جیهان

(سێرھی شیریفاتی) سەرۆکی ئیدارەی سەربازی ئۆکراین لە ھەرێمی لۆھانسک رایگەیاند، ھێزەکانیان نزیکەی ٥ ھەزار و ٥٠٠ سەربازی روسیایان لە دەوروبەری شاری لیمانی ستراتیژی لە ھەرێمی دۆنێتسک گەمارۆداوە، وتیشی، ژمارەیەک لە سەربازەکانی روسیا خۆیان رادەستکردووە و باسیان لەوەکردووە ژمارەیەکی زۆر کوژراو و بریندار لە نێو گەمارۆدراوەکانن.

ئاماژەی بەوەشکرد، ھێزە گەمارۆدراوەکەی روسیا چەند ھەوڵێکیان داوە بۆ شکاندنی گەمارۆکە بەڵام شکستیان ھێناوە.

لەلایەکی ترەوە، (پیترۆ کۆتین) سەرۆکی کۆمپانیای نیشتمانی وزەی ئەتۆم لە ئۆکراین ئاشکرایکرد، ھێزێکی روسیا (ئیگۆر مۆراشۆڤ) بەڕێوەبەری وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیایان دەستگیرکردووە و ئەوەش سەلامەتی گەورەترین وێستگەی ئەتۆمی لە ئۆکراین و ئەوروپا دەخاتە مەترسییەوە.

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیش داوای لە روسیا کرد لەبارەی ھۆکاری دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا روونکردنەوە بدات.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو بڵاویکردەوە، رۆژی شەممە لە شارەکانی "ئورمیە و شنۆ و نەغەدە و بۆکان و مەھاباد و پیرانشار و سەردەشت و سەقز و مەریوان و سنە و بانە و چەندین شاری تر"، مانگرتنی گشتی راگەیەندراوە و بەشێکی زۆری ھاووڵاتیان و کاسبکاران پەیوەستبوون بە مانگرتنی گشتی و دوکان و بازاڕەکان داخراون.

مانگرتنی گشتیی ھاووڵاتیان لە رۆژھەڵاتی کوردستان، لەسەر داوای ناوەندی ھاوکاریی حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستانە، کە داوای لە خەڵک کرد مانگرتنی گشتی رابگەیەنن، بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکان و دەربڕینی ناڕەزایی لە دژی ھێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران، بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان لە ھەرێمی کوردستان.

مانگرتنی گشتیی لە رۆژھەڵاتی کوردستان، ھاوکاتە لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران، دژی رووداوی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، کە نزیکەی دوو ھەفتەیە دەستیان پێکردووە و بەردەوامن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، تورکیا چاودێری جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانە دەکات، کە سوید و فینلەندا لە بەرامبەر رازیبوون بە بەئەندامبوون لە ناتۆ، بە تورکیایان داوە و ئەگەر ئەو بەڵێنانە جێبەجێنەکرێن، تورکیا داوای ئەندامێتیی سوید و فینلەندا لە ناتۆ پەسەند ناکات.

سوید و فینلەندا دوای ھێرشی روسیا بۆ سەر ئۆکراین، داوای ئەندامێتیان پێشکەشی ناتۆ کرد، کە لە سەرەتادا تورکیا رازی نەبوو، بەڵام دواتر تورکیا بە مەرجی رادەستکردنەوەی داواکراوەکان و ئەو کەسانەی لە تورکیا تۆمەتی تیرۆریان لەسەرە، پڕۆتۆکۆڵی بەئەندامبوونی سوید و فینلەندا لە ناتۆ ئیمزا کرد، بەڵام لەو کاتەوە تورکیا ناو بە ناو ئاگاداریی بەو دوو وڵاتە دەدات، بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پۆلیسی ئەفغانستان بڵاویکردەوە، تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە ناو ناوەندی ( کاج)ی فێرکاری لە گەڕەکی ( دەشت بارشی) رۆژئاوای کابوڵ کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی شیعە مەزھەبن روویداوە و بە پێی ئامارە سەرەتاییەکان ٢٠ کەس کوژراون و ٣٥ی تریش برینداربوون.

