جیهان

فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا سنتکۆم رایگەیاند، ھێزەکانیان لە باکوری سوریا گەڕانە ھاوبەشەکانیان لەگەڵ ھێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش راگرتووە، ئەوەش دوای ئەوەی ھەسەدە لە دەرئەنجامی ھێرش و بۆردومانەکانی تورکیا ھەماھەنگییەکانی لەگەڵ ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش راگرت.

ئاماژەی بەوەشکردوە، سوپای ئەمریکا و ھەسەدە گەڕانەکانیان بۆ پاراستنی کەمپی ھۆل و گرتووخانەکان بەردەوام دەبێت و ئەمڕۆش گەڕانی نوێ ئەنجام دەدەن.

لەلایەکی ترەوە جۆن کێربی وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی لە کۆشکی سپی  رایگەیاند، بۆردومانەکانی تورکیا بۆ سەر باکوری سوریا بەردەوامە، بەڵام ھیچ ئاماژەیەک نییە بۆ نزیکی ھێرشی زەمینی.

وتیشی، ھەر ئۆپراسیۆنێکی نوێ لە باکوری سوریا تەنھا مەدەنییەکان ناخاتە مەترسییەوە، بەڵکو لەوانەیە مەترسی بۆ سەر ھێزەکانیشیان لە ناوچەکەدا دروست بکات و سەرنجی ھاوبەشەکانیان لە ھێزەکانی سوریا لە ئەرکی سەرەکی لادەبات کە بریتییە لە بەرەنگاربوونەوەی گروپی تیرۆریستی داعش.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

میدیاکانی تورکیا لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە بڵاویانکردەوە، ئێوارەی رۆژی ھەینی سوید داواکراوێکی بەناوی مەحمود تات رادەستی تورکیا کردووەتەوە کە لە ساڵی ٢٠١٥ ھەڵاتووە و روویکردووەتە سوید.

میدیاکان ئاماژەیان بەوەشداوە، مەحمود تات بەتۆمەتی پەیوەندی بە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە لەلایەن دادگاوە سزای شەش ساڵ و ١٠ مانگی بەسەردا سەپێنراوە و لە سویدیش داواکاری مافی پەنابەری رەتکراوەتەوە و ماوەیەک لەمەوبەر لەلایەن پۆلیسەوە راگیراوە و دوای تەواوکردنی رێکارەکان بە فڕۆکەیەک نێردراوەتەوە بۆ تورکیا.

رادەستکردنی داواکراوان لە لایەن سویدەوە بە تورکیا، یەکێکە لە مەرجەکانی رازیبوونی ئەنقەرە بۆ بەئەندامبوونی سوید و فینلەندا لە ناتۆ.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رێکخراوی ھرانا بۆ مافی مرۆڤ بڵاویکردەوە، بەھۆی بەردەوامی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان لە شارەکانی ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان، ئاماری گیانلەدەستدان و دەستگیرکردن بەردەوام  لە بەرزبوونەوەدایە. 

بەپێی دوایین ئامار، لەسەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە تائێستا، ٤٦٢ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٩ ھەزار کەسیش دەستگیرکراون، کە لەنێویاندا منداڵ و مێردمنداڵ ھەیە. 

ھاوکات رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، گەنجێکی کورد بە ناوی ئیحسان قاسمی خەڵکی شاری کەنگاوەر شەوی چوارشەممە لە شاری کەرەج بە تەقەی راستەوخۆی ھێزە ئەمنییەکان کوژرا، گەنجێکی خەڵکی بۆکانیش بە ناوی ئاوات قادرپور دوای بریندارکردنی لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە بەھۆی سەختی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانەی عارفیانی شاری ئورمییە گیانی لەدەستدا.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
"میخایلو بودولیاک" یەکێک لە راوێژکارانی سەرۆکی ئۆکراین لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، بەپێی ئامارە رەسمییەکانی دەستەی ئەرکانی گشتی، نزیکەی ١٠ ھەزار بۆ ١٣ ھەزار سەربازی ئۆکراینی لە جەنگدا کوژراون. وتیشی لەکاتی گونجاودا "زیلینسکی" تەواوی ئامارەکان دەخاتەڕوو. 

