میدیا رەسمییەکانی کۆریای باکور بڵاویانکردەوە، "کیم جۆنگ ئون" لە میانی پلەبەرزکردنەوەی دەیان ئەفسەری سوپای وڵاتەکەی کە بەشدارییان کردووە لە تاقیکردنەوەی گەورەترین موشەکی بالیستی لە ماوەی رابردوودا، رایگەیاندووە، ئامانجی ئەوەیە کۆریای باکور بکاتە خاوەن بەھێزترین ھێزی ئەتۆمی لە جیھاندا کە ھاوشێوەی نەبوبێت، لە پێناو پاراستنی شکۆ و سەروەری وڵات.
سەرۆکی کۆریای باکور باسی لەوەش کردووە، زانایانی وڵاتەکەی توانیویانە لە بەرەوپێشبردنی تەکنەلۆژیای کڵاوەی ئەتۆمی ھەنگاوی گرنگ بنێن، بەبێ ئەوەی زانیاری زیاتر بخاتەڕوو.
وتیشی، مووشەکی ھواسونج ١٧ بەھێزترین چەکی ستراتیژییە لە جیھاندا و دەریدەخات پیۆنگ یانگ دەتوانێت بەھێزترین سوپا لە جیھان بنیات بنێت.
عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران رایگەیاند، ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی خۆرئاوا بەردەوام دژایەتی بەشێکی زۆر لە وڵاتانی خۆرئاوای کیشوەری ئاسیا دەکەن بەتایبەتیش ئێران و ویستویانە بەرژەوەندییەکانیان بکەنە ئامان، بەڵام شکستیانھێناوە و لە ھیچ شوێنێک نەیانتوانیووە سیاسەت و بڕیارەکانیان بەسەر ئێراندا بسەپێنن، چونکە بەتوندی روبەڕوویان بوونەتەوە.
وتیشی، ئێران لە ھەر شوێنێک بووبێت ئەمریکا ھێرشی کردووەتە سەری و بەرژوەندییەکانی کردووەتە ئامانج، بەڵام سیاسەتەکانی ئێران لە عێراق و سوریا و لوبنان، شکستی بە ئەمریکا ھێناوە.
سوپای ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو مووشەک ئاڕاستەی بنکەیەکی ھێزەکانیان لە شاری شەدادی سەر بە پارێزگای حەسەکە کراون و ھێزەکانی سوریای دیموکراتیش چوونەتە شوێنی ھەڵدانی مووشەکەکان و دەستیانگرتووە بەسەر مووشەکێکی تردا و مووشەکەکان ھیچ زیانێکیان لێنەکەوتۆتەوە.
شەش رۆژە سوپای تورکیا ئۆپراسیۆنێکی بەناوی چنگ - شمشێر لە باکوری سوریا دەستپێکردوە و لێپرسراوانی ئەمریکاش دەڵێن ھەر لەشکرکێشییەکی نوێی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان مەترسی لەسەر سەلامەتی ھێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دروست دەکات.
پەرلەمانی روسیا بە زۆرینەی دەنگ ھەمواری یاسای قەدەغەی بانگەشە بۆ ھاورەگەزخوازی پەسەندکرد و ھەر جۆرە بانگەشەیەکی بۆ پەیوەندی رەگەزی نا ئاسایی لە کۆمەڵگە و راگەیاندنەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کتێب و فیلمەکاندا قەدەغەکرد.
ڤیاچیسلاڤ ڤۆلۆدین سەرۆکی دۆما رایگەیاند، بانگەشە بۆ پەیوەندی رەگەزی نایاسایی و گۆڕینی رەگەز قەدەغەکراوەو ھەر کەسێک سەرپێچی بکات ( ١٦٠) ھەزار یۆرۆ سزا دەدرێت.
پەرلەمانی ئەوروپاش نیگەرانی خۆی لە یاساکەی پەرلەمانی روسیا دەربڕی و رایگەیاند، ئەو جۆرە یاسایانە ھاندەر دەبن بۆ ترس لە ھاورەگەزخوازی و سەرکوتکردنی وتاری رەخنەیی و جێگرەوە.
ئیبراھیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا لە شاری ئیسلام شەھر دووپاتیکردەوە، گەلی ئێران بەدرێژایی ٤٣ ساڵ پیلانی سەرجەم دوژمنانی شکستپێھێناوە. ئەوەی وایکردووە، ھەوڵی دوژمن سەرەڕای ھەموو پیلانگێڕییەکان شکستبھێنێت ئامادەیی گەلی ئێران و رۆشنبیری و بیروباوەڕەکەیەتی، جەختیشیکردەوە لەسەر بەردەوامی پاراستنی ئەو رۆشنبیری و بیروباوەڕە بۆ ئاشکراکردنی پیلانی دوژمنان.
رەئیسی ئاماژەی بەوەشکرد، دوژمن چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانی کردۆتە ئامانج لەبەرئەوە پێویستە رایەڵە رۆشنبیرییەکان لە نێوان ھەموو نەتەوەکان بپارێزرێن بۆ گەرەنتی پێکەوەژیان.
ھەروەھا حسین سەلامی فەرماندەی سوپای پاسداران رایگەیاند، دوژمن نیگەران و توڕەیە لەبەرئەوەی سەرجەم سیاسەتەکانی لەناوخۆی وڵات شکستیانھێناوە، وتیشی، ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی دەیانویست ئێران و گەلەکەی لە جیھان داببڕن بەڵام ئەوان بەردەوام بوون لە بەرەوپێشچوون و بەدەستھێنانی دەستکەوتی نوێ.
لەم ڕۆژەدا مارکێت و ناوەندەکانی فرۆشتنی جلوبەرگ و شتومەک و خۆراک و زۆرێک لە پێداویستییەکانی دیکە داشکاندنێکی بەرچاو بۆ کاڵاکانیان دەکەن و خەڵکانێکی زۆریش چاوەرێی ئەم ڕۆژە دەکەن بۆ دەستەبەری پێداویستییەکانیان.
ھەینی رەش لە ئەمریکا و بەریتانیا و ئەوروپا، بە سەرەتای دەستپێکی کڕینی دیاری جەژنی سەری ساڵیشەوە گرێدراوە، لەو ڕۆژەدا داشکانی زۆر گەورە دەکرێت بۆ کەلوپەلەکان و نرخەکان دادەبەزن بۆ نزمترین ئاست بەراورد بە یانزە مانگی ساڵ.
ھەینی ڕەش یاخود بلاک فڕایدەی لەم چەند ساڵەی دواییدا وەک ڕۆژی داشکاندنی تایبەت لە مۆڵە گەورەکانی ھەرێمی کوردستان بووەتە باو و داشکاندنەکان لەم رۆژەدا سوودێکی زۆر بە کڕیارەکان دەگەیەنن.
ناوەندی ھاوکاری حزبەکانی کوردستانی ئێران لە بانگەوازێکدا داوا لە لایەنە سیاسییەکان و چالاکوانان و چین و توێژەکانی سەرانسەری ئێران دەکات لەپێناو بە ھێزکردنی یەکگرتوویی و پشتیوانی خەڵکی کوردستان ئەمڕۆ مانگرتنی گشتی دەستپێبکەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، زیاتر لە دوو مانگە خۆپیشاندان و ناڕەزایی بە دروشمی (ژن ، ژیان، ئازادی) زۆربەی ناوچەکانی ئێرانی گرتووەتەوە، کوردستانیش وەک ھەمیشە پێشڕەوی خەباتی خەڵکی ئازادیخوازی ئێران و بەشێکی گەورەی قوربانییەکان لە رۆژھەڵاتی کوردستانن و چەند رۆژێکیشە ھێزە ئەمنییەکانی ئێران بەھەموو توانای خۆیانەوە پەلاماری خۆپیشاندەرانی رۆژھەڵات دەدەن.
