خلوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا لە دوای کۆبوونەوەی گروپی پەیوەندی بەرگری ئۆکراین کەلە ئەڵمانیا بەڕێوەچوو بە رۆژنامەنوسانی رایگەیاند، سەردانی ( بال جۆنسون) وەزیری بەرگری سویدی بۆ وڵاتەکەی ھەڵوەشاندۆتەوە کە بڕیاربوو ٢٧ی ئەم مانگە ئەنجامی بدات.
ئاکار رەخنەی لە سستی نواندی سوید گرت لەگرتنەبەری رێوشوێن دژی لایەنگرانی پارتی کرێکارانی کوردستان و رێگەدان بە توندڕەوەکان بۆ سوتاندنی وێنەیەک لە قورئانی پیرۆز لە بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا ستۆکھۆڵم.
جەختیشی کردەوە، سەردانی وەزیری بەرگری سوید بۆ وڵاتەکەی ھیچ بایەخ و واتایەکی نەماوە لەبەر ئەوە ھەڵیانوەشاندۆتەوە.
لەلایەکی تریشەوە، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا سەردانی ھاوتا سویدییەکەی بۆ ئەنقەرە ھەڵوەشاندەوە کە بڕیاربوو ١٧ی ئەم مانگە ئەنجامبدرێت.
پۆلیسی ناوچەی لانکشر لە باکوری بەریتانیا رایگەیاند، دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی ریشی سوناک سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لەکاتی شۆفێریکردندا، دەرکەوتووە پشتێنی سەلامەتی نەبەستووە و ئەوەش پێشێلکردنی یاساکانی ھاتوچۆیە، بۆیە سزای دارایی دراوە بەبڕی (٦٢٠) دۆلار و پێویستە لەماوەی ٢٨ رۆژیشدا سزا داراییەکەی بدات.
لە بەرامبەریشدا نووسینگەی تایبەتی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، ریشی سوناک دانی بەھەڵەکەیدا ناوە و داوای لێبوردنیشی کردووە و پابەندیش دەبێت بەو ماوەیەی بۆی دیاریکراوە بۆئەوەی سزا داراییەکەی بداتە پۆلیسی ھاتووچۆ.
ئەنجومەنی سوریای دیموکرات مەسەدە گەیەنراوێکی سەبارەت بە تێپەڕبوونی ٥ ساڵ بەسەر ھێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین بڵاوکردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئەنقەرە تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی پێشێلکاری مرۆیی لەو ناوچانەدا، چونکە بە سەدان پێشێلکاری لەلایەن ھێزەکانی تورکیا و گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئۆپۆزسیۆن بەرامبەر ھاووڵاتیانی ناوچەکە ئەنجام دراون.
ھاوکات داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات کۆتایی بەبونی سەربازی تورکیا لە سوریا بھێنن، لەبەرئەوەی تورکیا لە ھەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکانی باکوری سوریایە.
ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری چەند دیبلۆماتکارێکی ئەوروپییەوە گواستییەوە، بڕیارە وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا رۆژی دووشەممەی داھاتوو لەکۆبوونەوەیەکدا لە برۆکسل قۆناغی چوارەمی سزاکانی سەر ئێران پەسەند بکەن.
ئاماژە بەوەشکراوە، بەڵام یەکێتی ئەوروپا تا ئێستا تاوتوێی ئەوە دەکات کە ئایا سوپای پاسداران بخاتە لیستی تیرۆرەوە یاخود نا، دوای ئەوەی ئەڵمانیا و چەند وڵاتێکی دیکەی ئەوروپی داوایەکیان پێشکەشکرد لەو بارەیەوە.
دەسەڵاتدارانی ئێران پێشتر ھۆشداریاندایە یەکێتی ئەوروپا کە ھەنگاوی ھاوشێوە دەگرنە بەر ئەگەر بڕیارێکی لەو شێوەیە بدات، بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپاش ترسی ئەوەیان ھەیە ھەنگاوی لەو جۆرە ھەوڵەکانی زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی پەکبخات.
بەپێی ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، تا ئێستا لانی کەم ١٤ ھەزار کەس بەھۆی خۆپیشاندانەکانەوە لە ئێران دەستبەسەرکراون، چوار کەسیش لە سێدارەدراون، سزای لەسێدارەدانیش بۆ ١٨ کەسی دیکە دەرکراوە.
چاوشئۆغلۆ لە واشنتۆن لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبووە و رایگەیاند، ھیوادارن واشنتۆن رازی بێت بە فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف ١٦ بە ئەنقەرە، چونکە ئەوە تەنھا گرنگ نییە بۆ تورکیا بەڵکو بۆ ھاوپەیمانی ناتۆ و خودی ئەمریکاش گرنگە.
