جیهان

پۆلیسی فیدراڵی ئەڵمانیا بڵاویکردەوە، لە ھەڵمەتێکدا بۆ روبەڕوبوونەوەی کۆچی نایاسایی و تۆڕی قاچاغچییەکان، ھەڵیانکوتاوەتە سەر چەندین ماڵ و باڵەخانە لە بەرلین و شارەکانی تری وڵاتەکە. 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ھەڵمەتەکەدا تۆڕێکی قاچاغچی کۆچبەران دەستگیرکراون، کە دووانیان عێراقین و دووانی تریان سوریبوون و ٦٠ ھەڵمەتی بە قاچاغبردنی کۆچبەرانیان ئەنجامداوە و ٣٠٠ کەسیان بە نایاسایی گەیاندووەتە ئەڵمانیا، بە تایبەت لەڕێی بێلاڕوسەوە، زۆرینەی ئەو کۆچبەرانەش کە گەیەندراونەتە ئەڵمانیا، سوری بوون.

بەپێی ئەو زانیارییانەی پۆلیسی فیدراڵی ئەڵمانیا بڵاویکردووەتەوە، ئەو قاچاغچییانە بڕی ٣٥٠٠ بۆ ١٠ ھەزار یۆرۆیان لەھەر کۆچبەرێک وەرگرتووە و ھەندێک جار رێگەی زۆر مەترسیداریان بەکارھێناوە و ھەڕەشە و مەترسیشیان لەسەر کۆچبەرەکان دروستکردووە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لیژنەی نیشتمانی تەندروستی چین بڵاویکردەوە، لە ماوەی ٢٤ سەعاتی رابردوودا ٢١ ھەزار و ٤٣٩ تووشبووی نوێی کۆرۆنا تۆمارکراوە، کە چوار ھەزار و ٧٩کەسیان نیشانەیان ھەیە و ١٧ ھەزار و ٣٦٠ تووشبوو ھیچ نیشانەیەکیان نییە، بەڵام ھیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان تۆمارنەکراوە.

"ئەنتۆنی فاوچی" گەورە راوێژکاری پزیشکی سەرۆکی ئەمریکاش ھۆشداریداوە لە بڵاوبوونەوەی شەپۆلێکی نوێی کۆرۆنا لە چین، دوای ئەوەی رێکارەکانیان سوککردووە. وتیشی بڵاوبوونەوەی شەپۆلێکی تری کۆرۆنا ئەگەری سەرھەڵدانی گۆڕاوی تری کۆرۆنا لە چین و جیھان زیاتر دەکات. 

"فاوچی" داواشی لە چین کرد ڤاکسینی دروستکراوی وڵاتانی تر ھاوردە بکات، چونکە کاراترن لەو ڤاکسینانەی لە ناوخۆی چین دروستکراون. 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی بڵاوکراونەتەوە، شەوی رابردوو لە شاری تاران و زیاتر لە ١٠ شاری رۆژھەڵاتی کوردستان خۆپیشاندان بۆ دەربڕینی ناڕەزایی دژی حکومەتی ئێران بەڕێوەچوو و ھێزە ئەمنییەکانیش روبەروی خۆپیشاندەران بوونەوە.

ھاوکات خۆپیشاندەرانی شاری دەڕەشاری سەربە پارێزگای ئیلامیش، ئاگریان بردایە پەیکەری بەسیج و ھێزە ئەمنییەکانیش تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد.

ھەروەھا لە شاری سنەش، گەنجێکی تەمەن ٢١ ساڵ بە ناوی ھومەن عەبدوڵایی کە لە خۆپیشاندانەکانی شەوی چوارشەممەی گەڕەکی حەسەن ئاوا بە تەقەی راستەوخۆی ھێزە ئەمنییەکان بریندارکرابوو، بەھۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شۆڵتز لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، مەترسی بەکارھێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ڤلادمیر پوتن سەرۆکی روسیا لە جەنگی ئۆکراین، بەھۆی فشارە نێودەوڵەتییەکانەوە کەمبووەتەوە. 

وتیشی، جەنگی ئۆکراین بەشێوەیەکی دڕندانە بەردەوامە و تاکە شت کە نەمابێت ئەوەیە روسیا لە ھەڕەشەی بەکارھێنانی چەکی ئەتۆمی پاشگەز بووەتەوە.

