"توبیاس بیلستروم" لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەیەکی سوید سەبارەت بە ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا لە سوریا و عێراق وتی، ھەموو وڵاتێک مافی خۆیەتی بەرگری لە ئەمنییەتی وڵاتەکەی بکات بە تورکیاشەوە. وتیشی دەبێت بەرگریکردنەکە بە شێوەیەکی گونجاو ئەنجام بدرێت.
وەزیری دەرەوەی سوید جەختیشی کردەوە لەوەی، گرفتی ئەمنی مەترسیدار ھەیە لە جیھاندا و دواکەوتنی بە ئەندامبوونی سوید لە ھاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی "ناتۆ" خراپ دەبێت.
پەرستارانی نەخۆشخانە حکومییەکانی لەندەن لەبەردەم نەخۆشخانەکانیان مانگرتنیان راگەیاند ، ئەوەش جاری یەکەمە لە مێژووی ١٠٦ساڵەی کۆلێژی شاھانەی پەرستاری مانگرتن بەو جۆرە فراوانە لە کەرتی تەندروستی وڵاتەکەدا رووبدات.
پەرستاران داوایانکرد، مووچەکانیان بۆ زیادبکرێت تاکو بتوانن پێداویستییەکانی ژیانیان دەستەبەر بکەن.
بەریتانیا رووبەری قەیرانی گرانی نرخی کاڵاو ھەڵئاوسانی خێرا بۆتەوە فەرمانبەرانی کەرتە جیاوازەکان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان داوای زیادکردنی مووچەکانیان دەکەن.
سەرۆکی روسیا بە ڤیدیۆکۆنفرانس، بەشداری لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی گەشەپێدانی ستراتیژی و پڕۆژە نیشتمانییەکان کرد و رایگەیاند، وڵاتانی رۆژئاوا شەڕێکی بێ پێشینەیان لە دژی روسیا دەستپێکردووە و ئامانجیان ئەوەیە لە کاتێکی کەمدا و بە دزینی یەدەگی ئاڵوگۆڕی دراوە بیانییەکان و ھەرەسھێنان بە دراوی رۆبڵ ئابووریی روسیا تێکبشکێنن.
پێشتر جۆزێپ بۆرێل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، وەزیرانی دەرەوەی یەکێتییەکە لەسەر پاکێجی نۆیەمی سزاکانی سەر روسیا رێکنەکەوتوون، کە دەبوو نزیکەی ٢٠٠ کەس و دامەزراوەی روسی بخرێنە ناو پاکێجی نۆیەمی سزاکانی سەر ئەو وڵاتە.
رۆژی چوارشەممە دادگای تاوانەکانی تورکیا بەتۆمەتی سوکایەتی بە کەسایەتی گشتی لە ساڵی ٢٠١٩ سزای زیاتر لە دوو ساڵ زیندانی و قەدەغەی کاری سیاسی بۆ ئەکرەم ئیمام ئۆغلو سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵ دەرکرد.
بڕیارەکەی دادگا ناڕەزایی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی لێکەوتۆتەوەو بە ھەوڵێک بۆ رێگری لە بەشداریکردنی ئیمام ئۆغلو لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی داھاتووی تورکیا ناوزەندی دەکەن، بەو پێَیەی چاوەڕوان دەکرا ببێتە رکابەری سەرەکی رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ھەڵبژاردنەکەدا.
ئیمام ئۆغلو دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەی شەش پارتی ئۆپۆزسیۆن قسەی بۆ لایەنگرانی کرد و رایگەیاند، ھەرگیز لەو حوکمە ناشەرعییە ناترسێت و ھیچ دادگایەکیش نیە بیپارێزێت، بەڵام ١٦ ملیۆن ھاووڵاتی ئیستەنبوڵ و نەتەوەکەی پشتیوانی دەکەن.
بە پێی راپرسییەکان پێدەچێت بڕیارەکەی دادگا لە دژی سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵ ئەنجامی پێچەوانەی بۆ ئەردۆغان ھەبێت بەو پێیەی زۆرینەی لایەنگرانی پارتی دادوگەشەپێدان کە ئەردۆغان سەرۆکایەتی دەکات پێیان وایە دۆسیەکەی سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵ پاڵنەرێکی سیاسی لە پشتە.
ئەردۆغان دوای سەردانی تورکمانستان بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، پێشنیازی بۆ ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا کردووە زنجیرەیەک کۆبوونەوە لە نێوان تورکیا و روسیا و سوریا ئەنجامبدرێن بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی تورکیا و سوریا.
وتیشی، دەتوانن لە رێگەی داڕشتنی میکانیزمێکی سێ قۆڵی گفتوگۆکان دەستپێبکەن و سەرەتا دەزگاکانی ھەواڵگری و دواتر وەزیرانی بەرگری و پاشان وەزیرانی دەرەوەی ھەرسێ وڵات کۆببنەوە، دوای کۆبوونەوەکانیش دەکرێت ئەوان وەک سەرکردە کۆببنەوە.
