لێپرسراوانی ھایتی بڵاویانکردەوە، ٢٣٠ ژن لەو گرتووخانەیە زیندانی بوون و ١٤٥یان توانیویانە ھەڵبێن کە سێیەکی ژنەکان پێکدەھێنن.
بە وتەی لێپرسراوانی ھایتی، توانراوە ٣ ژن دەستگیربکەنەوە و یەکێکیش گیانی لەدەستداوە چونکە کێشەی ھەناسەدانی ھەبووە، ھەر لەو رووداوەدا و لەکاتی ھەڵاتنی ژنە زیندانییەکاندا پۆلیسێک کوژراوە و سیانی دیکەش برینداربوون.
ئەو گرتووخانەیە دەکەوێتە شارۆچکەی "کاباری" لە کەناراوەکانی خۆرئاوای ھایتی، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان رووداوەکە بەھۆی ھەڵەی پاسەوانێکەوە بووە کە ژوورەکانی کردووەتەوە و ژمارەی پاسەوانەکانیش کەمبوون، لەئاکامدا زیندانییەکان ھێرشیانکردووەتە سەریان و توانیویانە رابکەن.
کۆشکی بەکینگھام ئاشکرایکردووە، دراوە نوێیەکان دراوی کانزایی و کاغەزن و وێنەی شا چارلزی سێیەمیان لەسەرە، ھەروەھا وێنەی شای نوێ لەسەر بینا حکومییەکان و سندوقە ئەلکترۆنییە سورەکانیش دادەنرێن.
بە وتەی لێپرسراوانی بەریتانیا، دراوە کانزا نوێیەکان کە وێنەی شا چارلزی سێھەمیان لەسەرە، لەگەڵ داوای بانکەکان دەست بە بەکارھێنانیان دەکرێت، باس لەوەشکراوە، کە بۆ چەند ساڵێک لە ھەمان کاتدا ئەو دراوانەی وێنەی شا چارلز و شاژن ئیلیزابێسیشیان لەسەرە بەکاردەھێنرێن، چونکە ئاڵوگۆڕی ئەو دراوانە کاتی پێویستە و تا کۆتایی ئەمساڵ بە تەواوەتی دراوە نوێیەکان ئاشکرادەکرێن.
بەپێی ئەو ئەنجامانەی نوسینگەکانی ھەڵبژاردن لە ئیتاڵیا بڵاویانکردووەتەوە، پارتی "برایانی ئیتاڵیا" کە "جۆرجیا میلونی" سەرۆکایەتی دەکات لەگەڵ ھاوپەیمانەکانیان، لەنێوان ٤١% بۆ ٤٥%ی دەنگەکانیان بەدەستھێناوە، پێشبینیشدەکرێت تێکڕای دەنگەکانیان بۆ ٤٧% بەرزببێتەوە و کۆنترۆڵی ئەنجومەنی نوێنەران بکەن.
دوای ئەو سەرکەوتنە، "میلونی" رایگەیاند، سەرۆکایەتی حکومەتی ئیتاڵیا دەکات و ھەموو ئیتاڵییەکان بە یەک چاو سەیر دەکەن و داوای یەکڕیزیشی کرد.
"جۆرجیا میلۆنی" تەمەنی ٤٥ ساڵە و دەبێتە یەکەم ژن کە پۆستی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا وەردەگرێت و ھەروەھا دەبێتە یەکەم سەرۆکی راستڕەوی توندڕەو لەنێو یەکێک لە وڵاتە ئابورییە سەرەکییەکانی ئەوروپا و دژە کۆچبەرە.
چاوەڕواندەکرێت "میلۆنی" گۆڕانکاری گەورە لە ئیتاڵیا و یەکێتی ئەوروپا دروستبکات، ھەروەھا سنورەکانی ئیتاڵیا دادەخات کە ساڵانە دەیان ھەزار کۆچبەر دەگەنە کەناراوەکان، ئەوەش ترسی لای رێکخراوە ناحکومییەکان دروستکردووە کە ھاوکاری کۆچبەرانی نایاسایی دەکەن.
