ئەمە چوارەمین جارە کە جەزائیر میوانداری ئەو لوتکەیە بکات و ١٧ سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی بەشداری تێدا دەکەن و لەژێر ناونیشانی "یەکگرتنەوە" بەڕێوەدەچێت.

ھاوکات لە یەکەم سەردانی رەسمیدا بۆ دەرەوەی وڵات، د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق بە یاوەری وەفدێک گەیشتە جەزائیر و لە فڕۆکەخانەی "بومدین" لەلایەن عەبدولمەجید تەبون سەرۆک کۆماری جەزائیر و ئەحمەد ئەبوغەیت ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبی پێشوازی لێکرا.

بڕیاریشە ئەمڕۆ سەرۆک کۆماری عێراق وتارێک لەبارەی کۆی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی  پێشکەش بکات و ئاماژە بە پلان و بەرنامەکانی حکومەتی نوێی عێراق بکات.
٣١مین لوتکەی وڵاتانی عەرەبی بڕیاربوو لە ساڵی ٢٠٢٠ ببەسترێت، بەڵام بەھۆی پەتای کۆرۆناوە دواخراوە.

گرنگترین ترەوەرەکانیش بریتی دەبن لە کێشەی فەڵەستین و قەیرانەکانی سوریا و یەمەن و لیبیا و لێکەوتەکانی جەنگی روسیا و ئۆکراین و قەیرانی وزە، ھەروەھا دەستوەردانەکانی تورکیا و ئێران و چاکسازی لە کۆمکاری عەرەبی.