سوریا: تورکیا ئاو وەک چەکێک لە دژی خەڵکی حەسەکە بەکاردەھێنێت
رێبوار
٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢
٢٢٤
حەکام دوندی جێگری نوێنەری ھەمیشەیی سوریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، بیانووەکانی تورکیا بۆ لەشکرکێشییەکانی لە خاکی سوریا ھیچ کەسێک فریوو نادەن، بە تایبەتی کە ئەنقەرە بەردەوامە لە پشتگیریکردنی گرووپە تیرۆریستییەکانی وەک داعش و بەرەی نوسرە.
حەکام دوندی داواشی لە ئەنجومەنی ئاسایش کرد، حکومەتی تورکیا ناچاربکات کۆتایی بە بوونی "نایاساییانە"ی سوپاکەی لە خاکی سوریا بھێنێت، وتیشی، حکومەتی تورکیا بەردەوامە لە بەکارھێنانی ئاو وەک چەکی جەنگ، ئەوەش لە رێگەی بڕینی ئاوی وێستگەی عەلوک لەسەر ملیۆنان ھاووڵاتیی حەسەکە.
ئەو لێدوانەی جێگری نوێنەری سوریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاتێکدایە، تورکیا ١١ رۆژە ئۆپراسیۆنێکی ئاسمانی لە رۆژئاوای کوردستان دەستپێکردووە و ھەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی زەمینی دەکات.