مانۆڕەکەی نێوان ئەمریکا و کۆریای باشور لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە دەستیپێکردووە و یەکەمین مانۆڕی دەریایی ھاوبەشی نێوان ئەو دوو وڵاتەیە دوای پێنج ساڵ لە نیمچە دورگەی کۆریا ئەنجامی دەدەن.
ھێزی دەریایی کۆریای باشور بڵاویکردەوە، مانۆڕەکە چوار رۆژ دەخایەنێت لە کەناراوەکانی رۆژھەڵاتی کۆریای باشور و زیاتر لە ٢٠ کەشتی جەنگی و فڕۆکەی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت و راھێنان لەسەر ژێردەریایی و سیستمی دژە کەشتی دەکرێت.
راشیگەیاند، ئامانجیانە توانای ھاوپەیمانی ئەو دوو وڵاتە بۆ روبەڕوبونەوەی تاقیکردنەوە موشەکیەکانی کۆریای باکور دەربخەن.
ئەو مانۆڕە تەنھا رۆژێک دوای تاقیکردنەوە موشەکیەکەی کۆریای باکور دێت، واشنتۆن و سیئۆلیش ھاوپەیمانێکی گەورەیان لە نێواندایە و ئەمریکا ٢٨ ھەزار و ٥٠٠ سەربازی لە کۆریای باشور ھەیە بۆ بەرگری لەو وڵاتە لە کۆریای باکور .
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، لەسەرەتای دەستپێکردنی ھێرشەکانی سوپای روسیا بۆ سەر وڵاتەکەی، ئەمریکا بۆ ھاوکاری و پشتیوانیکردنی بودجەی ئۆکراین، مانگانە زیاتر لە یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری وەک ھاوکاری بۆ ناردوون جگە لە چەک و پێداویستییە سەربازییەکان.
لەبارەی ئەو راپرسییانەش کە روسیا لەچەند ناوچەیەکی ئۆکراین ئەنجامی دەدات بۆ ئەوەی دانیشتوانەکانیان بڕیار بدەن بخرێنە سەر روسیا، سەر
سەرۆکی ئۆکراین وتی، ئەگەر روسیا لە رێگەی راپرسییە ساختەکانەوە بیەوێت تەنھا بستێکی خاکی ئۆکراین بخاتە سەر وڵاتەکەی، ھیچ جۆرە گفتوگۆ و دانووستانێک لەنێوانیان نامێنێت و رێککەوتنیش لەنێوانیاندا زۆر ئەستەم دەبێت.
جەیک سۆلیڤان راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا رایگەیاند، لەسەرەتای دانووستانەکانەوە تائێستا ئەمریکا نیازپاکی پیشانداوە و ھەموو ھەوڵێکیشی داوە بە مەبەستی نزیکبوونەوە لە ئێران و زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئەو وڵاتە کە ئەمریکا لە سەردەمی دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لێی کشایەوە.
وتیشی، لەئێستادا ئێران بە رەوشێکی ناھەمواردا تێپەڕدەبێت و دەسەڵاتداران و ھێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە بە توندترین شێوە روبەڕوی خۆپیشاندەران بوونەتەوە و بەھەموو رێگە و شێوازێک سەرکوتیان دەکەن، ئەمەش مانای ئەوە نییە کە لەبەرئەوەی ئەمریکا ھەوڵ بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی دەدات، نابێت قسە لەسەر ئەو ھەموو پێشێلکارییە بکات کە لە ئێران بەرامبەر مافەکانی مرۆڤ دەکرێت.
وەزارەتی ناوخۆی روسیا بڵاویکردەوە، لە خوێندنگەی "ئیجیڤسک" کە دەکەوێتە ھەرێمی "ئودمیریتا" لە ناوەڕاستی روسیا، رووداوێکی تەقەکردن روویدا و بەھۆیەوە ١٣ کەس کوژراون کە ٥یان منداڵن و مامۆستا و پاسەوانیشی تێدایە، ھەروەھا ٢٠ کەسیش برینداربوون.
بە پێی وەزارەتی ناوخۆی روسیا، ھێرشبەرەکە بە مردووی دۆزراوەتەوە و پێدەچێت خۆی کوشتبێت، بەڵام ناسنامە و پاڵنەری ھێرشەکەی نەزانراوە، لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.
نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاویکردەوە، پلانیان ھەیە رێکخراوێکی نێودەوڵەتی دابمەزرێنن بۆ دۆزینەوەی نزیکەی ١٥٠ ھەزار ھاووڵاتی سوری، کە لە ساڵی ٢٠١١ەوە تائێستا بێسەروشوێنن.
راشیگەیاند، بەڵگەکان ئاماژە بەوەدەدەن کە حکومەتی سوریا دەستیگرتووە بەسەر دۆسیەی دەستبەسەرکراون و ونبووەکاندا و ھێزەکانیان چارەنووس و شوێنی ئەو کەسانە دەشارنەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان راشیگەیاندووە، رەنگە ئەو کەسانە لە گرتووخانەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریا بن و دووچاری ئەشکەنجە و کوشتن ببنەوە، یاخود لەلایەن میلیشاکانەوە رفێندرابن.
لە ساڵی ٢٠١٨، حکومەتی سوریا بەڵگەنامەی گیانلەدەستدانی بۆ سەدان دەستگیرکراو کرد دواتریش دەرکەوت کە بەشێکیان لە ژیاندا ماون.
میدیاکانی ئەوروپا بڵاویانکردەوە، تەمیم بن حەمەد ئال سانی میری قەتەر لە سەردانەکەیدا بۆ ئەڵمانیا لە گەڵ ئۆلاف شۆڵتز ڕاوێژکاری ئەو وڵاتە کۆبووەتەوە و تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەشیان گفتوگۆکردن بووە لەسەر ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران و ھەردوولاش لەسەر ئەوە ریککەوتوون بە ھەموو شێوەیەک پشتیوانی ھەموو ئەو ھەوڵانە بکەن کە بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی دەدرێن.
ئاماژە بەوەشکراوە، میری قەتەر و ڕاوێژکاری ئەڵمانیا باسیان لەوە کردووە، زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران ئاسایش و سەقامگیری بۆ وڵاتانی جیھان بە گشتی و خۆرھەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی لێدەکەوێتەوە.
لێپرسراوانی کۆریای باشور ئاشکرایان کردووە، بەیانی یەکشەممە کۆریای باکور موشەکێکی بالیستی مەودا کورتی ئاراستەی کەناراوەکانی خۆرھەڵاتی نیمچە دەرگەی کۆریا کردووە ، ئەوەش ١٩ ھەمین موشەکە کە ئەمساڵ پیۆنگ یانگ ئاراستەی کردووە، ئاماژەیان بۆ ئەوەشکردوە کۆریای باشور لە ئامادەباشی تەواودایە بۆ ھەر پێشھاتێک کە بەھۆی موشەکەکانی پیۆنگ یانگەوە دروست ببێت.
فەرماندەی ناوەندی ئەمریکاش لە ناوچەی زەریای ھێمن و ھندی رایگەیاندووە، تا ئێستا موشەکەکانی کۆریای باکور ھەرەشەیەکی راستەوخۆیان بۆ سەر ئەمریکا و سەربازەکانی لەناوچەکەدا دروست نەکردووە، بەڵام ئامادەن بۆ ھەر پێشھاتێک.
"فەیسەڵ بن فەرحان" لە وتەیەکیدا لە بەردەم کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک وتی، سعودیە پابەندە بە ئاسایش و سەقامگیری عێراقەوە و کاریشیان کردووە بۆ زیاتر کردنی ھەماھەنگییەکان و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە.
وتیشی لە ھەماھەنگی بەردەوامدان بۆ بەستنەوەی کارەبای عێراق و سعودیە و وڵاتانی تری ئەنجومەنی ھاریکاری کەنداوی عەرەبی لەگەڵ عێراق.
عێراق و سعودیە لە ناوەڕاستی مانگی تەمووزی رابردوو، رێککەوتنێکیان سەبارەت بە دابین کردنی وزەی کارەبا ئیمزاکرد، بە تێچوویەکی کەم.