ھاوکات گروپێکیش کە ناوی خۆیان ناوە "گەنجانی شۆڕش لە ئێران" داوایانکردووە ئەمڕۆ تەواوی دوکان و شوێنە بازرگانییەکان دابخرێن و مانگرتنی گشتی رابگەیەندرێت، وەک پاڵپشتییەک بۆ شارە کوردییەکان.
ئیدارەی فریاگوزاری و کارەساتە سروشتییەکانی تورکیا بڵاویکردەوە، سەعات ٤ی بەرەبەیانی ئەمرۆ بومەلەرزەیەک بە گوڕی ٥.٩ پلە بە پێوەری رێختەر ناوەندی پارێزگای دوزجەی لە باکوری رۆژئاوای وڵات ھەژاندووە و بەھۆیەوە ١٠٠ کەس برینداربوون.
راشیگەیاندووە، دوای چەند خولێکی تریش بومەلەرزەیەکی تر بە گوڕی ٤.٧ پلە بە پێوەری رێختەر ناوچەی جیلیملی سەربە دوزجە روویداوە، ھەروەھا ٣٥ بومەلەرزەی تریش لەدوای یەکەم روویانداوە، شارەکانی ئەنقەرە و ئیستەنبوڵ و بۆرسا و ئاسکی شەھیر و چەند شارێکی تری تورکیا ھەستیان بە بومەلەرزەکە کردووە.
ئیدارەی فریاگوزاری و کارەساتە سروشتییەکانی تورکیا ئاشکرایکرد، بومەلەرزەکان زیانی بە بەشێک لە بینا و باڵەخانەکان گەیاندووە و ھاووڵاتیان لە ترساندا چوونەتە سەرشەقامەکان و بۆ خۆگەرمکردنەوە ئاگریان کردووەتەوە.
ھەروەھا ھەردوو شاری سەکاریا و دوزجە لە ترسی دووبارەبوونەوەی بومەلەرزەکە، ئەمڕۆیان لە ناوەندەکانی خوێندن کرد بە پشوو.
بەھۆی بومەلەرزەکەوە ١٠٠ کەس برینداربوون و زیان بە بەشێک لە خانوو و باڵەخانەکان کەتووە
سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، تەقینەوەی یەکەم لە نزیک وێستگەیەکی پاس لە دەروازەی شاری قودس بووە و ھێشتا ھۆکاری تەقینەوەکە نازانن. بەشێک لە میدیاکانیش بڵاویانکردووەتەوە، تەقینەوەکە لەڕێی بۆمبێکی چێندراوەوە بووە کە لەنێو جانتایەکدا دانراوە.
سەبارەت بە تەقینەوەی دووەمیش، ھێشتا زانیاری تەواو بەردەست نییە و چەند کەسێک برینداربوون.
تەندروستی ئیسرائیلیش بڵاویکردووەتەوە، بەھۆی تەقینەوەکانەوە ١٢ کەس برینداربوون، کە رەوشی تەندروستی چوار کەسیان جێگیر نییە.
دوو ھەفتە لەمەوبەر، دوو ھاووڵاتی فەڵەستینی بە تەقەی ھێزەکانی ئیسرائیل لە شاری جنین لە کەرتی خۆرئاوا کوژران، رۆژنامەی "جیروزالیم پۆست"یش بڵاویکردەوە، سوپای ئیسرائیل سەربازەکانی رەوانەی "جنین" کردووە، بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێکی سەربازی.
ئاژانسی ھاوار بڵاویکردەوە، تورکیا بەرەبەیانی ئەمڕۆ ژمارەیەک گوندی لە سنووری ناوچەی شەھبا لە سنووری پارێزگای حەلەب بۆردومانکردووە و رۆژی سێشەممەش زیاتر لە ٤٠ پێگەی لە ناوچەکانی باکوور و رۆژھەڵاتی سوریا بۆردومانکردووە، کە بەشێکیان لە ناوچەی شەھبا بوون و ژمارەیەک بنکەی تەندروستی و فێرکاری و کارەبا و ژمارەیەک گوند بەر بۆردومانەکە کەوتوون.