راوێژکارەکەی "زیلینسکی" وتیشی، لە مانگی حوزەیراندا کە روسیا ھەوڵی کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی ناوچەی لوھانسکی دەدا لە خۆرھەڵاتی ئۆکراین، رۆژانە ٦٠ بۆ ١٠٠ سەربازیان لەدەستدەدا. 

لە بەرامبەردا، "سێرگی شۆیگو" وەزیری بەرگری روسیا رایگەیاندووە، لە سەرەتای جەنگەوە پێنج ھەزار و ٩٣٧ سەربازییان کوژراون.


 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

"بایدن" لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا لەگەڵ "ئیمانوێل ماکرۆن" سەرۆکی فەڕەنسا وتی، ئامادەیە لەگەڵ "ڤلادمیر پوتن" کۆببێتەوە، بەڵام بەو مەرجەی تاوتوێی کۆتایھێنان بە جەنگ  لە ئۆکراین بکات. 

سەرۆکی ئەمریکا وتیشی، لەگەڵ "ماکرۆن" رێککەوتوون کە لێپێچینەوە لەگەڵ روسیا بکەن لەسەر ئەو جەنگەی دژی جیھان بەرپایکردووە، چونکە "پوتن" پێیوایە دەتوانێت دژی ھەموو ئەوانە بوەستێتەوە کە دژایەتی دەکەن، بەڵام ھێرشکردنە سەر ژێرخانی ئۆکراین و وزەی ئەوروپا و دروستبوونی قەیرانی خۆراک، زیان بە کەسانی ھەژار دەگەیەنن لە ھەموو جیھاندا.

جۆ بایدن جەختیشیکردەوە، واشنتن و پاریس پشتیوانی کیێڤ دەبن لە جەنگدا و بەردەوامدەبن لە ھاوکاریکردنی ئۆکراین. 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
"ئەلکساندەر لاڤرینتیڤ" نێردەی سەرۆکی روسیا بۆ سوریا لەبارەی نزیکبوونەوەی ئەنقەرە و دیمەشق رایگەیاند، پەیوەندی ھەواڵگری لەنێوان ھەردوو وڵاتدا ھەیە و بەردەوامە، کە ئەوەش یارمەتیدەر دەبێت لە چارەسەرکردنی چەندین دۆسیەی ھەڵپەسێردراوی نێوانیان.
 
وتیشی، دەکرێت پەیوەندییەکان بۆ ئاستێکی بەرزتر بگەڕێندرێنەوە، بەڵام "مەولود چاوش ئۆغلۆ" وەزیری دەرەوەی تورکیا وتویەتی ھێشتا کاتی ئەوە نەھاتووە.

ئەو لێپرسراوە روسییە باسی لەوەشکردووە، کاردەکەن لەسەر ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لەنێوان "رەجەب تەیب ئەردۆغان" سەرۆک کۆماری تورکیا و "بەشار ئەسەد" سەرۆکی سوریا لە روسیا، چونکە ئەو کۆبوونەوەیە ئەرێنی و سودبەخش دەبێت، بە تایبەت بۆ پێشھاتەکانی ناوچەکە.

وتیشی، "ئەردۆغان" ویستی نزیکبوونەوەی ھەیە و پێیوایە کە دەبێت سوریا و تورکیا ھەنگاو بەرەو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانیان بنێن. 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

میلانی جولی وەزیری دەرەوەی کەنەدا رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئێران ھەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان، بەڵام گەلی ئێران بەردەوامە لە بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان و کچان و ھەوڵی ژیانێکی باشتر دەدەن.