فڕۆشتنی فڕۆکەی ئێف ١٦ بە تورکیا و ئێف ٣٥ بە یۆنان، بابەتێکی ھەستیارە بۆ حکومەتی ئەمریکا. پێشتر "جۆ بایدن" سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو پشتیوانی لە پێدانی ئەو فڕۆکەیە بە تورکیا دەکات، بەڵام ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و ھەروەھا سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوە لە ئەنجومەنی پیران کە سەر بە دیموکراتەکانە، دژایەتی دەکەن.
ئیلھام ئەحمەد، لە کۆبونەوەی گشتی ساڵانەی ئەنجومەنی جێبەجێکاری بەرێوەبەرایەتی خۆسەر رایگەیاند، مۆسکۆ لە ھەوڵی ئەوەدایە کاری لیژنەی دەستوری خێراتر بکات و کۆتایی بھێنێت بە دۆسیەی ھەموارکردنی دەستوری سوریا و ھەنگاو بنێت بەرەو ھەڵبژاردنەکان، بە دوور لە بڕیارەکانی جنێڤ بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا.
ئیلھام ئەحمەد وتیشی، ئاساییکردنەوەی ئەو پەیوەندییانەش، فشاری زیاتر دەخاتە سەر ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش و مانەوەی ھێزەکانیان لە سوریا و ھەڵوەشاندنەوەی ھێزەکانی سوریای دیموکرات و دامەزراوەکانی بەرێوبەرایەتی خۆسەر.
سەرۆک وەزیرانی نیوزلەندا لەبەردەم ئەندامانی پارتی کرێکاران رایگەیاند، توانای ئەوەی نییە چوار ساڵی تر بەردەوام بێت وەک سەرۆک وەزیران و رۆژی ٧ی شوبات دەستلەکارکێشانەوەکەی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. رەتیشیکردەوە ھیچ نھێنییەک لە پشت دەستلەکارکێشانەوەی ھەبێت.
"جاسیندا ئاردیرن" ساڵی ٢٠١٧ وە سەرۆک وەزیرانی نیوزلەندا دەستبەکاربوو، بەپێی راپرسییە نوێیەکانیش، ئاستی جەماوەری کەمبووەتەوە.
بڕیاریشە ھەڵبژاردنی گشتی داھاتوو لە نیوزلەندا لە ١٤ی تشرینی یەکەمی داھاتوو بەڕێوەبچێت.
بەپێی زانیارییەکان ئەو ئۆتۆمبێلە ھی "ھێزەکانی سوریای دیموکرات"ھەسەدە"بووە، لە ئەنجامی بۆردومانەکەدا دوو شەڕڤانی"ھەسەدە" گیانیان لە دەستداوە و دوانی تریش بریندار بوون.
ئەوەش لە کاتێکدایە ماوەیەکە سوپای تورکیا ھێرشەکانی لەسەر رۆژئاوای کوردستان چڕکردوەتەوەو و رۆژانە ناوچەکانی باکور و رۆژھەڵاتی سوریا دەکاتە ئامانج.
لیژنەی ھەڵمەتی بانگەشەی ترەمپ بڵاویکردەوە، رۆژی ٢٨ی ئەم مانگە ترەمپ دەچێتە بەردەم لایەنگرانی لە ویلایەتی ساوس کارۆلینا، ئەوەش لە چوارچێوەی ھەوڵەکانی بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنی داھاتووی سەرۆکایەتی ئەمریکا، کە ساڵی داھاتوو بەڕێوەدەچێت.
لیژنەی ھەڵمەتی بانگەشەی ترەمپ راشیگەیاند، سیناتۆر لیندسی گراھام کە یەکێکە لە لایەنگرانی سەرسەختی ترەمپ و ھنری مکماستەر حاکمی ئەو ویلایەتە لە ھەڵمەتی بانگەشەکە بەشدار دەبن.
ترەمپ لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو کاندیدبوونی خۆی بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووی سەرۆکایەتی ئەمریکا راگەیاند، بانگەشەکەشی لە ویلایەتی ساوس کارۆلیناوە دەستپێدەکات، بەوپێیەی یەکێکە لەو ویلایەتانەی رکابەری تێیدا زۆر بەھێزە.
"ئوروسلا ڤون دیرلاین" رایگەیاند، بەھۆی ئەو پێشێلکارییانەی لەبەرامبەر مافی مرۆڤ دەکرێت، پشتیوانی لەوە دەکات کە سوپای پاسداران بخرێتە لیستی تیرۆرەوە.
وتیشی، وەڵامی حکومەتی ئێران بۆ خۆپیشاندانەکان و خۆپیشاندەران زۆر خراپە و چاوەڕێی خولێکی تری سزاکانن بۆ سەر ئەو وڵاتە، چونکە ژمارەیەکی زۆر لە وەزیرانی یەکێتی ئەوروپا داوای سزای زیاتر بۆ سەر ئێران دەکەن.
لێدوانەکەی "ڤۆن دێرلاین" دوای ئەوە دێت کە لە چەندین شاری ئەوروپا و بە تایبەت لە شاری ستراسبورگ لە فەڕەنسا خۆپیشاندان کرا بۆ ئەوەی سوپای پاسداران بخرێتە لیستی تیرۆرەوە.