ھاوکات روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، تانک و تۆپخانەکانی سوپای تورکیا ١٠ گوندیان لە سنووری تل تەمر لە باکووری رۆژئاوای پارێزگای حەسەکە بۆردومانکردووە، روانگەی سوریا راشیگەیاند، بەھۆی بۆردومانەکانی رۆژی سێشەممەی تورکیا لە ناوچەکانی سەربە خۆبەڕێوەبەریی باکوور و رۆژھەڵاتی سوریا، چوار شەڕڤانی ھێزەکانی سوریای دیموکرات-ھەسەدە گیانیان لەدەستداوە و سێ سەربازی حکومەتی سوریاش کوژراون.
ھەر رۆژی سێشەممە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بنکەیەکی سەربازیی ھاوبەشی ھەسەدە و ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیان لە باکووری حەسەکە بۆردومانکرد، بەھۆیەوە دوو کەس کوژراون و سێ کەسی تریش بریندار بوون.
تورکیا چوار رۆژە ئۆپراسیۆنێکی نوێی لە ناوچەکانی باکووری رۆژئاوای کوردستان و ھەرێمی کوردستان دەستپێکردووە و لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ناوچەکانی سنووری کۆبانێ و حەسەکە بۆردومان دەکات.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا بەتوندی ئیدانەی پێشێلکارییە بەردەوامەکانی سەروەری خاکی عێراق دەکات و داوا لە ئێران دەکات واز لە ھەڕەشەی بەکارھێنانی ھێز بھێنێت بۆ سەر خاکی ھەرێمی کوردستان.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راشیگەیاندووە، بەپێی زانیارییەکان ئێران رۆژانی ٢٠ تا ٢٢ی مانگ بە مووشەک و فرۆکەی بێفرۆکەوانی بۆمبرێژکراو و مووشەک بنکە و بارەگای حزبەکانی رۆژھەڵاتی لە ھەرێمی کوردستان بۆردومان کردووە و بەھۆیەوە پێشمەرگەیەک گیانی لەدەستداوە.
لە دوای سەرھەڵدانی خۆپیشاندانەکان لە رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران تائێستا ئێران چوارجار ھێرشیکردووەتە سەر حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان لەناو خاکی ھەرێم و بەھۆیانەوە ٢٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٦٥ کەسی تریش برینداربوون.
ئەمڕۆ بۆ دووەم رۆژە خولی ١٩ەیەمینی کۆبوونەوەکانی ئەستانا لە کازاخستان، بە بەشداری نوێنەرانی روسیا و تورکیا و ئێران و حکومەت و ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەستیپێکردووە، بەڵام وەک خولەکانی پێشوو ئەمجارەش ھیچ نوێنەرێکی رۆژئاوای کوردستان بەشداری لە کۆبوونەوەکاندا نەکردووە.
نوێنەری تایبەتی سەرۆکی روسیا بۆ کاروباری سوریا رایگەیاند، بەشداربووانی کۆبوونەوەکانی ئەستانا رەوشی ئەمنی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە سوریا تاوتوێدەکەن، ھاوکات ئەیمەن عاسمی وتەبێژی وەفدی ئۆپۆزسیۆنی سوریا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکانیان داھاتووی کاری لیژنەی نوسینەوەی دەستوور و چارەنووسی ناوچەکانی تەل رەفعەت و مەنبج لە باکووری سوریا و دەرھێنانیان لەژێر دەستی ھەسەدە تاوتوێ دەکەن.
لە ساڵی ٢٠١٧وە بە ئامانجی چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا، روسیا و ئێران و تورکیا دەستیان بە کۆبوونەوەکانی ئەستانا کردووە و تائێستا ١٩ جار بە بەشداری وەفدی ئۆپۆزسیۆن و حکومەتی سوریا کۆبوونەتەوە.
