ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە رەوشی عێراق ئەنجامدا و جینین پلاسخارت نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاند، ناکرێت بێدەنگ بن لە بەرامبەر ھێرشەکانی ئێران لەعێراق و پێویستە پێشێلکردنی سەروەری ئەو وڵاتە بوەستێنرێت، وتیشی، ناکۆکییەکان عێراقیان بەرەو رێگایەکی داخراو بردووە و گەندەڵیش بووەتە نیشانەیەکی دیار لە ئابووری عێراقدا و پێویستە خۆپیشاندانەکانیش ئاشتییانە بن.

 نوێنەرانی ئەمریکا و فەڕەنسا و ھندستان و مەکسیکیش لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایانگەیاند، ھێرشەکانی ئێران لە ھەریمی کوردستان پێشێلکردنی سەروەرری عێراقە و پێویستە رێز لە سەروەری عێراق و ھەرێمی کوردستان بگیرێت، چونکە ئەو ھێرشانە ھەڕەشەیەکی مەترسیدارن بۆ سەقامگیری ناوچەکە.

ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا نوێنەری روسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند نیگەرانین لە بوونی پێکدادانە سەربازییەکان لە ھەرێمی کوردستان و ھێرشەکانی ئێرانیش لە ھەرێمی کوردستان سەقامگیری ناوچەکە تێکدەدات، بۆیە پێویستە ئەو ھێرشانەی سەر ھەرێمی کوردستان بوەستێنرێن، نوێنەری چینیش لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی پشتیوانی لە سەروەری عێراق دەکەن، چونکە ئەو وڵاتە لەبەردەم ئاستەنگی گەورەدایە.