بە پێی داتاکانی یەکێتی ئەوروپا، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپاو لەسەروو ھەموویانەوە بەلژیکا و لۆکسمبۆرگ،١٨.٩ ملیار یۆرۆی ھەزار و ٢٤١ کەسایەتی و ١١٨ قەوارەی روسیایان بلۆککردووەو چوونیان بۆ ناو وڵاتانی ئەوروپا قەدەغەکراوە، بەو پێیەی رۆڵیان ھەبووە لە جەنگی ئۆکراین.
ھاوکات یەکێتی ئەوروپا سەرقاڵی تاوتوێ کردنی پێشنیازێکە بۆ بەکارھێنانی سەروەت و سامانی بلۆککراوی رووسەکان بەمەبەستی دابینکردنی خەرجییەکانی دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ئۆکراین.
فیدراسیۆنەکە لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، ئەمساڵ تا ئێستا ٦٧ رۆژنامەنوس لەسەرتاسەری جیھان لەکاتی کارەکانیان کوژراون، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو ٤٧ رۆژنامەنوس کوژرابوون.
دەشڵێت، ھۆکاری بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژرانی رۆژنامەنوسان دەگەڕێتەوە بۆ لەشکرکێشی روسیا بۆ سەر ئۆکراین، گرژی و ئاڵۆزییەکانی ھایتی، زیادبوونی توندوتیژییەکانی گروپە تاوانکارییەکان لە مەکسیک.
بەپێی راپۆرتەکە، زۆرترین رۆژنامەنووس کە ژمارەیان ١٢ رۆژنامەنووسە لەکاتی روماڵکردنی شەڕی ئۆکراین کوژراون، کە زۆربەیان ئۆکراینی بوون و ئەوانەی دیکەش بیانی بوون.
ئاماژە بەوەشکراوە، لانی کەم ٣٧٥ رۆژنامەنووس لەجیھاندا لەمساڵدا بەھۆی کارەکانیانەوە زیندانیکراون، کە زۆررترینیان لە چین و میانمار، تورکیا و ئێران و بیلاروسیان.
نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت رۆژی ھەینی لەکاتی داخستنی بۆرسەی جیھانی گەیشتە ٧٦.١٠ دۆلار و نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی تەکساسیش ٤٤ سەنت دابەزی و گەیشتە ٧١.٢ دۆلار.
بەپێی ئامارەکانی بازاڕی جیھانی تایبەت بە بەھای نەوت، تەنھا لەماوەی ئەم ھەفتەیەدا نەوتی خاو ١٠%ی بەھاکەی لەدەستداوە.
یەنس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتی رێکخراوی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) رایگەیاند، بەھۆی فراوانبوونی بەرەکانی شەڕ و بۆردومان و ھێرشی بەردەوامی روسیا و ئۆکراین بۆسەر یەکتر، رۆژ لە دوای رۆژ مەترسییەکانی لە کۆنترۆڵ دەرچوونی ئەو شەڕە زیاتر دەبێت و ئەگەر بەو شێوەیەی ئێستاش بەردەوام بێت، شەڕی نێوان روسیا و ئۆکراین ھەموو وڵاتانی ئەوروپاش بگرێتەوە.
وتیشی، کاتێک شەڕی نێوان کیێڤ و مۆسکۆ لە کۆنترۆَل دەردەچێت و وڵاتانی ئەوروپا دەگرێتەوە، دەبێتە شەڕی نێوان روسیا و رێکخراوی ناتۆ کە ئەوەش زۆر مەترسیدار دەبێت و کارەساتی گەورەی لێدەکەوێتەوە.
لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، لەئێستادا واشنتۆن بۆ یەکەمجار ڕووبەڕووی دوو ھێزی گەورە و سەرەکی ئەتۆمی بووەتەوە کە رکابەری ستراتیژین بۆ ئەمریکا، ئەوانیش یەکێکیان چینە کە بەپێی زانیاری و بەڵگە رەسمییەکان سەرقاڵی فراوانکردن و نوێکردنەوە و گەشەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەتی، ئەویتریشیان روسیایە کە بە ھەمان شێوە کار بۆ نوێکردنەوە و گەشەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەکات.
وتیشی، سەرباری مەترسییەکانی چین و روسیا، بەڵام ھێز و توانایەکی بەرگری پتەویان ھەیە بۆئەوەی پارێزگاری لە خۆیان و ھاوپەیمانەکانیان بکەن لە ناتۆ بەتایبەتیش وڵاتانی ژاپۆن و کۆریای باشوور و ئوسترالیا.