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران بڵاویکردەوە، عەقید داود جەعفەری راوێژکاری ھێزی ئاسمانی سوپای پاسداران لە سوریا، ئێوارەی رۆژی سێشەممە لەلایەن ئەندامانی قەوارەی جولەکە و بەھۆی تەقاندنەوەی بۆمبێکی چێنراو لە نزیک دیمەشقی پایتەخت کوژراوە.
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران دووپاتیشیکردووەتەوە، وەڵامی ئەو تاوانەی قەوارەی جولەکە دەدەنەوە.
جۆ کیربی وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا رایگەیاند، بە قووڵی نیگەرانن لە پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران و سیاسەتیان بەرامبەر تاران نەگۆڕاوە و ھەرگیز رێگەنادەن ئەو وڵاتە ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
ھاوکات بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا لە راگەیەندراوێکی ھاوبەشدا ئاماژەیان بەوەکرد، ئیدانەی ھەنگاوەکانی ئێران بۆ پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەکەن و ئەو وڵاتە بە زیادکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم لە وێستگەی ئەتۆمیی فۆردوو، سنوورە رێگەپێدراوەکانی لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی تێپەڕاندووە.
راشیگەیاند، ھەنگاوەکانی ئێران ھەڕەشەن لەسەر بەرنامەی جیھانی بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی و لەو بارەیەوە لەگەڵ ھاوبەشەکانیان بەردەوامدەبن لە راوێژکردن بۆ گرتنەبەری باشترین وەڵام بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ھەڕەشەی بەرنامەی ئەتۆمییەکەی ئێران.
رۆژی سێشەممە ئاژانسی ھەواڵیی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئێران لە وێستگەی ئەتۆمیی فۆردوو بە بەکارھێنانی ئامێری سێنتەرفیووجی پێشکەوتوو، دەستی بە پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ پلەی ٦٠% کردووە، بە نیازیشە ژمارەیەک ئامێری تری سێنتەرفیووج لە ھەمان وێستگە بخاتەکار.
پەرلەمانی ئەوروپا لە کۆبوونەوەیەکیدا تایبەت بە ھەڵسەنگاندنی ھێرش و بۆردومانەکانی روسیا بۆ سەر شار و شارۆچکەکانی ئۆکراین، بە زۆرینەی دەنگ بڕیارێکی لە دژی روسیا پەسەندکرد و خستییە ناو لیستی وڵاتانی ھاوکار و پشتیوانی تیرۆر.
"ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی" سەرۆکی ئۆکراینیش رایگەیاند، پەرلەمانی ئەوروپا بڕیارە راستەکەی داوە، چونکە ئەو ھێرش و بۆردومانانەی روسیا بەشێوەیەکی ھەڕەمەکی ئەنجامی دەدات و شوێنی نیشتەجێبوون و خزمەتگوزاری و مەدەنی لە ناوەندە سەربازییەکان جیاناکاکەتەوە، ئەوەش جگە لە کردەوەی تیرۆریستی ھیچی تر نییە.
محەمەد پاکبور فەرماندەی ھێزی زەمینی سوپای پاسداران لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە بەردەوامی ھێرشەکان بە مووشەک و فڕۆکەی بێفرۆکەوان کە لە چەند رۆژی رابردوودا سوپای پاسداران ئەنجامیداوە، قۆناغێکی تری ھێرشی مووشەکی کراوەتە سەر بنکەکانی پارتی ئازادی کوردستان لە پردێ، بەو پێیەی رۆڵی ھەبووە لە پشتیوانیکردنی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی باکوری رۆژئاوای وڵات.
دووپاتیشیکردەوە، ھێرشەکان بۆ سەر بنکە و بارەگای حزبە نەیارەکانی ئێران لە ھەرێمی کوردستان بە بەھێزی بەردەوام دەبێت تاکو کۆتایی بەھەڕەشەکانیان دێت و لە چەکدادەماڵرێن.