دووپاتیشیکردووەتەوە، کەنەدا دەستەوەستان نابێت، لەکاتێکدا دەسەڵاتدارانی ئێران روبەری پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤییان فراوانکردووە و بۆ ئەو مەبەستەش سزایان بەسەر چوار کەسایەتی و پێنج دامەزراوەی ئێرانیدا سەپاندووە کە رۆڵیان ھەبووە لە پێشێلکارییەکانی دەسەڵات و ھەڕەشەکانی بۆ سەر ئاسایش و ئارامی نێودەوڵەتی.

دیارترین کەسایەتییە سزادراوەکانیش بریتین لە مورتەزا تڵوعی لە سوپای پاسداران و عەلی ماڤاردیانی دادوەر لە گرتوخانەی ئێڤین و حەسەن کەرامی فەرماندەی یەکە تایبەتەکان لە دەسەڵاتی جێبەجێکردنی یاسا، دامەزراوە سزادراوەکانیش بریتین لەکۆمپانیای فڕۆکەوانی سەفیران و کۆمپانیای بەھارستان و ئاژانسی ھەواڵی جاڤا.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ماوەی ١١ رۆژە تورکیا ھێرشێکی نوێی بۆسەر ھەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان دەستپێکردووە، رۆژانە تورکیا لە ھەرێمی کوردستان ھێرش و پەلاماری زەمینی ئەنجام دەدات. وەزارەتی بەرگری تورکیا لە نوێترین راگەیەندراویدا کوژرانی سەربازێکی تری لە سنوری پارێزگای دھۆک راگەیاندووە.

بەپێی ئەو ئامارانەی وەزارەتی بەرگری تورکیا بڵاویکردوونەتەوە، لە ماوەی پێنج رۆژی رابردوودا نۆ سەربازیان لە ھەرێمی کوردستان کوژراون. ئەوەش لە کاتێکدایە کە ھێزەکانی پاراستنی گەل-ھەپەگە لە راگەیەندراوەکانیاندا ئاماری کوژرانی سەربازی زیاتری تورکیایان راگەیاندووە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی تورکیا بە سەرۆکایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بەڕێوەدەچێت و تێیدا، دوایین پێشھاتەکانی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکەی سەر رۆژئاوای کوردستان و باکوری خۆرھەڵاتی سوریا تاوتوێ دەکرێت، ھەروەھا ھێرشی زەمینی بۆ سەر باکوری سوریا تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە دەبێت. 

ھاوکات لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا دژایەتی خۆی بۆ ئۆپراسیۆنی نوێی تورکیا لە سوریا دەربڕیوە و نیگەرانیشی دەربڕی لە ئاڵۆزتربوونی رەوشەکە. 

بەپێی راگەیەندراوێکی پنتاگۆن، ئۆستن پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ خلوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا ئەنجامداوە و پێی راگەیاندووە، ئۆپراسیۆنەکان سەلامەتی ھێزەکانی ئەمریکا کە لەگەڵ ھاوپەیمانەکانیان لە ناوچەکە کار دەکەن، دەخاتە مەترسییەوە. 

ھەروەھا سیباستیان لوکورنو وەزیری بەرگری فەڕەنسا نیگەرانی لە ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا دەربڕیوە و رایگەیاندووە، دەستکەوتەکان لە روبەڕوبوونەوەی تیرۆریستانی داعش دەخاتە مەترسییەوە. 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

"رۆبەرت مالی" لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، ئەگەر بێتو دانووستانەکان و سزاکان و رێگە دیبلۆماسییەکان سەرکەوتونەبوو لەگەڵ تاران، ئەوە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا دوودڵ نابێت لە بەکارھێنانی بژاردەی سەربازی دژی ئەو وڵاتە.

