پۆلیسی فیدراڵی ئەڵمانیا بڵاویکردەوە، لە ھەڵمەتێکدا بۆ روبەڕوبوونەوەی کۆچی نایاسایی و تۆڕی قاچاغچییەکان، ھەڵیانکوتاوەتە سەر چەندین ماڵ و باڵەخانە لە بەرلین و شارەکانی تری وڵاتەکە. 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ھەڵمەتەکەدا تۆڕێکی قاچاغچی کۆچبەران دەستگیرکراون، کە دووانیان عێراقین و دووانی تریان سوریبوون و ٦٠ ھەڵمەتی بە قاچاغبردنی کۆچبەرانیان ئەنجامداوە و ٣٠٠ کەسیان بە نایاسایی گەیاندووەتە ئەڵمانیا، بە تایبەت لەڕێی بێلاڕوسەوە، زۆرینەی ئەو کۆچبەرانەش کە گەیەندراونەتە ئەڵمانیا، سوری بوون.

بەپێی ئەو زانیارییانەی پۆلیسی فیدراڵی ئەڵمانیا بڵاویکردووەتەوە، ئەو قاچاغچییانە بڕی ٣٥٠٠ بۆ ١٠ ھەزار یۆرۆیان لەھەر کۆچبەرێک وەرگرتووە و ھەندێک جار رێگەی زۆر مەترسیداریان بەکارھێناوە و ھەڕەشە و مەترسیشیان لەسەر کۆچبەرەکان دروستکردووە.