یەکێتی ئەوروپا داوادەکات بۆردومانەکان بۆ سەر ھەرێمی کوردستان رابگیرێن
١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢
٥١٩
یەکێتی ئەوروپا لە راگەیەندراوێکدا داوایکرد بۆردومانەکان بۆ سەر خاکی عێراق رابگیرێن، چونکە پێشلکارییە بۆ سەر سەروەری و سەلامەتی ھەرێمیی. ھەروەھا پشتیوانی تەواوی خۆشی بۆ حکومەت و گەلی عێراق و حکومەتی ھەرێمی کوردستان راگەیاند.
ھاوکات وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنساش لە راگەیەندراوێکدا ئیدانەی بۆردومانەکانی ئێرانی بۆ سەر خاکی ھەرێمی کوردستان کرد، کە بەھۆیەوە قوربانی لێکەوتووەتەوە.
وتیشی، ئەو بۆردومانانە ھێرشن بۆ سەر سەروەری عێراق و یاسا نێودەوڵەتییەکان و ھەڕەشە لەسەر سەقامگیری عێراق و ناوچەکە دروستدەکات، بۆیە پێویستە رابگیرێن.
وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا داواشیکرد رێز لە سەروەری عێراق و ئاسایشی خاکەکەی بگیرێت و پابەندی خۆشیان بۆ سەقامگیری ھەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە.
رۆژی دووشەممە ئێران جارێکی دیکە بارەگای حزبەکانی رۆژھەڵاتی لە کۆیە و زرگوێز بۆردومان کرد و بەھۆیەوە دوو پێشمەرگەی حزبی دیموکرات گیانیانلەدەستدا و ھەشتی تریش برینداربوون و ھاووڵاتییەکی کۆیەش کە نەخۆشی دڵی ھەبوو بەھۆی بۆردومانەکەوە گیانی لەدەستدا.