لە بەرەبەیانی رۆژی ٧ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٤١، ئیمپراتۆریەتی ژاپۆن بڕیاریدا بەشداریی جەنگی دووەمی جیھانی بکات و بچێتە بەرەی ئەڵمانیا و ھاوپەیمانەکانی، ئەمەش دوای ئەوەی ھێزی ئاسمانیی ژاپۆن بەبێ راگەیاندنی جەنگ، زنجیرەیەک ھێرشی ئاسمانی کردە سەر بنکەی "پێرل ھاربەر"ی ئەمریکا لە دوورگەی ھاوای کە دەکەوێتە زەریای ھێمنەوە.

لە ئەنجامی ھێرشە ئاسمانییەکەی ژاپۆندا، نزیکەی ھەزار سەربازی ئەمریکی و دەیان کەسی سڤیل کوژران، لە بەرامبەریشدا فرانکڵین رۆزفیڵد سەرۆکی ئەوسای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڵێنی ئەوەی دا کە ژاپۆنییەکان بە قورسی باجی ئەم ھێرشەیان دەدەن.

بنکەی ئاسمانیی پێرل ھاربەر تاکە شوێن نەبوو ژاپۆنییەکان ھێرش بکەنە سەری، ھەر لەو رۆژەدا کە سوپای ئاسمانیی ئەو وڵاتە ھێرشیان کردە سەر ئەمریکا، سوپای ژاپۆن چووە ناو فلیپین و ھێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەو وڵاتەدا، ھاوکات چووە ناو گوام و ھۆنگکۆنگ و سەنگافورە و مالایاوە، کە لەو کاتەدا کۆڵۆنیی سەر بە بەریتانیا بوون لە رۆژھەڵاتی ئاسیادا.

سوپای ژاپۆن لە فلیپین بۆردومانی بنکەی ئاسمانیی ئەمریکای کرد و چەندین کەشتیشی تێکشکاند و نوقمی دەریای کردن، لە ماوەی پێنج مانگی شەڕ و رووبەڕووبوونەوەکاندا لە فلیپین، دەیان ھەزار سەربازی ئەمریکی و چەکداری فلیپینی کە شانبەشانی ئەمریکییەکان دەجەنگان کوژران و بریندار بوون.

ھێرشی سوپای ئاسمانیی ژاپۆن بۆسەر بنکەی "پێرل ھاربەر" لە رۆژی حەوتی کانونی یەکەمی ساڵی ١٩٤١ لە مێژوودا بە دەستپێکی پڕۆسەی سەربازیی ژاپۆن دادەنرێت بۆ بەرفراوانکردنی رووبەڕی دەسەڵاتەکەی بۆ رۆژھەڵاتی ئاسیا.

لە مانگی تەمووزی ساڵی ١٩٤٤، سوپای ئەمریکا توانی دوورگەی گوام بگرێتەوە، ھەر لە تشرینی یەکەمی ھەمان ساڵیشدا، ئەمریکا جەنەراڵ دۆگلاس مەککارسەریان راسپارد ھەتا سەرکردایەتیی پڕۆسەی دەرھێنانەوەی فلیپین بکات لە چنگی ژاپۆنییەکان.

ئەم ھەڵمەتە سەربازییە ھەتا مانگی ئابی ساڵی ١٩٤٥ بەردەوام بوو و بە دەرکردنی سوپای ژاپۆن لە فلیپین کۆتایی ھات، لە بەرامبەریشدا فلیپین لە ساڵی ١٩٤٦دا سەربەخۆیی بەدەستھێنا و بوو بە یەکەمین وڵاتی باشووری رۆژھەڵاتی ئاسیا لە ژێر دەستی کۆلۆنیالیزم سەربەخۆیی بەدەست بھێنێت.