ھەردوو لایەنی تورکیا و روسیا رۆژانی هەشت ونۆی مانگ بە سەرۆکایەتی جێگرانی وەزیری دەرەوە لە ئیستەنبوڵ کۆبوونەوەو گفتوگۆیان کرد لەبارەی چاکسازی لە نەتەوەیەکگرتوەکان و رێککەوتنی ھەناردەی دانەوێڵەی ئۆکراین و رەوشی سوریا.
بە پێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، لە کۆبوونەوەکاندا جەختکراوەتەوە لەسەر گرنگی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریا و دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی پێویست لەسەر بنەمای نەخشە رێگەی دیاریکراو لە بڕیاری ٢٢٥٤ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.
لەو چوارچێوەیەدا بەرپرسانی تورکیا داخوازییەکانیان بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی یاداشتنامەیە دووپاتکردەوە کە لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ لەگەڵ روسیا ئیمزایان کردوەو تایبەتە بە ھێزە کوردییەکان لە باکوری سوریا.
ئێوارەی رۆژی ھەینی بە وتاری محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە، "لووتکەی عەرەبی-چینی بۆ ھاریکاریی و گەشەپێدان"، لە شاری ریازی پایتەختی سعودیە دەستیپێکرد، بن سەلمان لە وتارەکەیدا وتی، ئەو لووتکەیە دەبێت قۆناغێکی نوێ بۆ سعودیە.
ھاوکات محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە وتارێکدا رایگەیاند، پێویستە رێز لە سەروەریی و یەکپارچەیی خاکی عێراق بگیرێت و رێگەش نادەن عێراق ببێتە رێڕەو یان بارەگا بۆ ھێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ، وتیشی، قبوڵی ناکەن کە عێراق خاڵی دەستپێک بێت بۆ ھەڕەشەکردن لە وڵاتانی دراوسێ و ھەموو دەستدرێژییەکیش بۆ سەر خاکی عێراق رەتدەکەنەوە.
بەر لە بەڕێوەچوونی ئەو لووتکەیە، محەمەد شیاع سودانی لەگەڵ شی جین پینگ سەرۆکی چین کۆبووەوە و باسیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی عێراق و چین و ھاوبەشیی لە بوارە جیا جیاکان کرد.
نید پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، لەسێدارەدانی خۆپیشاندەرانی ئێران پێشھاتێکی ترسناکە بۆ دادگا و سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان، بەڵێنیشیدا بە لێپرسینەوە لەگەڵ لێپرسراوانی ئێران.
ھاوکات، وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا باڵیۆزی ئێرانی لە بەرلین بانگھێشت کرد. "ئەنالینا بیربوک" وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا وتی، پێشێلکاری ئێران بۆ مافی مرۆڤ ھیچ سنورێکی نییە.
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش ئیدانەی لە سێدارەدانی دوو خۆپیشاندەرەکەی ئێرانی کرد و رایگەیاند، ئەو ھەنگاوە ئاماژەیەکە بۆ دڕندەیی و نادادپەروەری حکومەتی ئێران، چونکە دەیان کەسی تر ھەمان چارەنووس چاوەڕێیانە.
کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئاماژەی بەوەکرد، سزای لەسێدارەدان لەگەڵ مافەکانی مرۆڤ یەکناگرێتەوە.
شەوی رابردوو، سوپای تورکیا گوندی تەل جومعەی لە ریفی تەل تەمر بە ھاوەن بۆردوومان کردووە. ھاوکات دەوروبەری کۆبانێ و گرێ سپی و عەین عیسا بە چەکی قورس بۆردوومان کراون و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا بەسەر ئاسمانی ناحیەی عەین عیسا و سرین سوڕاونەتەوە.
لەلایەکی ترەوە، سەرچاوە تورکییەکان بڵاویانکردووەتەوە، روسیا پێشنیاری کشانەوەی ھێزەکانی سوریای دیموکراتی لە کۆبانێ و مەنبەج داوەتە تورکیا، ئەوەش لە چوارچێوەی بەردەوامی دانوستانەکانی وەفدی روسیا و تورکیا، کە لە ئیستەنبوڵ بەڕێوەدەچێت.
بەپێی ئەو سەرچاوانە، روسیا تەنھا پێشنیاری مانەوەی ھێزەکانی ئاسایشی کردووە کە لەگەڵ دامەزراوەی ئەمنی حکومەتی سوریا تێکەڵ بکرێنەوە، لە ئێستاشدا تورکیا تاوتوێی ئەو پێشنیارە دەکات.