شۆڵتز ئاماژەی بەوەشدا، سەرباری جیاوازی و ناکۆکییەکان، بەڵام گرنگە دانوستان لەگەڵ کرملین بەردەوامی ھەبێت، وتیشی لە دوای ئەمریکا ئەڵمانیا گەورەترین پشتیوانی ئۆکراینە. 

چەند رۆژێک لەمەوبەر، پوتن رایگەیاند، مەترسی سەرھەڵدانی چەکی ئەتۆمی زیاتربووە، بەڵام چەکی ئەتۆمی وڵاتەکەی بۆ بەرگریکردنە لە خۆیان و لە ئێستادا بەکاریناھێنن. 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

 رۆژنامەی شپیگڵ بڵاویکردەوە، ھێزە تایبەتەکان لە یەککاتدا ئۆپراسیۆنێکی گەورەیان لە ١١ ویلایەتی فیدراڵی دەستپێکردووە و بە فەرمانی داواکاری گشتی وڵات ٢٥ ژن و پیاویان دەستگیرکردووە و ھەڵمەتی گەڕان و پشکنیشنیش لە ١٣٠ خانوو و نوسینگە بەردەوامە.

رونیشیکردووەتەوە، دەستگیرکراوەکان پلانیان داناوە بۆ روخاندنی حکومەتی فیدراڵی و رفاندنی وەزیری تەندروستی، پێدەچێت ژمارەیەک لە ئەندامانی ھێزە ئەمنییەکان ھەماھەنگییان لەگەڵ تیرۆریستان ھەبووبێت.

ھاوکات داواکاری گشتی ئەڵمانیا ئاشکرایکرد، لەنێو دەستگیرکراوەکاندا ھاووڵاتییەکی رووسی ھەیە، بەڵام ھیچ بنەمایەک نییە بۆ ئەو بۆچوونەی پێیوایە بەرپرسانی روسیا پاڵپشتی دەستگیرکراوەکانیان کردووە.

گروپێکی راستڕەوی توندڕەوی لایەنگری نازییەکان دەستوری ئێستای ئەڵمانیا رەتدەکەنەوە و پێیانوایە رایخی دووەم لەسەر بنەمای دەستوری ساڵی ١٨٧١ بەردەوامە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە،  رافائیل وارنۆک سیناتۆری دیموکراتەکان لەسەدا ٥٠.٧ی دەنگەکان و ھیرشل وۆکەر کاندیدی کۆمارییەکان لەسەدا ٤٩.٣ی دەنگەکانیان بەدەستھێناوە، بەو ئەنجامەش دیموکراتەکان توانیان پارێزگاری لە باڵادەستیان لە ئەنجومەنی پیران بکەن.

رافائیل وارنۆک یەکەم سیناتۆری بەرەچەڵەک ئەفریقییە لە ویلایەتی جۆرجیا لە دوو خولی ھەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتن بەدەستدەھێنێت، بەو سەرکەوتنەش ژمارەی کورسی دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی پیران بوو بە ٥١ کورسی لە کۆی ١٠٠ کورسی.

ویلایەتی جۆرجیا لە رووی مێژووییەوە بۆ کۆمارییەکان یەکلابووەتەوە، بەڵام لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠٢٠ پشتیوانی جۆ بایدنیان کرد لەبەرامبەر دۆناڵد ترامپ.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئیلین جسور پەرلەمانتاری پارتی (باش) بڵاویکردەوە، لە میانی گفتوگۆکانی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ پشێوی لەنێو پەرلەمانتاراندا دروستبووە و (حسین ئورس) پەرلەمانتاری فراکسیۆنەکەیان لەلایەن پەرلەمانتارێکی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدارەوە بۆکسێک لەسەری دراوە و ئێستا لە نەخۆشخانە لە ژێر چاودێری چڕدایە.

ھەروەھا وتەبێژی پارتی باش رایگەیاند، حسین ئورس پەرلەمانتاری فراکسیۆنەکەیان بە توندی لێی دراوە و شورەییە بۆ پەرلەمان و ئەو کەسانەی کاری لەو جۆرە دەکەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کارین جان پیێر وتەبێژی کۆشکی سپیی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا سوورە لەسەر بەشداریکردن لە کێبڕکێی ھەڵبژاردن و دەیەوێت بۆ ئەو بابەتە راوێژ لەگەڵ خێزانەکەی بکات، وتیشی، سەرەتای ساڵی داھاتوو جۆ بایدن بۆ خۆکاندیدکردنەوە خۆی یەکلایی دەکاتەوە.

پێشتر رۆن کڵاین بەڕێوەبەری فەرمانبەرانی کۆشکی سپی رایگەیاند، بایدن دوای پشووەکانی سەری ساڵ خۆکاندیدکردنەوەی بۆ  ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا رادەگەیەنێت و ئەندامانی دیموکراتەکانیش پشتگیری لە خۆکاندیدکردنەوەی بایدن دەکەن.

بڕیاروایە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٤ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەڕێوەبچێت و تائێستا دۆناڵد ترامپ خۆی بۆ ئەو ھەڵبژاردنە کاندیدکردووە و چاوەڕواندەکرێت جۆ بایدنیش خۆی کاندید بکات.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ریچارد میڵز جێگری نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، پێویستە وڵاتان دۆسێی تیرۆریستە بیانییەکان، ئەوانەی کە لە عێراق و سوریا دەستبەسەرکراون، چارەسەربکەن و ئەو تیرۆریستانە بۆ وڵاتەکانیان بگەڕێننەوە.

وتیشی، تائێستا داعش مەترسییەکی راستەقینەیە لەسەر عێراق و ناوچەکە و جیھان و بەردەوامە لەسەر توندوتیژییەکانی لە عێراق و سوریا و ھەوڵدەدات بە شکاندنی گرتووخانەکان و ئازادکردنی چەکدارەکانی، ریزەکانی خۆی رێکبخاتەوە.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا و جیھان، ژمارەیەک لە منداڵانی تیرۆریستە بیانییەکانی داعشیان لە سوریا و عێراق وەرگرتەوە، بەڵام ئامادەنین تیرۆریستەکان وەربگرنەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نیکۆلاس گرانگەر نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری باکووری رۆژھەڵاتی سوریا رایگەیاند، ئەو گرژیانەی لەم چەند ھەفتەی کۆتاییدا بینران، مەترسیدارن و جێگەی قبوڵکردن نین و ئەمریکاش نیگەرانە لە کردەوەی سەربازیی کە سەقامگیریی ناوچەکە بخاتە مەترسییەوە و ھەڕەشە لە ئامانجە ھاوبەشەکانیان لە بەرەنگاربوونەوەی داعش بکات و گیانی مەدەنییەکان بخاتە مەترسییەوە.

نوێنەرەکەی ئەمریکا وتیشی، واشنتۆن سەرباری نیگەرانییەکانی لە رەوشەکە، لەگەڵ ھاوبەشەکانی وەک ھێزەکانی سوریای دیموکرات-ھەسەدە و تورکیا، کاردەکات بۆ کەمکردنەوەی ئاستی گرژییەکان و ئامانجی ئەمریکا ئەوەیە خەڵکی ناوچەکە لە ئاشتیدا بژین، بۆ ئەوەش پێویستە رێگری لە گرژیی سەربازیی بگرن.

لە رۆژی ٢٠ی مانگی رابردووەوە تورکیا ئۆپراسیۆنی ئاسمانی لە رۆژئاوای کوردستان دەستپێکردووە و بەردەوامیش دەسەڵاتدارانی تورکیا ھەڕەشەی ئەنجامدانی لەشکرکێشیی زەمینی دەکەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی ئۆکراین لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، ھیچ سودێک لە ئیمزاکردن یان رێککەوتن لەگەڵ روسیا نییە، چونکە ئەوان بەردەوامدەبن لە پێشێلکارییەکانیان و ھیچ رێککەوتنێک ناتوانێت پێشێلکارییەکانی روسیا بەرامبەر ئۆکراین رابگرێت.

زیلینسکی وتیشی، روسیا بەردەوامە لە بۆردومانکردنی ژێرخانی ئۆکراین و بەدەستھێنانی ئاشتی پێویستی بە کۆتاییھێنان بەھێزی جەنگیی روسیا و ئازاکردنی سەرجەم ناوچە داگیرکراوەکان و دادگاییکردنی ئەو کەسانەیە، کە ئەم جەنگەیان دەستپێکرد.

بەرەبانیی رۆژی ٢٤ی شوباتی ئەمساڵ ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا، سەرباری ھۆشدارییەکان دەستپێکردنی ھێرشی سەربازیی بۆ سەر ئۆکراین راگەیاند و لەو کاتەوە تاکو ئێستا شەڕ لەو وڵاتە بەردەوامە و روسیا دەیان ناوچەی ئۆکراینی کۆنترۆڵکردووە.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاژانسی ھەواڵیی رۆیتەرز لە زاری وتەبێژی پۆلیسی ھەرێمی بەڵخ لە باکووری ئەفغانستان بڵاویکردەوە، بەیانیی ئەمڕۆ تەقینەوەیەک لەناو یەکێک لە پاسەکانی گواستنەوەی فەرمانبەرانی کۆمپانیایەکی نەوت روویداوە و بەھۆیەوە پێنج فەرمانبەر کوژراون و چوار فەرمانبەری تریش بریندار بوون.

ھەرچەندە تائێستا ھیچ گروپ و لایەنێکی بەرپرسیارێتیان لە ئەنجامدانی تەقینەوەکە رانەگەیاندووە، بەڵام لە ماوەری رابردوودا داعش بەرپرسیارێتی ژمارەیەک تەقینەوەی لە ئەفغانستان لەئەستۆگرتووە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە میانی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندێکی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی وڵاتەکەی رایگەیاند، چاویان لەسەر گەیشتنی ئەو ھاوکارییانەیە کە ئۆکراین بۆ بەرگریکردن لەخۆی پێویستی پێیەتی، ھەروھا چاویان لە گەڕاندنەوە و کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانەیە لە خاکی ئۆکراین، کە لە دوای ٢٤ی شوباتی ئەمساڵەوە لەلایەن روسیاوە داگیرکراون.

ئەنتۆنی بلینکن وتیشی، ئۆکراین جگە لە ھاوکاریی سەربازیی، پێویستی بە یارمەتی ئابووری و مرۆیی ھەیە، ھاوکات پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ چارەسەری ئاشتیانە دەربڕی و وتی، بێگومان جەنگی ئۆکراین بە رێگەی دیپلۆماسی و دانوستان کۆتایی دێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ژمارەیەک لێکۆڵەری نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتی راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکانیان کردووە، کە تێدا ئاماژە بەوەکراوە، بەڵگەی پێویستیان لە بەردەستدایە کە داعش لەنێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٩ چەکی کیمیایی لە عێراق بەکارھێناوە.

ھەر بەپێی راپۆرتەکە، داعش مووشەک و ھاوەنی کیمیایی دروستکردووە و تەقەمەنی کیمیایی بۆ دروستکردنی بۆمبی مووشەکی و کڵاوەی کیمیایی و بۆمبی دەستی کیمیایی بەکارھێناوە.

لە راپۆرتەکەدا کۆمەڵێک ماددەی کیمیایی - بایەلۆژی خراونەتەڕوو، کە داعش بۆ دروستکردنی چەک بەکاریھێناون، لەوانە فۆسفادی ئەلەمنیۆم و کلۆر و سیانید و نیکۆتین و چەندین ماددەی تر، ھەروەھا بەپێی راپۆرتەکە پێدەچێت داعش ئەو چەکانەی لە ھێرشەکانی بۆ سەر شاری تازەخورماتوو لە ساڵی ٢٠١٦ بەکارھێنابێت.

ھەفتەی رابردوو تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان راپۆرتێکی لەبارەی تاوانەکانی داعش لە عێراق بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو بەڵگەنامانەی لە عێراق کۆکراونەتەوە، گومانەکان لەبارەی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لەلایەن داعشەوە دژی مەسیحییەکان بەھێزتر دەکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

جۆن بۆڵتنی تەمەن ٧٤ ساڵ رایگەیاند، ئەگەر ھیچ یەکێک لە کاندیدانی کۆمارییەکان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، کێبڕکێ دۆناڵد ترامپ نەکەن، ئەوا ئەو ئامادەیە خۆی بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی و ململانێکردن لەگەڵ ترامپ کاندید بکات.