پێشتریش ئەنتۆنیۆ بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندبوو، تاران ھەڵەیەکی گەورەدەکات کە ھەمیشە تۆمەتەکان دەخاتە ئەستۆی وڵاتانی تر، بەڵام تائێستا لە داواکاری راستەقینەی گەلەکەی تێنەگەیشتووە.
بلینکن جەختیشیکردەوە لەوەی، ھەموو جیھان زۆر بەوردی چاودێری شەقامەکانی ئێران دەکەن، بەو شێوەیە بەردەوامبن باجەکەی قورس دەبێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مارتن غریفیس لێپرسراوی بەشی مرۆڤایەتی سەربەنەتەوەیەکگرتوەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بۆ گەیاندنی ھاوکاری بە ٢٣٠ ملیۆن کەس لە ٦٨ وڵاتی جیھان، پێویستیان بە بڕی ٥١.٥ ملیار دۆلار ھەیە، کە ئەوەش بڕێکی پێوانەییە.

غریفیس وتیشی، بەپێی پێشبینییەکان لە ساڵی ٢٠٢٣ رێژەی ھەژاری زیاتر دەبێت و نزیکەی ٣٣٩ ملیۆن کەس لە جیھاندا پێویستیان بە ھاوکاری مرۆیی دەبێت، لە کاتێکدا لە ٢٠٢٢دا ٢٧٤ ملیۆن کەس پێویستیان بە ھاوکاری ھەبووە، ھۆکاری زیادبوونی ھەژاریشی گەڕاندەوە بۆ بەردەوامی لێکەوتەکانی کۆرۆنا و کەمئاوی و لافاوەکەی پاکستان و شەری ئۆکراین روسیا.

 وتیشی، زیاتر لە ٢٠٠ ملیۆن کەس لە جیھاندا ئاوارەبوون.



 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ژەنراڵ بات رایدەر وتەبێژی پنتاگۆن لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەردەوامی شەڕ و بەتایبەت ھێرشی زەمینی، ئەو دەستکەوتانەی بە زەحمەت لە جەنگی دژبە داعش لە سوریا بەدیھاتوون دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە و سەقامگیری ناوچەکەش تێکدەدات.

وتیشی، لە ئەگەری ھێرشی زەمینی تورکیا بۆ سەر باکوری سوریا نیگەرانن و داوا لە ئەنقەرە دەکەن دانبەخۆیدا بگرێت، بە پێویستیشی زانی داواکارییە رەواکانی ئەو وڵاتە جێبەجێبکرێن.

لە باکور و رۆژھەڵاتی سوریا و بە دیاریکراوی لە بنکەی سەربازی تەنەف لەسەر سنوری عێراق و ئوردن ٩٠٠ سەربازی ئەمریکا ھەیە، بەوتەی وتەبێژی پنتاگۆن ئۆپراسیۆنەکانی گەڕانیان کەمکردووەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ھەسەدە ھەماھەنگییەکانی لەگەڵ ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش راگرت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، دوو ھاووڵاتی عێراقی لەسەر سنوورەکانی بێلاڕووس لەگەڵ پۆڵەندا، بەھۆی دابەزینی پلەکانی گەرما کە گەیشتووەتە ئاستی بەستنی تەواوەتی، گیانیان لەدەستداوە.

ئەحمەد سەحاف بەبێ ئاشکراکردنی ناسنامەی کۆچبەرەکان ئاماژەی بەوەکردووە، چونکە عێراق باڵیۆزخانەی لە بێلاڕووس نییە و کۆچبەرەکانیش لە خاکی ئەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە، باڵیۆزخانەی عێراق لە مۆسکۆ کار بۆ ھێنانەوەی تەرمی کۆچبەرەکان دەکات و لیژنەیەکیش بۆ بەدواداچوون و ھێنانەوەی تەرمەکانیان پێکھێندراوە.

