لە چاكسازی گەورانی سلێمانی زیندانییەك هەڵهات كە دوو سزای لەسێدارەدانی هەیە، هێزە ئەمنییەكانیش لە هەوڵی دەستگیركردنەوەیدان.

سەرچاوەیەك لە چاكسازی گەورانی سلێمانی بە كوردسات نیوزی ڕایگەیاند، زیندانیەك كە دوو بڕیاری سزای لەسێدارەدانی هەیە، لەكاتی سەردانیكردنی براكەیدا جلوبەرگەكانیان گۆڕیووەتەوە و زیندانی كراوەكە هەڵهاتووە و لەئێستادا براكەی لە زینداندا ماوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ڕووداوەكە رۆژی چوارشەممە ڕوویداوە و لەئێستادا هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكردووە، بە ئامانجی دووبارەدەستگیركردنەوەی زیندانییەكە.

زنیدانییە هەڵهاتووەكەی چاكسازی گەورانی سلێمانی، بە مادەی ٤٠٦ ی تایبەت بە كوشتن بەیاسای سزادانی عیراقی سزادراوە.

لە مانگی تەممووزی ئەمساڵیشدا، دوای ئەوەی ڕاگیراوێكی زیندانی چاكسازی ژنان و منداڵانی سلێمانی هەڵهات، توانرا لە ماوەی كەمتر لە ٢٤ سەعاتدا لە سلێمانی دەستگیربكرێتەوە و شەش كەسی دیكەش دەستگیركران كە هاوكاربوون لە هەڵهاتن و حەشاردان و گواستنەوەی زیندانییەكە.