بەوتەی ئەردۆغان ،پوتن دیدێکی ئەرێنی بۆ پێشنیازەکە ھەبووە.
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، فەرماندەی سوپای پاسداران لەوتەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ھەوڵەکانی دوژمن بۆ بێبەشکردنی وڵاتەکەی لە توانا ئەتۆمییەکانی شکستیان ھێناوەو جگەلە جەنگی دەروونی بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگە ھیچ شتێکی تری لەدەست نایەت.
جەختیشی کردەوە، وڵاتەکەی بەردەوامە لە پەرەپێدانی توانای فرۆکە بێفرۆکەوان و مووشەکانی و توانا سەربازییەکانیان لە لایەن دوژمنەوە قبوڵنەکراوە. سەلامی داوایکرد، بۆ پاراستنی شۆڕش و بەھێزکردنی رێگاکانی دزەکردنی دوژمن بۆ ناو وڵات دابخرێن.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە یەمەن لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بڕی پێنج ملیۆن دۆلار تەرخان کراوە لە بەرامبەر پێدانی زانیاری سەبارەت بە ئیبراھیم ئەلبەنا ناسراو بە ئەبو ئەیمەن مسری، کە سەرکردەیەکی دیاری رێکخراوی قاعیدەیە و ئەمریکا وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی پۆڵینی کردووە.
راشیگەیاند، ئەبو ئەیمەن میسری ئەندامێکی دیاری رێکخراوی قاعیدەیە لە نیمچە دوورگەی عەرەبی و سەرکردایەتی کاروباری ئەمنی رێکخراوەکەی کردووە و رێنمایی سەربازی و ئەمنیشی داوەتە تیرۆریستانی قاعیدە.
ئەبو ئەیمەن میسری یەکێکە لەو سەرکردانەی قاعیدەش کە لە دەرکەوتن دوور بووە و بە باوکی رۆحی دەزگای ھەواڵگیری رێکخراوەکەش دادەنرێت.
ریشی سوناک سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی رایگەیاند، رێکارەکان بۆ سنوردانانە بۆ زۆری ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی دەگەنە بەریتانیا لەرێی دەریای ئینگلیزەوە. وتیشی، سەدان کارمەندی تر تەرخان دەکەن بۆ پێداچوونەوە بە دۆسیەی کۆچبەران، کە بە زیاتر لە ١٤٣ ھەزار داواکاری ھەڵپەسێردراو دەخەمڵێندرێن.
وتیشی، دوورخستنەوەی کۆچبەرانی ئەلبانیا خێراتر دەکرێت، کە لەمساڵدا زیاتر لە ١٠ ھەزار ئەلبانی لەڕێی ئەو کەناڵەوە خۆیان گەیاندووتە بەریتانیا.
بە وتەی سوناک، ئەو کۆچبەرانەی بە نایاسایی ھەوڵی گەیشتن بە بەریتانیا دەدەن رێگەی مانەوەیان پێنادرێت و رادەگیرێن، یاخود دۆسیەکەیان رەوانەی وڵاتێکی پارێزراو دەکرێت.
بڕیارەکانی سوناک لە دوای نقومبوونی بەلەمێکی کۆچبەران بوو لە کەناڵی ئینگلیز لە نێوان بەریتانیا و فەڕەنسا، کە بەھۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا.
عەباس موسەوی بریکاری یاسایی ئەو خۆپیشاندەرە بڵاویکردەوە، سزای لەسێدارەدان بۆ سەر ماھان سەدرات بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکان و دروستکردنی مەترسی لەسەر ئەمنییەتی وڵاتەکە، ھەڵپەسێردرا.
ماھان یەکێکە لەو ١١ کەسەی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە و چەندین تۆمەتیان بەھۆی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکان دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی خراوەتەپاڵ.
ئاژانسی ھەواڵی ئێرناش رایگەیاند، ماھان لە دانیشتنێکی دادگاییکردنەکەیدا کە لە سێی مانگی رابردوو بەڕێوەچوو، رەتیکردەوە چەقۆی پێبوبێت لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا، بەڵام دانی بەوەداناوە کە ئاگری لە ماتۆڕسکیلێک بەرداوە.
تا ئێستاش، ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر دوو خۆپیشاندەردا جێبەجێ کردووە، کە ئەوەش کاردانەوەی نێودەوڵەتی فراوانی لێکەوتەوە.
میدیاکانی ئەمریکا لە زاری لێپرسراوانی ئیدارەی جۆ بایدن ئاشکرایانکرد، دوای ماوەیەکی زۆر لە دوودڵی لەئێستادا ئەمریکا ئامادەیە داواکاری ئۆکراین بۆ پێدانی سیستمی مووشەکی پاتریۆت بە سوپای ئەو وڵاتە جێبەجێبکات.