لە دوای گرتنەوەدەستی دەسەڵات لە لایەن بزوتنەوەی تاڵیبانەوە زنجیرەیەک ھێرش و تەقینەوەی خۆکوژی گەڕەک و ناوچە شیعەنشینەکانی گرتۆتەوە و دەیان کەس بوونەتە قوربانی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
لە رێوڕەسمێکدا لە مۆسکۆی پایتەخت بە ئامادەبوونی لێپرسراوانی باڵای روسیا و حاکمی چوار ھەرێمەکە، ڤلادیمیر پوتن پەیماننامەی لکاندنی ھەرێمەکانی "لۆھانسک و دۆنێتسک و زاپۆریژیا وخێرسۆن"ی بۆ سەر روسیا ئیمزا کرد، ئەوەش لەبەر رۆشنایی ئەنجامەکانی ئەو راپرسییەی کە لە رۆژانی ٢٣ بۆ ٢٧ی ئەم مانگە لەو چوار ھەرێمەی ئۆکراین بەڕێوەچوون.

سەرۆکی روسیا وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، ھەرێمەکانی"لۆھانسک و دۆنێتسک و زاپۆریژیا و خێرسۆن،" بوون بە بەشێک لە روسیای فیدڕاڵ، و چوونی ئەو ناوچانە بۆ سەر خاکی روسیا گوزارشت لە بڕوای ملیۆنان کەس دەکات، چونکە دانیشتووانی ئەو ناوچانە بڕیاری گەڕانەوەیان داوە  بۆ سەر خاکی روسیا و مۆسکۆش ھەرچی پێبکرێت بۆ پاراستنی خاکەکەی دەیکات.
 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

محەمەد باقری، سوپاسالاری ئێران رایگەیاند، تۆمەتەکانی ئەمریکا لەبارەی خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێرانی، ئاماژەیە بەوەی کە ئەمریکا ھاوپەیمانی جوداخوازەکانە، وتیشی، ئەگەر واشنتۆن رێکار دژی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تاران بگرێتەبەر، ئەوا ھێزە چەکدارەکانی ئێران وەڵامیان دەبێت.

سوپاسالاری ئێران ھۆشداری بە ئەمریکادا و وتی، ئەگەر لە بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی دراوسێی ئێرانەوە، دوژمنکاریی بەرامبەر ئێران و ئاسایشی نەتەوەیی و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی بکرێت، وەڵامی ئەو بنکانە دەدەنەوە و زانیاری ورد و تەواویشیان لەسەر بنکەکانی ئەمریکا لە ھەریر و ھەولێر و دھۆک ھەیە.

چوارشەممەی ڕابردوو و دوای بۆردومانەکانی ئێران بۆ سەر بارەگای حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان لە ھەرێم، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا رایگەیاند، ھێزەکانیان درۆنێکی ئێرانیان خستووەتەخوارەوە، کە ئاڕاستەی ھێزەکانیان لە ھەولێر کرابوو.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

خۆپیشاندان و ناڕەزایی دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی کچە کوردەکەی سەقز، لە شارەکانی سنە و کرماشان و  تاران و قوم و مەشھەد و ئەھواز و رەشت و شیراز و چەند شارێکی تری ئێران بەردەوامە و ئەمڕۆ لە شاری ئەھوازی پارێزگای خوزستان، شەڕ و ئاڵۆزی لە نێوان خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکان دروست بوو و ھێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران گازی فرمێسکڕێژیان بەکارھێنا و تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد، بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان دەیان خۆپیشاندەر کوژراون و برینداربوون.

رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤیش، گیانلەدەستدانی گەنجێکی دیکەی کوردی لە خۆپیشاندانەکانی شاری قوچانی سەر بە پارێزگای خۆراسان راگەیاند، ئاماژەی بەوەشکرد، گەنجەکە ناوی عەلی موزەفەرییە و تەمەن ١٧ ساڵە و بە تەقەی ھێزە ئەمنییەکان کوژراوە، لەبەرامبەر رادەستکردنەوەی تەرمەکەشی، بڕی ٥٠ ملیۆن تمەن لە کەسوکارەکەی وەرگیراوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، لە خۆپیشاندانەکانی کرمانشان ھێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردوە.

خۆپیشاندانەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە ١٦ی مانگەوە دەستیان پێکردووە و بە پێی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانیش، تا ئێستا لانیکەم ٨٣ کەس گیانیان لەدەستداوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
وەزیری دەرەوەی ئێران، لە لێدوانێکدا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە، گفتوگۆکانی تاران و ریاز بەپێی مەرجەکان بەردەوام دەبن، بۆئەوەی بگەن بە خاڵێک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و بۆ ئەو مەبەستەش ھەرکات سعودیە ئامادە بێت، پێشوازی لێدەکەن.

وتیشی، بەشێک لەوەی کە لە دانوستانەکانیان لە بەغداد لە سەری رێککەوتوون، جێبەجێکراوە و بەشێکیتری جێبەجێنەکراوە، راشیگەیاند، لەوانەیە دانوستان لە سەر ئاستی سیاسی و بە ئاشکرایی لەگەڵ سعودیە دەستپێبکەن، بەڵام پێویستە سەرەتا ئەو خاڵانەی پێشتر کە لە سەری رێککەوتوون جێبەجێبکرێن.

ئێران و سعودیە لە ساڵی ٢٠١٦ەوە پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکانیان پچڕاندووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٠وە و بە نێوەندگیریی عێراق، دەستیان بە دانوستان کردووە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان.
 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە میانی خۆپیشاندانەکانی شاری زاھیدان و لە نزیک مزگەوتی (مەکی) شارەکە، عەلی موسەوی فەرماندەی ھەواڵگری سوپای پاسداران لەناو خۆپیشاندەرانەوە تەقەی لێکراوە و کوژراوە. 

روونیشیکردەوە، گوللەیەک بەر سنگی عەلی موسەوی کەوتووە و بەھۆی سەختی برینەکەی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە. سوپای پاسداران ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە شاری زاھیدان چەند چەکدارێک ھێرشیان کردووەتە سەر سێ بنکەی سەربازیی سوپا و ترس و دڵەڕاوکێیان دروستکردووە.

ھاوکات حسێن مودەڕس پارێزگاری سیستان و بەلوچستان بە ئاژانسی ھەواڵی کۆماری ئیسلامی ڕاگەیاندووە، لە خۆپیشاندانەکانی رۆژی ھەینی، ١٩ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٠ی دیکەش برینداربوون کە بەشێکیان لە ھێزە ئەمنییەکانن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ پەرلەمانی لوبنان کۆبوونەوەیەکی بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی وڵات ئەنجامدا، لە کۆی ١٢٨ پەرلەمانتار، ٦٣ پەرلەمانتار دەنگیان بە ھیچکام لە کاندیدەکان بۆ پۆستی سەرۆکی لوبنان نەدا و دەنگەکانیان پوچەڵکردەوە. ھاوکات "میشال معەوەز" کە یەکێک بوو لە کاندیدەکان، تەنھا ٣٦ دەنگی بەدەستھێنا.

بەوەش ھیچکام لە کاندیدان بۆ ئەو پۆستە نەیانتوانی سێیەکی دەنگەکانی پەرلەمانی لوبنان بەدەستھێنن، کە پێویستە بۆ بەدەستھێنانی پۆستی سەرۆکی لوبنان. 

لوبنان لە ساڵی ٢٠١٩ەوە روبەڕووی داڕمانی ئابوری بووەتەوە و دراوی لوبنانیش ٩٥%ی بەھاکەی لەدەستداوە، ھاوکات پڕۆسەی سیاسیش پەکیکەوتووە. بڕیارە ویلایەتی سەرۆکایەتی "میشێل عەون" سەرۆکی ئێستای لوبنان لە ٣١ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ کۆتاییبێت.


