مەزڵوم كۆبانێ رەتیدەكاتەوە هەسەدە باڵی سەربازیی پەكەكە بێت
شنیار
٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤
١٠٢
مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات هەسەدە رایگەیاند، داعش سودی لە جەنگ و رەوشی ئاڵۆزی ناوچەكە بینیوە و هێرشەكانی لە سوریا چركردووەتەوە.
مەزڵوك كۆبانێ لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ كەناڵی "الحورە" رایگەیاند، مەترسییەكانی داعش تائێستا هەیە و بەردەوامیش دەبێت، چونكە داعش كێشەی دارایی نییە و دەتوانێت بە ئاسانی چەكداری نوێ كۆبكاتەوە، جگە لەوەش سەربازگەی مەشقپیكردنی هەیە و سودیشی لە جەنگ و رەوشی ئاڵۆزی ناوچەكە بینیوە و هێرشەكانی چركردووەتەوە.
وتیشی، هەسەدە لەگەڵ هاوپەیمانان بەردەوامن لە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی هاوبەش و ئەو ئۆپراسیۆنانە هۆكارن بۆ دروستكردنی سەقامگیری لە ناوچەكەدا .
سەبارەت بە بۆردومانەكانی توركیاش، مەزڵوم كۆبانێ رایگەیاند، هێرشەكانی توركیا سنوری وەڵامدانەوەی تێپەڕاندووە و ئەو دەزگایانە دەكاتە ئامانج كە خزمەت بە گەل دەكەن تا لەو رێیەوە ناچاریان بكەن كۆچبكەن ، هەروەها رەتیكرەوە هەسەدە باڵی سەربازیی پەكەكە بێت، وتیشی، ئەوە تەنها بیانویەكە كە توركیا ماوەی دە ساڵە بەكاریدەهێنێت بۆ ئەنجامدانی هێرشەكانی و دوپاتیشیكردۆتەوە هەسەدە بەشێك بێت لە ململانێكانی ناوخۆی توركیا.