لەگەڵ کردنەوەی بازاڕی وزەی جیھان، ئەمڕۆ نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت ٥٢ سەنت بەرزبووە و گەیشتە ٨٦ دۆلار و ٤٤ سەنت، نرخی نەوتی تەکساسیش ٥٥ سەنت زیادیکرد و گەیشتە ٨٠ دۆلار و ٧٣ سەنت.
ھۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ کەمکردنەوەی کۆت و بەندەکانی روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا لە وڵاتی چین دەگەڕێتەوە، کە ھۆکارێک دەبێت بۆ زیادبوونی داواکاری لەسەر نەوت لەلایەن چین کە گەورەترین ھاوردەکاری نەوتە لە جیھاندا.
ھاوکات رێکخراوی وڵاتانی ھەناردەکاری نەوت "ئۆپیک" رایگەیاندووە، بەھۆی پێشبینییەکان بۆ بوژانەوەی ئابوری چین، داواکاری ئەو وڵاتە لەسەر نەوت لەمساڵدا زیاد دەکات، بە تێکڕای ٥١٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافی مرۆڤ،"سۆما پوورمحەممەدی"چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری سنە و ئەندامی دەستەی بەڕیوەبەریی ئەنجوومەنی فەرھەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین، لەلایەن ھێزەکانی ھێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکراوە، لە کاتێکدا ئەو کەسە بە مەبەستی بەدواداچوون لەسەر دۆسیەی ھاوسەرەکەی بە ناوی "ئیدریس مینبەری"سەردانی لقی دووی دادگای لێپرسینەوەی تاوانەکانی لە شاری سنە کردووە، لەو دادگایە دەستگیرکراوە.
رێکخراوی ھەنگاو ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، دوو برای خاوەن پێداویستی تایبەت بە ناوەکانی"عەبدوڵا قەنبەری وەند، تەمەن ٤٩ ساڵ و مەحموود قەنبەری وەند، تەمەن ٤٦ ساڵ و خەڵکی شاری پیرانشار، لە ماڵەکانی خۆیاندا لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون، ھەروەھا باوک و کوڕێکی خەڵکی شاری پیرانشار لە ماڵی خۆیاندا دەستگیرکراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.
بەپێ زانیارییەکانی رێکخراوەکە ھاووڵاتییەکی تر بە ناوی"تەھا ڕەسووڵیان" ھونەرمەند و چالاکی مەدەنیی پیرانشار، لە دووکانی ھاوڕێیەکیدا لەلایەن ھێزە حکوومییەکانەوە دەستگیرکراوە، دواتر چونەتە سەر ماڵەکەی و دەستیان بەسەر مۆبایلی ئەندامانی خێزانەکەیدا گرتووە، ھەر لەو چوارچێوەیەدا ھاووڵاتییەکی تر بەناوی "سینا دەشمیری" تەمەن ١٩ ساڵ دەستگیرکراوە.
سەرۆک وەزیرانی ھۆڵەندا لە دیدارێکدا لەگەڵ جۆبایدن سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی ئیدانەی بۆردومانەکەی روسیای بۆ سەر باڵەخانەیەکی نیشتەجێبون لە شاری دنیبرۆی ئۆکراین کرد و رایگەیاند، بەشداری ھەوڵەکانی ئەمریکا و ئەڵمانیا دەکەن لە پرۆژەی پێدانی سیستمی مووشەکی باتریۆت بە ئۆکراین.
لەبەرامبەردا سەرۆکی ئەمریکا ستایشی بەشداری ھۆڵەندای کرد لە ھاوپەیمانی رۆژئاوا کە ئەمریکا سەرۆکایەتی دەکات بۆ پشتیوانیکردنی ئۆکراین لە جەنگی دژ بە روسیا، راشیگەیاند، روسیا بە رێگەیەکی نالۆژیکی بەردەوامە لە ھێرشەکانی بۆ سەر ئۆکراین.
رۆژنامەی وۆل ستریت جۆرناڵی ئەمریکی ئاشکرای کرد، حکومەتی ئێران لەبری "پۆلیسی ئەخلاقیی"، کە لێپرسینەوەی لە ھەر کچ و ژنێک دەکرد، کە پابەندنی باڵاپۆشی نەدەبوو، کامێرای چاودێری لە شەقامەکاندا جێگیر دەکات، ھەروەھا بە نیازە لە بری دەستگیرکردن، سزای ئەو ژن و کچانە بدات، کە پابەندنی باڵاپۆشی نابن، سزاکەش دەگاتە پێبژاردن و رێگریکردن لە گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات.
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامە ئەمریکییەکە، کامێراکانی تۆمارکردنی تیژەڕەویی ئۆتۆمبێل، بۆ چاودێریکردنی بڕیاری جێبەجێکردنی باڵاپۆشی بەکاردەھێندرێن.
دوای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران، بە بڕیاری داواکاری گشتیی وڵاتەکە، پۆلیسی ئەخلاقیی ھەڵوەشایەوە.