چاوەڕێشدەکرێت لەم ھەفتەیەدا (لوید ئۆستن) وەزیری بەرگری ئەمریکا ئیمزا لەسەر داواکارییەکە بکات و رەوانەی کۆشکی سپی بکات بۆ وەرگرتنی دوا رەزامەندی و ناردنی سیستمەکە بۆ ئۆکراین.
لەدوای تەقاندنەوەی پردی بەستنەوەی روسیا و نیمچە دوورگەی کریما لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو، روسیا ستراتیژی جەنگی لە ئۆکراین گۆڕیووە و بۆردومانکردنی ژێرخانی ووزەی ئەو وڵاتەی کردووەتە ئامانج، ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراینیش بۆ وەڵامدانەوەی ھێرشە مووشەکییەکانی روسیا داوای سیستمی بەرگری مووشەکی لە وڵاتان دەکات.
(پاتریک رایدەر) وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە ٩ی کانونی یەکەمەوە ھێزەکانیان لە باکوری سوریا بە تەواوەتی گەڕانەکانیان لەگەڵ ھێزەکانی سوریای دیموکرات دەستپێکردووەتەوە و کارکردنیان لەگەڵ ھاوبەشە ناوچەییەکان خۆی دەبینێتەوە لە رێگری دووبارە خۆرێکخستنەوەی گروپی تیرۆریستی داعش.
لە دوای ئۆپراسیۆنی چنگ- شمشێری تورکیا بۆ سەر باکوری سوریا لە ٢٠ی تشرینی دووەمی رابردوو، ھێزەکانی سوریای دیموکرات ئۆپراسیۆنەکانی بۆ لەناوبردنی پاشماوەکانی داعش راگرت و ھێزەکانی ئەمریکاش گەڕانەکانیان کەمکردەوە.
لیژنەی چاودێری رەوشی رۆژنامەنووسانی دەستگیرکراوی سەربە سەندیکای رۆژنامەنووسانی ئێران رایگەیاند، لەسەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە لە ١٦ی ئەیلولی رابردوو، بە پشتبەستن بە راپۆرتە رەسمی و ناڕەسمییەکان، دەستگیرکردنی ٧٠ رۆژنامەنووس لە رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران تۆمارکراوە، کە نیوەیان بە دانانی بارمتە ئازادکراون.
ئاماژەی بەوەشداوە، جگە لە دەستگیرکردن، دەیان رۆژنامەنووسی تر لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە بۆ لێپرسینەوە بانگھێشتکراون.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا پێش چوونی بۆ لوتکەی "ئاوازا" کە وابڕیارە لە تورکمانستان بەڕێوەبچێت سەبارەت بە ھەنگاوەکانی ڕێوشوێنی گواستنەوەی غازی تورکمانستان بۆ بازاڕەکانی جیھان بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، ئەوان دەیانەوێت ناوچەی ئارام لە باکوری سوریا دروستبکەن.
وتیشی، لە بارەی دروستکردنی ناوچەی ئارام لە سوریا، داوای ھاوکارییان لە روسیا کردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی ڕابردوودا چەندجارێک تورکیا ھەڕەشەی ھێرشی زەمینی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان کردووە، بەڵام ئەمەریکا و روسیا دژایەتی خۆیان بۆ ئەو ھێرشە دەربڕیوە و ھۆشدارییان داوە بە تورکیا.
ڤیتاڵی کلیچکۆ سەرۆکی شارەوانی کیێڤ رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سیستمی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکەی ١٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێرانی لە جۆری شاھد خستووەتە خوارەوە.
لە لایەکی ترەوە ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، تائێستا روبەری ١٧٤ ھەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە لە خاکی ئۆکراین بە مین و پاشماوە تەقەمەنییەکانی تر پیس بووە، داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، ھاوکاری وڵاتەکەی بکەن لە پاککردنەوەی ئەو ناوچانە.
لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتاران دژایەتی خۆیان بۆ ھێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان راگەیاند و بە ھۆکارێک بۆ دووبارە چالاکبوونەوەی گروپی تیرۆریستی داعش ناویانبرد، لەوبارەیەوە، ئەڤین ئیجیر پەرلەمانتاری سوید و بە ڕەچەڵەک خەڵکی باکوری کوردستان لە وتەیەکدا پێشنیازیکرد یەکێتی ئەوروپا ناوچەی دژە فڕین لە رۆژئاوای کوردستان دروستبکات و ھەنگاوی جدی بنێت بۆ کۆتاییھێنان بە ھێرشەکانی تورکیا.
ھەروەھا، ھێلینا دالی ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا رایگەیاند، ھێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەبێتە مایەی چالاکبوونەوەی گروپی تیرۆریستی داعش و نەھامەتییەکانی گەلی کورد و پێکھاتەکانی تر زیاتر دەکات.