کەنەدا بەھۆی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان سزای بەسەر ئێراندا سەپاند
کوردسات نیوز
٢ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢
٧٢٦
میلانی جولی وەزیری دەرەوەی کەنەدا رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئێران ھەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان، بەڵام گەلی ئێران بەردەوامە لە بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان و کچان و ھەوڵی ژیانێکی باشتر دەدەن.
دووپاتیشیکردووەتەوە، کەنەدا دەستەوەستان نابێت، لەکاتێکدا دەسەڵاتدارانی ئێران روبەری پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤییان فراوانکردووە و بۆ ئەو مەبەستەش سزایان بەسەر چوار کەسایەتی و پێنج دامەزراوەی ئێرانیدا سەپاندووە کە رۆڵیان ھەبووە لە پێشێلکارییەکانی دەسەڵات و ھەڕەشەکانی بۆ سەر ئاسایش و ئارامی نێودەوڵەتی.
دیارترین کەسایەتییە سزادراوەکانیش بریتین لە مورتەزا تڵوعی لە سوپای پاسداران و عەلی ماڤاردیانی دادوەر لە گرتوخانەی ئێڤین و حەسەن کەرامی فەرماندەی یەکە تایبەتەکان لە دەسەڵاتی جێبەجێکردنی یاسا، دامەزراوە سزادراوەکانیش بریتین لەکۆمپانیای فڕۆکەوانی سەفیران و کۆمپانیای بەھارستان و ئاژانسی ھەواڵی جاڤا.