ساڵی رابردوو ھەزاران کۆچبەری خەڵکی عێراق و ھەرێمی کوردستان، ھەوڵیاندا لە رێگەی بێلاڕووسەوە خۆیان بگەیەننە وڵاتانی ئەوروپا، بەڵام بەھۆی داخستنی سنوورەکان، لەسەر سنوورەکانی بێلاڕووس گیریانخوارد و دواتر زۆربەیان گەڕێندرانەوە بۆ عێراق و ھەرێم.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاژانسی نیشتمانی بەریتانیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوان رایگەیاند، کەسێک بەناوی (ھەرێم ئەحمەد ئەبوبەکر) تەمەن ٣٢ ساڵ لە ناوچەیەکی نزیک شلتنھام لە باکوری رۆژئاوای ئینگلتەرا دەستگیرکراوە، بە گومانی ئەندامێتی لە گروپێکی تاوانکاری رێکخراو کە کاری گواستنەوەی کۆچبەرانە بۆ بەریتانیا.

بڕیارە ئەمرۆش ھەرێم ئەحمەد ببرێتە بەردەم دادگای وێستمنستەر بۆ دەستپێکردنی رێکارەکانی دیپۆرتکردنەوەی.

ھاوکات لێکۆڵەرەوانی ئاژانسی نیشتمانی بەریتانیا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی فەڕەنسا لە ھەماھەنگیدان بۆ دەستگیرکردنی بەرپرسیارانی کارەساتەکە و تائێستا داواکاری گشتی فەرەنسا تۆمەتی ئاڕاستەی ١٠ کەس کردووە کە پێدەچێت رۆڵیان لە رووداوەکەدا ھەبووبێت.

رۆژی ٢٤ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو بەلەمێکی کۆچبەران لە نۆکەندی ئینگلیز ژێرئاوکەوت و بەھۆیەوە ٢٧ کۆچبەر خنکان کە ١٦یان کوردبوون.


 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حەکام دوندی جێگری نوێنەری ھەمیشەیی سوریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، بیانووەکانی تورکیا بۆ لەشکرکێشییەکانی لە خاکی سوریا ھیچ کەسێک فریوو نادەن، بە تایبەتی کە ئەنقەرە بەردەوامە لە پشتگیریکردنی گرووپە تیرۆریستییەکانی وەک داعش و بەرەی نوسرە.

حەکام دوندی داواشی لە ئەنجومەنی ئاسایش کرد، حکومەتی تورکیا ناچاربکات کۆتایی بە بوونی "نایاساییانە"ی سوپاکەی لە خاکی سوریا بھێنێت، وتیشی، حکومەتی تورکیا بەردەوامە لە بەکارھێنانی ئاو وەک چەکی جەنگ، ئەوەش لە رێگەی بڕینی ئاوی وێستگەی عەلوک لەسەر ملیۆنان ھاووڵاتیی حەسەکە.

ئەو لێدوانەی جێگری نوێنەری سوریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاتێکدایە، تورکیا ١١ رۆژە ئۆپراسیۆنێکی ئاسمانی لە رۆژئاوای کوردستان دەستپێکردووە و ھەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی زەمینی دەکات.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەزھەر مەھاسر بەرپرسی باڵای پۆلیسی شاری کویتای پایتەختی ھەرێمی بلوجستانی پاکستان رایگەیاند، خۆکوژێک خۆی بە ئۆتۆمبێلێکی پۆلیس لەکاتی یاوەریکردنی کاروانی تیمێکی کوتان دژی ئیفلیجی منداڵان تەقاندووەتەوە و لە ئەنجامدا پۆلیسێک و ژنێک و منداڵێک گیانیان لەدەستداوە و ٢٣ی تریش برینداربوون.

دوای کردەوەکەش بزووتنەوەی تاڵیبانی پاکستان بەرپرسیارێتی خۆی لە کردەوە خۆکوژییەکە راگەیاند، کردەوەکەش دوای ئەوەھات لەم ھەفتەیەدا بزووتنەوەکە ئاگربەستی لەگەڵ حکومەت ھەڵوەشاندەوە.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...198199200201202...417