لە ماوەی رابردوودا دۆناڵد ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا خۆی بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی کاندیدکرد، کە بڕیارە ساڵی ٢٠٢٤ بەڕێوەبچێت، لە کاردانەوەش جۆن بۆڵتن رەخنەی لەو ھەنگاوە گرت و وتی، ترامپ پاڵپشتی کۆمارییەکانی لەدەستداوە و ئاستی جەماوەریی لەناو پارتەکەیدا لەدەستداوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە بەرەبەیانی رۆژی ٧ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٤١، ئیمپراتۆریەتی ژاپۆن بڕیاریدا بەشداریی جەنگی دووەمی جیھانی بکات و بچێتە بەرەی ئەڵمانیا و ھاوپەیمانەکانی، ئەمەش دوای ئەوەی ھێزی ئاسمانیی ژاپۆن بەبێ راگەیاندنی جەنگ، زنجیرەیەک ھێرشی ئاسمانی کردە سەر بنکەی "پێرل ھاربەر"ی ئەمریکا لە دوورگەی ھاوای کە دەکەوێتە زەریای ھێمنەوە.

لە ئەنجامی ھێرشە ئاسمانییەکەی ژاپۆندا، نزیکەی ھەزار سەربازی ئەمریکی و دەیان کەسی سڤیل کوژران، لە بەرامبەریشدا فرانکڵین رۆزفیڵد سەرۆکی ئەوسای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڵێنی ئەوەی دا کە ژاپۆنییەکان بە قورسی باجی ئەم ھێرشەیان دەدەن.

بنکەی ئاسمانیی پێرل ھاربەر تاکە شوێن نەبوو ژاپۆنییەکان ھێرش بکەنە سەری، ھەر لەو رۆژەدا کە سوپای ئاسمانیی ئەو وڵاتە ھێرشیان کردە سەر ئەمریکا، سوپای ژاپۆن چووە ناو فلیپین و ھێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەو وڵاتەدا، ھاوکات چووە ناو گوام و ھۆنگکۆنگ و سەنگافورە و مالایاوە، کە لەو کاتەدا کۆڵۆنیی سەر بە بەریتانیا بوون لە رۆژھەڵاتی ئاسیادا.

سوپای ژاپۆن لە فلیپین بۆردومانی بنکەی ئاسمانیی ئەمریکای کرد و چەندین کەشتیشی تێکشکاند و نوقمی دەریای کردن، لە ماوەی پێنج مانگی شەڕ و رووبەڕووبوونەوەکاندا لە فلیپین، دەیان ھەزار سەربازی ئەمریکی و چەکداری فلیپینی کە شانبەشانی ئەمریکییەکان دەجەنگان کوژران و بریندار بوون.

ھێرشی سوپای ئاسمانیی ژاپۆن بۆسەر بنکەی "پێرل ھاربەر" لە رۆژی حەوتی کانونی یەکەمی ساڵی ١٩٤١ لە مێژوودا بە دەستپێکی پڕۆسەی سەربازیی ژاپۆن دادەنرێت بۆ بەرفراوانکردنی رووبەڕی دەسەڵاتەکەی بۆ رۆژھەڵاتی ئاسیا.

لە مانگی تەمووزی ساڵی ١٩٤٤، سوپای ئەمریکا توانی دوورگەی گوام بگرێتەوە، ھەر لە تشرینی یەکەمی ھەمان ساڵیشدا، ئەمریکا جەنەراڵ دۆگلاس مەککارسەریان راسپارد ھەتا سەرکردایەتیی پڕۆسەی دەرھێنانەوەی فلیپین بکات لە چنگی ژاپۆنییەکان.

ئەم ھەڵمەتە سەربازییە ھەتا مانگی ئابی ساڵی ١٩٤٥ بەردەوام بوو و بە دەرکردنی سوپای ژاپۆن لە فلیپین کۆتایی ھات، لە بەرامبەریشدا فلیپین لە ساڵی ١٩٤٦دا سەربەخۆیی بەدەستھێنا و بوو بە یەکەمین وڵاتی باشووری رۆژھەڵاتی ئاسیا لە ژێر دەستی کۆلۆنیالیزم سەربەخۆیی بەدەست بھێنێت. 











بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...196197198199200...417