روسیا ئەوەشی راگەیاندووە کە ھەسەدە بە پێشنیارەکە قایلە، بەو مەرجەی تورکیا ھێرشی وشکانی بۆ سەر باکوری سوریا ئەنجام نەدات.
ئاژانسی ھەواڵی ئەنادۆڵ بڵاویکردەوە، پاسەوانی کەناراوەکانی تورکیا لە ویلایەتی ئزمیر ١٣٣ کۆچبەری نایاساییان رزگارکرد، کە لە لایەن یۆنانەوە گەڕێندرابوونەوە ئاوەکانی تورکیا.
لە ھەڵمەتێکی تریشیدا، تورکیا ٣٤ کۆچبەری نایاسایی لە نزیک کەناراوەکانی "ئیواجیک" رزگارکرد.
ھەروەھا لە ویلایەتی "ئایدین" ھێزە دەریاییەکانی تورکیا ١٦ کۆچبەریان رزگارکرد و لە نزیک کەناراوەکانی "بودروم"یش ٣٠ کۆچبەری نایاسایی تر رزگارکراون.
ئاژانسی ئەنادۆڵ راشیگەیاند، ئەو ھەڵمەتانە لە رۆژ و کاتی جیاوازدا بوون و بە کۆی گشتی ٢١٣ کۆچبەری نایاسایی رزگارکراون.
میر حسێن موسەوی سەرکردەی بزوتنەوەی سەوز بۆ چاکسازی لە ئێران کە لەساڵی ٢٠١١ەوە لە ژێر چاودێری و مانەوەی ناچاریدایە لەتاران، لەبارەی خۆپیشان و ناڕەزاییەکانەوە پەیامێکی ئاراستەی عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران کردووە و رایگەیاندوە، لە ھیچ وڵات و شوێنێکی جیھان، ستەم و ھەڕەشە و توندوتیژی نەیتوانیوە کۆتایی بە خۆپیشاندان و ناڕەزایی خەڵکدا بھێنێت، بۆ ئێستای ئێرانیش نە توندوتیژی و نە لەسێدارەدان ناتوانن توڕەیی خەڵک کەمبکەنەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە کوشتن و خوێنڕشتن زیاتر دەکات.
وتیشی، ئەرکی دەسەڵات پاراستنی گیان و ماڵی ھاوڵاتیان، نەک کوشتن و وێرانکردنی ژیانیان، بۆیە پێویستە دەسەڵاتدارانی ئێرانیش ئەوەیان لەبیر بێت کە شۆڕشەکەی ساڵی ١٩٧٩ بۆ چۆڵکردنی گرتووخانەکان بووە نەک پڕکردنی لە کەسانێک داوای مافەکانیان دەکەن، جەختیشیکردوەتەوە، پێویستە خامنەیی دڵنیابێت لەو راستییەی خوێنڕشتن و لەسێدارەدان و ستەم گرەنتی بەردەوامی دەسەڵاتەکەی ناکەن.
پوتن لە وتەیەکدا لە کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری وڵاتانی سەربەخۆ و شەنگەھای لە مۆسکۆ رایگەیاند، رۆژئاوا ئۆکراینی کردووەتە کۆلۆنیال و ھانی تیرۆر لە دۆنباس دەدات.
رونیشیکردەوە، رۆژئاوا بە ھەر میکانیزمێک بێت ھەوڵی پاراستنی ھەژموونی خۆی دەدات ، بۆ ئەوەش پشتی بەستوە بە زیادکردنی پشێوییەکان و تێکدانی رەوشی نێودەوڵەتی.
پوتن جەختیشی کردەوە لەسەر گرنگی کارکردنی پێکەوەیی لەسەر سیستمێکی نەرمتر بۆ ئاسایش و ھاوکاری کەبگونجێت لەگەڵ ئاڵنگارییەکانی ئێستا.
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆم لە لێدوانێکدا ووتوویەتی، ھەر کاتێک وڵاتانی خۆرئاوا سزا سەپێنراوەکانی سەر وڵاتەکەیان ھەڵگرت ئەوانیش دەگەڕێنەوە بۆ پابەندبونەکانیان بە پلانی کاری ھاوبەش.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو شوێنانەی لەلایەن پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمییەوە بە گومانی بوونی چالاکی ئەتۆمی پشکنیان بۆ کراوە، کێڵگەی بەخێوکردنی ئاژەڵ و کانی خەڵوز و گۆڕەپانی کۆکردنەوەی کەرەستەی شکاو بووە.
سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆم رونیشیکردەوە، پشکنەران نمونەی کەرەستەکانیان بردووە ئەگەری ھەیە کەرەستەکان بە پیسی برابێتنە شوێنەکە.
ھاوکات دیبلۆماتکارێکی باڵای ئەوروپا ئاشکرایکرد، پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران ئاڵۆز بووەو رووبەرووی ئاستەنگی زۆر بۆتەوە، رونیشیکردەوە، دوو شەممەی داھاتوو وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسل کۆدەبنەوەو سزای نوێ بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا سدقی ئایان و ژمارەیەک لە کۆمپانیاکانی تۆمەتبارکردوە بە سەرپەرشتیکردنی تۆڕێک بۆ دەربازبوون لە سزاکانی ئەمریکا لە رێگەی کارئاسانی بۆ فرۆشتنی نەوتی ئێران و ھاوکاریکردنی پرۆسەکانی سپیکردنەوەی پارە بۆ بەرژەوەندی سوپای پاسدارانی ئێران.
رونیشیکردۆتەوە، سزاکان کوڕێکی سدقی ئایان و چەند کەسایەتییەک و ٢٦ کۆمپانیای سەر بە سدقی ئایان دەگرێتەوە، بەو پێیەی بە بەھای چەندین ملیار دۆلار گرێبەستیان کردوە بۆ فرۆشتنی نەوتی ئێران بە کڕیارانی چینی و وڵاتانی ئاسیا وئیمارات و ئەوروپا و ھاوکاریکردنی لە سپیکردنەوەی داھاتی نەوت و شاردنەوەی سەرچاوەی نەوتی ئێران بۆ بەرژەوەندی فەیلەقی قودس.
ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە کۆبوونەوەیەکدا پڕۆژە یاسای بودجەی بەرگری وڵاتەکەی پەسەند کرد، کە بڕەکەی ٨٥٨ ملیار دۆلارە.
لە پڕۆژە یاساکەدا، زیاتر لە ٤٨٧ ملیۆن دۆلار بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە عێراق و سوریا دابین کراوە، کە ساڵی رابردوو بڕەکەی زیاتر لە ٥٤٢ ملیۆن دۆلار بووە.
لەو بڕە، ٣٢٢ ملیۆن و ٢٠٤ ھەزار دۆلار بۆ ھاوکاری پێشمەرگە و سوپای عێراق لە روبەڕوبوونەوەی داعش دیاریکراوە، لەکاتێکدا داوای ٣٥٨ ملیۆن و ١٥ ھەزار دۆلار کرابوو.
ھەروەھا پشکی ھێزەکانی سوریای دیموکرات لە ١٨٣ ملیۆن و ٦٧٧ ھەزار دۆلارەوە بۆ ١٦٥ ملیۆن و ٣٠٩ ھەزار دۆلار کەمکراوەتەوە.
پڕۆژە یاسای بودجەی بەرگری ئەمریکا لە ٤ ھەزار پەڕە پێکھاتووە و بە زۆرینەی دەنگی کۆماری و دیموکراتییەکان پەسەندکراوە و پێویستە ئەنجومەنی پیرانیش دەنگی لەسەر بدات و دواتر "جۆ بایدن" سەرۆکی ئەمریکا ئیمزای لەسەر بکات.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی بڵاوکراونەتەوە، شەوی رابردوو لە شاری تاران و زیاتر لە ١٠ شاری رۆژھەڵاتی کوردستان خۆپیشاندان بۆ دەربڕینی ناڕەزایی دژی حکومەتی ئێران بەڕێوەچوو و ھێزە ئەمنییەکانیش روبەروی خۆپیشاندەران بوونەوە.
ھاوکات خۆپیشاندەرانی شاری دەڕەشاری سەربە پارێزگای ئیلامیش، ئاگریان بردایە پەیکەری بەسیج و ھێزە ئەمنییەکانیش تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد.
ھەروەھا لە شاری سنەش، گەنجێکی تەمەن ٢١ ساڵ بە ناوی ھومەن عەبدوڵایی کە لە خۆپیشاندانەکانی شەوی چوارشەممەی گەڕەکی حەسەن ئاوا بە تەقەی راستەوخۆی ھێزە ئەمنییەکان بریندارکرابوو، بەھۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.