، چونکە سوپای ئۆکراین ھێزێکی زۆری بە ئاڕاستەی ئەو ناوچەیە جوڵاندووە، لە بەرامبەردا وەزارەتی بەرگری ئۆکراین رایگەیاند، ھێزەکانیان چوونەتە ناو شاری لیمانی سەر بە ھەرێمی دۆنێتسک لە رۆژھەڵاتی وڵات و شارەکەیان کۆنترۆڵکردووەتەوە.

ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین لە کاردانەوە بەرامبەر کۆنترۆڵکردنەوەی شاری لیمان رایگەیاند، جەنگ  بەردەوامە و سوپای ئۆکراین ئامادەیە لە ھەفتەکانی داھاتوو ناوچەکانی تری ھەرێمی دۆنێتسک کۆنتڕۆڵ بکاتەوە، زیلینسکی بەڵێنیشیدا، ناوچەکانی ھەرێمی دۆنباس کۆنترۆڵ بکەنەوە.

شاری "لیمان" لە ھەرێمی دۆنێتسک بە ناوچەیەکی ستراتیژیی دادەنرێت، رۆژی ھەینی رابردوو و لە چوارچێوەی ئەنجامی راپرسییەکان بۆ لکاندنی چوار ھەرێمی ئۆکراین بە خاکی روسیا، شارەکە وەک بەشێک لە خاکی روسیا ناسێندرا.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
لە کۆبونەوەی کۆمەڵەی گشتی ئەنجومەنی ئاژانسی فرۆکەوانی سەر بەنەتەوە یەکگرتوەکان، روسیا لە ئەندامێتی ئەنجومەنەکە دورخرایەوە، ئەوەش بەھۆی ئەوەی لە کۆی ٣٦ ئەندامی ئەنجومەنەکە، روسیا نەیتوانی دەنگی ٢٨ یان بەدەستبھێنێت بۆ ئەوەی ئەندامێتی ئەنجومەنەکە لەدەست نەدات، لە بەرامبەر ئەم پێشھاتەشدا، روسیا تانەی پێشکەش کردووە و چاوەڕوان دەکات پێداچونەوە بە بڕیارەکەدا بکرێت، بەتایبەت کە لە رابردوودا پێگەیەکی گرنگی لە ئەنجومەنەکەدا ھەبووە، نوێنەری روسیاش رایگەیاندووە، نیگەرانن لە ئەنجامی دەنگدانەکە و بە ھەنگاوێکی سیاسی دەبینن کە ھیچ پەیوەندی بە پێگەی روسیاوە نیە لە بواری فرۆکەوانی شارستانیدا.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاژانسی ھەواڵی نور نیوزی ئێرانی بڵاویکردووەتەوە، بە نێوەندگیریی وڵاتێکی ناوچەکە، ئێران و ئەمریکا ژمارەیەک زیندانی ئاڵوگۆڕ دەکەن و لە چەند ھەفتەی رابردووشدا، دانوستانی چڕ بە نێوەندگیریی وڵاتێکی ناوچەکە لە نێوان ئەو دوو وڵاتە بۆ ئازادکردنی دەستگیرکراوەکان بەڕێوەچووە، ئاماژە بەوەشکراوە، ملیاران دۆلاری ئێرانی، کە بەھۆی سزاکانی ئەمریکاوە بلۆککراون، نزیکن لەوەی ئازاد بکرێن.

رۆژی شەممە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "سیامەک نەمازی" سەرمایەداری ئەمریکی بە رەگەز ئێرانی، کە نزیکەی حەوت ساڵە لە ئێران دەستبەسەرکراوە، بڕیاری ئازادکردنی کاتی بۆ دەرچووە و حکومەتی ئێران بڕیاریداوە بۆ ماوەی یەک ھەفتە ئازاد بکرێت.

سیامەک نەمازی سەرمایەدارێکی ئەمریکیە و لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٥ لە ئێران دەستگیرکرا و بەتۆمەتی ھاوکاریکردنی وڵاتانی تر، سزای ١٠ ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەرچوو.
                            

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمینداری ناتۆ  ئاماژەی بەوەکرد، ناتۆ بەشێک نیە لە ململانێکە ، بەڵام ھاوکاریکردنی ئۆکراین وەک دەوڵەتێکی خاوەن سەرەکی ئەولەویەتی سەرەکییانە .

وتیشی، بە روونی بە ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیایان وتووە، ھەر بەکارھێنانێکی چەکی ئەتۆمی لێکەوتەی بێھیواکەری بۆ روسیا دەبێت و سروشتی ململانێکە دەگۆڕێت.

لەلایەکی ترەوە میخائیل بۆلودیاک راوێژکاری سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند،١٠ ئەندامی ھاوپەیمانی ناتۆ بە کردەوە پشتیوانییان بۆ بە ئەندامبوونی وڵاتەکەیان لە ناتۆ راگەیاندووە.

رۆژی ھەینی دوای ئیمزاکردنی پەیماننامەی لکاندنی چوار ھەرێمی ئۆکراین بە روسیاوە، سەرۆکی ئۆکراین بە رەسمی  داواکاری بە ئەندامبوونی وڵاتەکەی لە ناتۆ پێشکەش کرد.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، سەربازێکیان کە پلەبەرزە و فەرماندەیی پییادەیە بە ناوی "یوسف ئاتاش"، لە ناوچەیی زاپی ‌ھەرێمی کوردستان بریندار بووە و سەرباری ھەموو ھەوڵەکان بۆ رزگارکردنی ژیانی، بەڵام گیانی لەدەستداوە.

 ئەوەش لە کاتێکدایە رۆژی شەممە ھێزەکانی پاراستنی گەل "ھەپەگە" رایانگەیاند، لە ھەڵمەتێکی نوێی ھێزەکانیاندا چوار سەربازی تری سوپای تورکیا لە سنوری پارێزگای دھۆک کوژران و سەربازێکی تریش بریندار بووە.

ھاوکات وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕایگەیاند، لە ئەنجامی ھێرشکی مووشەکی لە ناوچەی عەفرین لە بنکەی سەربازی "ئەل باب" ئەفسەرێکی پلەبەرزی پۆلیسیان کوژراوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، بە پشتیوانی ھاوپەیمانەکانیان زۆر بە وردی و لە نزیکەوە چاودێری رەوشی عێراق و بۆردومانەکانی ئێران دەکەن بەتایبەتی بۆردومانەکەی چەند رۆژی رابردوو بۆ سەر ھەرێمی کوردستان کە ژمارەیەک قوربانی لێکەوتەوە، وتیشی، ئەوەی ئێران دەیکات بە دڵنیاییەوە پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراق و ھەرێمی کوردستانە و رێزنەگرتنە لە بنەماکانی دراوسێیەتی و بەھەموو شێوەیەکیش ئامادەن ھاوکاری عێراق و ھەرێمی کوردستان بکەن بۆ رێگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەو بۆردومان و ھێرشانەی ئێران.

یەکێتی ئەوروپاش لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، چەندین جارە ئێران سەروەری عێراق و ھەرێمی کوردستان پێشێل دەکات و لە بۆردومانەکانیشیدا ھاوڵاتی مەدەنی دەکاتە ئامانج، ئەوەش پێشێلکردنی پەیاماننامە نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی مرۆڤە.


 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

جۆن بیتس دادوەری دادگای تاوانەکان لە شاری کۆلۆمبیای ئەمریکا فەرمانیکرد ئێران ١٧ ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار دۆلار وەک قەرەبوو بدات و ھەمان بڕە پارەش وەک  قەرەبووی زیانەکانی سزادان بداتە ھاوسەر و منداڵەکانی سیامەک پورزاد رۆژنامەنوس و رەخنەگر، کە دوای ١١ ساڵ مانەوەی لە زیندان گیانی لەدەستدا.

سیامەک پورزاد ساڵی ٢٠٠٢  لەلایەن دادگای تارانەوە بە تۆمەتی سیخوڕی و ھاندان بۆ کاری گەندەڵی، سزای ١١ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا و لە ساڵی ٢٠١١ ھەواڵی خۆکوشتنی راگەیەنرا، بەڵام خێزانەکەی  رەتیانکردەوە خۆی کوشتبێت.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا سەرکەوتنی راپرسییەکانی لە ئۆکراین راگەیاند و وتی لەئێستا بەدواوە ھەرێمەکانی دۆنیتسک و لۆھانسک و خیرسۆن و زاپۆریژیا بەشێکن لە خاکی روسیا و دانیشتوانەکانیشیان بە ھاوڵاتی روسی ئەژمار دەکرێن، جەختیشیکردەوە، پێویستیان بەوە نییە وڵاتانی جیھان دان بەو راپرسییانەدا بنێن یاخود نا.

لە بەرامبەریشدا وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ھۆشداری داوەتە ئەو وڵاتانەی دان بەو راپرسییانەی روسیادا دەنێن و رایگەیاندووە، ھەر کەسایەتی و وڵاتێک دان بەوەدا بنێت کە ئەو چوار ھەرێمەی ئۆکراین بوونەتە بەشێک لە روسیا، لەلایەن ئەمریکاوە توندترین سزایان بەسەردا دەسەپێنرێت.



بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەنقەرە ھەرگیز دان بە راپرسییەکانی روسیا بۆ لکاندانی چوار ھەرێمی "لۆھانسک و دۆنێتسک و زاپۆریژیا و خیرسوون" بە خاکی روسیاوە نانێت و بە بڕیارێکی نایاسایی لەقەڵەمی دەدات، ھەروەک ئەو راپرسییەی کە ساڵی ٢٠١٤ لە کریما ئەنجامدرا.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا پشتیوانی بۆ یەکپارچەیی خاک و سەروەری ئۆکراین دووپاتکردووەتەوە و رایگەیاندووە، پشتگیری ھەوڵەکان بۆ چارەسەری قەیرانی ئۆکراین دەکەن لەسەر بنەمای ئاشتی و دادپەروەرانە.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە
پوتن لە نامەکەیدا بۆ شین جینپینگ  سەرۆکی چین ئاماژەی بەوەکردوە، پەیوەندییەکانی چین و روسیا لە سایەی ھەماھەنگی ستراتیژی نێوانیان لە بەرەو پێشچوونی بەردەوامدایە و ئامادەن بەردەوامی بدەن بە دیالۆگ  و کاری ھاوبەش لەپێناو بەرژەوەندی گەلی ھەردوو وڵات .
پوتن جەختیشی کردۆتەوە لەسەر پێویستی یەکخستنی تواناکانی روسیا و چین لەپێناو بونیادنانی  سیستمێکی جیھانی کە زیاتر دیموکراتی و دادپەروەرتر بێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھەڕەشەکان و ئاڵنگارییە نوێکان.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...215216217218219...416