راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان: داعش چەکی کیمیایی لە عێراق بەکارھێناوە
ئایار
٦ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢
٣٣٢
ژمارەیەک لێکۆڵەری نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتی راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکانیان کردووە، کە تێدا ئاماژە بەوەکراوە، بەڵگەی پێویستیان لە بەردەستدایە کە داعش لەنێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٩ چەکی کیمیایی لە عێراق بەکارھێناوە.
ھەر بەپێی راپۆرتەکە، داعش مووشەک و ھاوەنی کیمیایی دروستکردووە و تەقەمەنی کیمیایی بۆ دروستکردنی بۆمبی مووشەکی و کڵاوەی کیمیایی و بۆمبی دەستی کیمیایی بەکارھێناوە.
لە راپۆرتەکەدا کۆمەڵێک ماددەی کیمیایی - بایەلۆژی خراونەتەڕوو، کە داعش بۆ دروستکردنی چەک بەکاریھێناون، لەوانە فۆسفادی ئەلەمنیۆم و کلۆر و سیانید و نیکۆتین و چەندین ماددەی تر، ھەروەھا بەپێی راپۆرتەکە پێدەچێت داعش ئەو چەکانەی لە ھێرشەکانی بۆ سەر شاری تازەخورماتوو لە ساڵی ٢٠١٦ بەکارھێنابێت.
ھەفتەی رابردوو تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان راپۆرتێکی لەبارەی تاوانەکانی داعش لە عێراق بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو بەڵگەنامانەی لە عێراق کۆکراونەتەوە، گومانەکان لەبارەی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لەلایەن داعشەوە دژی مەسیحییەکان بەھێزتر دەکات.