"کولیبا" لە تویتێکدا داوای کرد ھەموو ھێزە ئەتۆمییەکان بێنە سەر خەت و باس لە مەترسی ئەگەری بەکارھێنانی چەکی ئەتۆمی بکەن لەلایەن روسیاوە، وتیشی ئەو ھەڕەشانە بە ھیچ شێوەیەک قبوڵکراو نین و نابێت چاوپۆشی لێبکرێت.
لێدوانەکەی وەزیری دەرەوەی ئۆکراین لە دوای قسەکانی "ڤلادمیر پوتن" سەرۆکی روسیاوە دێت، کە لە وتەیەکیدا ئاماژەی کرد بە ئامادەکاری بۆ بەکارھێنانی چەکی ئەتۆمی بۆ بەرگریکردن لە وڵاتەکەی.
"پوتن" وتیشی ھەر کەسێک بە چەکی ئەتۆمی ھەڕەشە لە روسیا بکات ھەڕەشەکە ئاڕاستەی خۆیان دەبێتەوە.
لە بەیانی ئەمڕۆوە سندوقەکانی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیتاڵیا کراونەتەوە و زیاتر لە ٥٠ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان ھەیە.
بەپێی ئەو راپرسییانەی کراون، پارتی "برایانی ئیتاڵیا" کە راستڕەون زۆرینەی دەنگەکان بەدەستدەھێنن و چاوەڕوان دەکرێت "جۆرجیا میلۆنی" سەرۆکایەتی حکومەتی نوێ بکات، بەوەش راستڕەوەکان ھەژموونی حکومەت دەگرنە دەست.
ئەگەر پێشبینییەکان سەبارەت بەو ھەڵبژاردنە راست دەرچن، "جۆرجیا میلۆنی" گۆڕانکاری گەورە لە ئیتاڵیا و یەکێتی ئەوروپا دروست دەکات، بە تایبەت کە ئیتاڵیا یەکێکە لە وڵاتە دامەزرێنەرەکانی ئەوروپا و سێیەمین گەورەترین ھێزی ئابورییە لە ناوچەی یۆرۆ.
سەبارەت بە کۆچبەرانیش، سنورەکانی ئیتاڵیا دادەخات کە ساڵانە دەیان ھەزار کۆچبەر دەگەنە کەناراوەکان، ئەوەش ترسی لای رێکخراوە ناحکومییەکان دروست کردووە کە ھاوکاری کۆچبەرانی نایاسایی دەکەن.
"جۆرجیا میلۆنی" تەمەنی ٤٥ ساڵە و لە ئەگەری بردنەوەی پارتەکەیدا و دواتر بوون بە سەرۆک وەزیران، دەبێتە یەکەم ژن کە ئەو پۆستە وەربگرێت و دەبێتە یەکەم سەرۆکی راستڕەوی توندڕەویش لە نێو یەکێک لە وڵاتە ئابورییە سەرەکییەکانی ئەوروپا.
حسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، لە پەراوێزی لوتکەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە نیۆیۆرک لەگەڵ نوێنەری یەکێتی ئەوروپا و چەند وڵاتێکی تر، کۆبوونەتەوە و تاوتوێی دانوستانەکانی تایبەت بە رێککەوتنی ئەتۆمیان کردووە، ھەروەک دوپاتیانکردووەتەوە کە دەبێت لایەنی ئەمریکی بوێری ئەوەی ھەبێت بریاری پێویست بدات بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی باش و بەردەوام.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە سەرجەم کۆبونەوەکاندا جەختیان لە گرنگی ھەڵگرتنی سزا ئابورییەکانی سەر ئێران کردووەتەوە، عەبدوڵاھیان راشیگەیاندووە، ئەمریکییەکان لە رۆژانی رابردوودا پەیامێکیان ئاراستە کردوون و لەڕێیەوە نیاز پاکی خۆیان دەربڕیوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئەتۆمی .
رۆژنامەی "تایمز"ی بەریتانی بڵاویکردەوە، "ترەس" فشاری زۆری دروستکردووە بۆ چاکسازی و گەشەپێدانی ئابوری و دەیەوێت ئەو بۆشاییەی لە دەستی کار دروست بووە، بە وەرگرتنی کۆچبەران و پەنابەران پڕ بکاتەوە.
سەرچاوە حکومییەکانی بەریتانیا ئاشکرایان کردووە، لە ئێستادا وەزیرەکان تاوتوێی وەرگرتنی کرێکاری زیاتر دەکەن، بە تایبەت ئەوانەی لە ٥٠ یاخود ١٠٠ باشترین زانکۆکانی جیھان خوێندوویانە.
دەشڵێن، کارگە گەورەکانی بەریتانیا بە دەست کەمی ژمارەی کرێکاری بیانییەوە دەناڵێنن و داوایان لە "ترەس" کردووە سیستمی پێدانی ڤیزەی کار بە ھاووڵاتیانی بیانی ئاسان بکات، چونکە کەمی دەستی کار بواری پەرستاری و کشتوکاڵ و گەشتیاری و چەندین بواری تری گرتووەتەوە.
مانگی رابردوو، ٢ ملیۆن ھەلی کار لە بەریتانیا راگەیەندرا، کەرتی چاودێری کۆمەڵایەتیش ھەوڵی پڕکردنەوەی ١٠٥ ھەزار ھەلی کار دەدات، پیشەسازی کشتوکاڵیش داوای پێدانی ٣٠ ھەزار ڤیزای کردووە بۆ کرێکارانی وەرزی.
بەپێی راپۆرتێکی نوێی پشکنەری گشتی وەزارەتەکە، دەریخستووە لەنێوان مانگی ئازاری ٢٠٢٠ تا مانگی نیسانی ٢٠٢٢، بەگشتی ٤٥.٦ ملیار دۆلار وەک یارمەتی بێکاری بە شێوەیەکی ساختە خەرجکراوە.
تا ئێستا زیاتر لە ھەزار کەس بە تۆمەتی تێوەگلانییان لەم ساختەکاریانەدا تۆمەتبار کراون.
لاری تێرنەر پشکنەری گشتی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، ژمارەکان "ڕادەی کێشەکە پشتڕاست دەکەنەوە کە ئاستێکی بێ وێنەی ساختەکاری ئەنجامدراوە".
پەتای Covid لە مانگی ئازاری ٢٠٢٠ ئابووری ئەمریکای وێران کرد، لە ماوەی دوو مانگدا زیاتر لە ٢٠ ملیۆن کارمەند لە کارەکانیان دوورخرانەوە.
حکومەتی فیدراڵی بنکەی وەرگرانی یارمەتی بێکاری فراوانتر کرد، بەھا و ماوەی ئەم یارمەتییانە زیادی کرد.
نووسینگەی پشکنەری گشتی رایگەیاندووە، "لە ماوەی پێنج مانگدا زیاتر لە ٥٧ ملیۆن بێکار تۆمارکراون".
بەڵام لێشاوی داواکارییەکان کەلێنێکی بۆ ساختەکاران کردەوە لە کاتێکدا حکومەتەکانی ویلایەتەکان کە بەرپرسیارن لە پێدانی یارمەتی بێکاری کێشەیان ھەبوو لە مامەڵەکردن لەگەڵ "زیادبوونی گەورەی ژمارەی داواکارییەکانی یارمەتی بێکاری و دڵنیابوون لەوەی کە بڕی گونجاو دەدەن بە کەسی گونجاو".
ساختەکاران یارمەتی بێکارییان وەک دەروازەیەک بۆ گەندەڵی فراوانکرد ، بە تایبەت بە داواکردن لە زیاتر لە ویلایەتێک، یان بە ئیستغلالکردنی ناسنامەی کەسانی مردوو یان زیندانیکراو.
لە راپۆرتەکەدا ھاتووە بەشەکانی وەزارەت "ھەنگاوی پێویستیان نەناوە بۆ جێبەجێکردنی" ئەو راسپاردانەی کە لە فەرمانە جیاوازەکانی ڕێنماییدا دەرکراون.