ریشی سوناک بەڵێنی دا کار بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی دارایی بکات
کوردسات نیوز
٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢
٨٨٦
دوای کشانەوەی ھەریەکە لە بۆریس جۆنسن و پێنی مۆردانت لە رکابەرییەکانی سەرۆکایەتی پارتی پارێزگاران، ریشی سوناک وەزیری پێشووی گەنجینە بووە بە سەرۆکی پارتی پارێزگاران و شوێنی لیز ترەس سەرۆک وەزیرانی دەستلەکارکێشانەوەی گرتەوە کە رۆژی پێنج شەممەی رابردوو دوای ٤٤ رۆژ لە دەستبەکاربوونی دەستی لەکارکێشایەوە.
سوناک یەکەمین بەریتانی بە رەچەڵەک ھندیە دەبێتە سەرۆکی پارتی پارێزگاران و سەرۆک وەزیران، سوناک لەوتەیەکدا دوای ھەڵبژاردنی ئەولەویەتی حکومەتەکەی بۆ رووبەرووبوونەوەی قەیرانی دارایی ئاشکراکردو بەڵێنی دا بە دەستپاکی و لەخۆبردوویەوە کاربکات لە پێناو گەلی بەریتانیا، وتیشی، لە پێناو بەریتانیادا پێویستیان بە سەقامگیری و یەکگرتووییە بە سەقامگیری و یەکگرتووی رووبەرووی ئاڵنگارییە قوڵەکان دەبنەوە.
سوناک ستایشی لیز ترەس سەرۆک وەزیرانی دەستلەکارکێشاوەی کرد بۆ خزمەتگوزارییە گشتییەکانی لە رەوشێکی زۆر سەخت و ئاڵۆزدا. لەبەرامبەریشدا لیزترەس ھەموو پشتیوانییەکی بۆ سوناک راگەیاند،
ھاوکات پەرلەمانتارانی پارتی پارێزگاران رایانگەیاند، ریشی سوناک بەڵێنی داوە ھەموو باڵەکانی پارتی پارێزگاران لە حکومەتدا نوێنەرایەتیان ھەبێت، جەختیشیانکردەوە، سوناک لەم کاتەدا ھەڵبژاردنی پێشوەخت بە دوور دەزانێت و ھەموو ئەولەویەتی حکومەتەکەی بۆ سەقامگیری ئابوری دەبێت.
لەکاردانەوەیەکیشدا پارتی کرێکارانی ئۆپۆزسیۆن کە پشتیوانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت دەکات رایگەیاند، خێزانەکانی بەریتانیا لە دڵەڕاوکێدان و ھیچ شتێکی دڵنیاکەرەوەیان لە ریشی سوناک نەبیستووە.
ھەروەھا نیکۆلا ستێرجین سەرۆک وەزیرانی سکۆتلەندا پێشنیازیکرد ھەڵبژاردنی پێشوەخت بکرێت و راشیگەیاند، ھەرگیز دەنگ بە سوناک نادەن.
ریشی سوناک لە ساڵی ١٩٨٠ لە دایکو باوکێکی بە رەچەڵەک ھندی لە شاری ساوسامپتۆن لەدایکبووەو لە ساڵی ٢٠١٠کاری سیاسی لەناو پارتی پارێزگاران دەستپێکردوەو بچوکترین سەرۆک وەزیرانی بەریتانیایە لە ٢٠٠ ساڵی رابردوودا، ھەروەھا یەکێکە لە دەوڵەمەندترین سیاسیەکانی بەریتانیا سامانەکەی لە پاشای بەریتانیا زیاترە.
ریشی سوناک رکابەرییەکانی سەرۆکایەتی پارتی پارێزگارانی بەریتانیای بردەوە و بە رەسمی بوو بە سەرۆک وەزیرانی نوێی بەریتانیا، سوناک لە یەکەم وتاردا پێشینەی حکومەتەکەی ئاشکرا کرد و بەڵێنیدا بە دەستپاکی و لەخۆبردوویەوە کاربکات لە پێناو گەلەکەیدا، پارتی کرێکارانی ئۆپۆزسیۆنیش رایگەیاند، ھیچ شتێکی دڵنیاکەرەوەیان لە سوناک نەبیستوەو گەلی بەریتانیا لە دڵەراوکێدایە.