 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بە بۆچوونی چاودێران ئەنجامی راپرسییەکان پێشبینیکراوبوون و راپرسییەکەش دەبێتە سەرەتای قۆناغێکی نوێ لەو جەنگی روسیا کە لە ٢٤ی شووباتەوە دەستیپێکردووە.

دیمیتری پیسکۆڤ وتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی روسیا "کریملن" رایگەیاند، رۆژی ھەینی لە مۆسکۆی پایتەخت مەراسیمی ئیمزاکردنی پەیماننامەی چوونی ئەو ناوچانە بۆ سەر خاکی روسیا بەڕێوەدەچێت و پاشان ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا وتارێک پێشکەش دەکات و چوونی ئەو چوار ھەرێمە بۆ سەر خاکی روسیا رادەگەیەنێت.

ھەرێمەکانی "لۆگانسک و دۆنێتسک  خیرسوون و زاپۆریژیا"، چوار ناوچەی ستراتیژیی ئۆکراینن، بە گشتیی روبەری ئەو ناوچانەی راپرسی چوونەپاڵ روسیایان تێدا کراوە، زیاترە لە ١٠٠ ھەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە، کە ٢٠%ی کۆی گشتیی خاکی ئۆکراین پێکدەھێنن و ژمارەی دانیشتووانەکانیان لە نێوان ٥ بۆ ٧ ملیۆن کەسە، کە دەکاتە ١٥%ی کۆی دانیشتووانی ئۆکراین، بەپێی زانیارییەکانیش لێپرسراوانی باڵای ئەو چوار ھەرێمە، دەچنە مۆسکۆ بۆئەوەی بڕیارێکی مێژوویی بدەن، کە بڕیاری چوونەپاڵ روسیایە.

ھەفتەی رابردوو راپرسی لە ھەرێمەکانی "لۆھانسک و دۆنێتسک  خیرسوون و زاپۆریژیا"، بەپێی ئەو ئەنجامانەی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان لە ناوچەی زاپۆریژیا رایگەیاندووە، دوای جیاکردنەوەی ١٠٠%ی دەنگەکان دەرکەوتووە کە ٩٣.١١%ی دەنگدەران دەنگیانداوە بەوەی بچنە سەر روسیا، لەناوچەی خیرسونیش، زیاتر لە ٨٧%ی دەنگدەران و لە لۆھانسک ٩٨.٤٢% و لە دۆنێتسکیش ٩٤.٧٥%ی خەڵک بۆ چوونە سەر روسیا دەنگیانداوە، لە یەکەم کاردانەوەشدا ڤۆلۆدمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین بەڵێنیدا، کار بکەن بۆ بەرگریکردن لە ھاووڵاتیانیان لەو ناوچانەی روسیا داگیری کردوون.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ھێزی پاراستنی کەناراوەکانی سوید ، لێچوونی غازی لە چوارەم شوێنی ھێڵی نۆرد ستریم ئاشکراکرد، ئەوەش دوای چەند رۆژێک لە ئاشکرابوونی سێ لێچوونی تری غاز لە ھێڵەکەدا.

ھاوکات دیمیتری بیسکۆڤ وتەبێژی کۆشکی کرملین ، بەبێ ئەوەی ناوی ھیچ وڵاتێک بھێنێت، وڵاتێکی بیانی تۆمەتبار کرد بە دەست ھەبوونی لە رووداوی لێچوونی غاز لە ھێڵی نۆرد سترم ١و ٢. وتیشی ئەستەمە کارێکی تیرۆریستی لەو جۆرە بەبێ تێوەگلانی دەوڵەتێک رووبدات.

ھەروەھا ماریا زاخارۆڤا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند،  شوێنی لێچوونەکان لە دەریای باڵتیک لە ژێر دەسەڵاتی ھەواڵگری ئەمریکادایە و پێویستە ئەو وڵاتە ھۆکاری پشت رووداوەکە روونبکاتەوەو بیسەلمێنێت خۆی لە پشت رووداوەکەوە نیە.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لێپرسراوێکی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە ئاژانسی بلومبێرگی وتوە، لە سزاکاندا ئەو قەوارانە کراونەتە ئامانج کە ئاسانکاری بۆ فرۆشتنی نەوتی ئێران دەکەن و بەشێکە لە پلانێکی فراوانتر بۆ توندکردنی سزاکانی سەر ھەناردەی نەوتی ئێران لە ھەفتەکانی داھاتوودا.

ئاژانسی بلومبێرگ ئەوەشی ئاشکرا کردوە، ئیدارەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا ھەوڵ دەدات رێگەکانی گەیشتنی پارە بە ئێران ببڕێت و فشارێکی زیاتر بخاتە سەر تاران تا ناچاری بکات بگەڕێتەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

(ستیڤان دوجاریک) وتەبێژی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، گۆتێرێس داوای لە دەسەڵاتی جێبەجێکار لە ئێران دەکات خۆیان بەدووربگرن لە بەکارھێنانی ھێزی ناپێویست و نەگونجاو، ھانی ھەمووانیش دەدات پەیڕەوی ئەوپەڕی دانبەخۆداگرتن بکەن بۆ دوورکەوتنەوە لە ئاڵۆزبوونی زیاتری رەوشی ئێران. 

روونیشیکردەوە، ھەمووان نیگەرانن لەو راپۆرتانەی باس لە زیادبوونی ژمارەی کوژراوەکان دەکەن لە خۆپیشاندانەکاندا بەتایبەت ژنان و منداڵان.

ھەروەھا گۆتێرێس جەختیکردووەتەوە لەسەر پێویستی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی خێرا لە ھۆکارەکانی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی کچە کوردی تەمەن ٢٢ ساڵ.

 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا راپۆرتێکی سەبارەت بە ئەنجامی سەردانەکەی "سیلیست والندەر" یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریکا بۆ کاروباری ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ ھەرێمی کوردستان بڵاوکردووەتەوە و تێیدا باس لەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە کراوە کە لەنێوان  وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ئیمزا کرا و دوپاتکراوەتەوە کە ئەو یاداشتانامەیە نەخشە رێگای ھاوبەشی نێوان پنتاگۆن و وەزارەتی پێشمەرگەیە بۆ دیاریکردنی ھاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ ھێزی پێشمەرگە، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو ئۆپراسیۆنانەی پێکەوە لە چوار ساڵی داھاتوودا بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش ئەنجامی دەدەن.

رۆژی ٢١ی ئەم مانگە ، وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان ئیمزاکرد و لەڕێیەوە، ئەمریکا پابەندی خۆی بۆ پشتیوانیکردنی رۆڵ و بەشداری ھێزی پێشمەرگە دووپاتدەکاتەوە لە تێکشکاندنی داعشدا.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

"نید پرایس" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، بە توندی ئیدانەی ئەو توندوتیژیانە دەکەن کە بەرامبەر خۆپیشاندەرانی ئێران ئەنجام دەدرێت و تائێستا بووەتە ھۆکاری کوژرانی دەیان خۆپیشاندەر.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەمریکا بە وردی چاودێری خۆپیشاندانەکان دەکات و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات دەنگی بەرز بکاتەوە بەرامبەر ئەو رێکارانەی حکومەتی ئێران دژی خۆپیشاندەران دەیگرێتەبەر و پشتگیری خۆپیشاندەرانی ئێران بکات.

ھەروەھا نید پرایس دووپاتیشیکردووەتەوە، دەبێت لێپرسراوانی ئێران گوێ لە خۆپیشاندەران بگرن نەک چەک بەامبەریان بەکاربھێنن.

وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راشیگەیاندووە، ژینا ئەمینی دەستگیرکراوە و ڤیدیۆ ھەیە کە لەکاتی دەستگیرکردنیدا لە ژیاندایە، بەڵام دواتر گیانی لەدەستداوە و بەڵگەکان رونن کە کوژراوە.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...216217218219220...416