وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، لە ھێرشێکدا بۆ سەر باڵەخانەی باڵیۆزخانەکەیان لە کۆپنھاگنی پایتەختی دانیمارک کارمەندێک برینداربووە و زیانیش بە ئۆتۆمبێلەکانی تایبەت بە باڵیۆزخانەکەیان گەیشتووە، ھاوکات (ئەفسانە نادیپور) باڵیۆزی وڵاتەکەیان رووبەرووی ھەڕەشە بووەتەوە.

راشیگەیاند، بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر ئەو رووداوە، باڵیۆزی دانیمارکی لە تاران بانگھێشتکردوە و نیگەرانی وڵاتەکەی پێگەیاندوە لە سستی بەدەنگەوەچوونی پۆلیس بۆ رووداوەکە. 

پێشتریش  پۆلیسی دانیمارک رایگەیاندبوو، کەسێکی تەمەن ٣٢ ساڵیان دەستگیرکردووە کە بە چەقۆ چووەتە ناو باڵیۆزخانەی ئێران و بەوھۆیەشەوە رووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە.