دووشەممە یەکێتی ئەوروپا بۆ سزادانی ئێران کۆدەبێتەوە
رێبوار
١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢
٧٣٩
بە پێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی بڵاوکراونەتەوە، ئەمڕۆ لە شارەکانی سنە و سەقز و چەند شارێکی دیکە دوکاندار و کاسبکاران مانگرتنیان راگەیاندوە و نەچوونەتە سەر کارەکانیان، ھاوکات چالاکوانانیش بانگەوازیان کردووە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی ئەمرۆ بە دروشمی( سەرەتای کۆتایی) لە سەرتاسەری ئێران بەردەوام بێت.
شەوی رابردووش خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان لە شارەکانی یەزد و دزەفول و بۆکان و ورمێ و مەریوان و تاران و لاھیجان ئەسفەھان و ئەھواز و چەند شارێکی تر بەردەوام بوو.
بە پێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان، لە شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان ھەڵمەتی فراوان بۆ دەستگیرکردنی چالاکوانان و خۆپیشاندەران درێژەی ھەیە و لە دوو رۆژی رابردوودا ژمارەیەک گەنج لە شنۆ و کامیاران و مەھاباد و سنە و ئیلام دەستگیرکراون.
لەلایەکی ترەوە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ژنانی ئێران پێویستە ئەو پۆشاکە بپۆشن کە ئارەزووی دەکەن و دەبێت دەسەڵاتدارانی ئێران کۆتایی بە توندوتیژیی لەدژی ئەو کەسانە رابگرن کە پەیڕەوی مافە بنەڕەتییەکانیان دەکەن.
بڕیاریشە رۆژی دووشەممە یەکێتی ئەوروپا کۆببێتەوە و سزای نوێ بەسەر چوار قەوارە و ١١ لێپرسراوی باڵای ئێراندا بسەپێنێت کە رۆڵیان ھەبووە لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران.