دەستەی ئاماری نیشتمانیی چین بڵاویکردەوە، ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکە لە ساڵی ٢٠٢٢، یەک ملیار و ٤١١ ملیۆن و ٧٥٠ ھەزار کەس بووە، کە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١، ژمارەی دانیشتووانی چین ٨٥٠ ھەزار کەس کەمیکردووە، کە یەکەمجارە لە دوای ساڵی ١٩٦١ ژمارەی دانیشتووانی چین کەم بکات.
راشیگەیاندووە، ساڵی ٢٠٢٢، نۆ ملیۆن و ٥٦٠ ھەزار منداڵ لەدایکبوون، لە بەرامبەردا ١٠ ملیۆن و ٤١٠ ھەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.
دەستەی ئاماری نیشتمانیی چین راشیگەیاند، زۆرینەی دانیشتووانی چین کە ژمارەیان دەگاتە ٩٢٠ ملیۆن و ٧١٠ ھەزار کەس لە شارەکان دەژین، ھەروەھا زیاتر لە ٤٩١ ملیۆن کەسیش لە گوندەکان دەژین، زۆرینەی دانیشتووانیش لە رەگەزی نێرن.
لێپرسراوانی ناوخۆی ویلایەتی کالیفۆرنیا بڵاویانکردەوە، رووداوێکی تەقەکردن لە ماڵێکدا روویداوە و بەھۆیەوە شەش کەس کوژراون، کە دایکێکی تەمەن ١٧ ساڵ و منداڵێکی تەمەن ٦ مانگ لە نێو کوژراوەکاندان و چوار تەرمیش لە دەرەوەی ماڵەکە و سەر شەقام دۆزراونەتەوە. تا ئێستاش ھێزەکانی پۆلیس بەدوای دوو کەسدا دەگەڕێن کە پێدەچێت دەستیان لە رووداوەکەدا ھەبوبێت.
سەرۆکی پۆلیسی ناوچەی "تولاری" لە کالیفۆرنیا رایگەیاندووە، ھەفتەی رابردووش بە تۆمەتی ماددەی ھۆشبەر نوسراوێک بۆ پشکنین و گەڕان بۆ ئەو ماڵە دەرچووە، کە رووداوەکەی تێیدا روویداوە.
لە پانێڵێکیشدا کە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، سەرۆکی لیتوانیا رایگەیاند، دەبێت "ڤلادمیر پوتن" سەرۆکی روسیا درک بەوە بکات کە ھەڵەی کرد، ئەوروپاش سەربەخۆیی خۆی لە بازاڕی وزەی روسیا بەدەستبھێنێت.
سەرۆکی پۆلەنداش رایگەیاند، پێشکەشکردنی چەکی پێشکەوتوو ھاوکار دەبێت لە سەرکەوتنی ئۆکراین بەسەر روسیا.
لە کۆڕبەندی ئابوری جیھان لە داڤۆس، ٥٠ سەرۆک و سەرۆکی حکومەت و ٢٥٠٠ سەرکردە و نوێنەری وڵاتان بەشدارن، لە نێویاندا "د. لەتیف رەشید" سەرۆک کۆماری عێراق، عالیە تالیب وتەبێژی سەرۆک کۆمار رایگەیاند، میحوەری بەشداری سەرۆک کۆمار چەند خاڵێکی گرنگ لەخۆدەگرێت کە بریتین لە بابەتی بەدیھێنانی ئاسایشی خۆراک و بونیادنانی ھاوبەشی ھەرێمی و نێودەوڵەتی و پشتیوانی کەرتی کشتوکاڵ و سیستمی ئیدارەدانی ئاو و چارەسەرکردنی کێشەی کەمی ئاوی ھاتوو لە سنورەکانەوە و نوێکردنەوەی سیستمی خوێندن و چاودێری تەندروستی و رەخساندنی ھەلیکار و پشتیوانیکردنی توێژە زەرەرمەندەکانی گۆڕانی ژینگە و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بونیادنانەوەی ژێرخانی ئابوری.
رۆژنامەی وۆل ستریت جۆرناڵی ئەمریکی ئاشکرای کرد، حکومەتی ئێران لەبری "پۆلیسی ئەخلاقیی"، کە لێپرسینەوەی لە ھەر کچ و ژنێک دەکرد، کە پابەندنی باڵاپۆشی نەدەبوو، کامێرای چاودێری لە شەقامەکاندا جێگیر دەکات، ھەروەھا بە نیازە لە بری دەستگیرکردن، سزای ئەو ژن و کچانە بدات، کە پابەندنی باڵاپۆشی نابن، سزاکەش دەگاتە پێبژاردن و رێگریکردن لە گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات.
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامە ئەمریکییەکە، کامێراکانی تۆمارکردنی تیژەڕەویی ئۆتۆمبێل، بۆ چاودێریکردنی بڕیاری جێبەجێکردنی باڵاپۆشی بەکاردەھێندرێن.
دوای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران، بە بڕیاری داواکاری گشتیی وڵاتەکە، پۆلیسی ئەخلاقیی ھەڵوەشایەوە.
حسێن ئەمیر عەبدولھیان وەزیری دەرەوەی ئێران لە ئەنقەرە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا و مەولود چاوش ئۆغلو وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە.
دوابەدوای کۆبوونەوەکە، حسێن عەبدولھیان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا لەگەڵ ھاوتا تورکییەکەی رایگەیاند، پشتیوانییەکانیان بۆ دۆسیەی ھاریکاریی ستراتیژی نێوانیان دووپات کردوەتەوە، بەشێوەیەکی فراوان لە بارەی دۆسیەی سوریاوە گفتوگۆیان کردوە و جەختیان لە پشتیوانی لە یەکپارچەیی خاکی سوریایان کردوەتەوە.
لای خۆیەوە، مەولود چاوش ئۆغلو وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، دەبێت کار بکرێت بۆ چارەسەرکردنی زۆرینەی کێشەکان لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئەستانەدا.
رۆژنامەی تایمزی بەریتانی لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای حکومەتی ئێرانەوە بڵاویکردوەتەوە، بەبڕیاری ئیبراھیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران بەڕێژەی ٢٨% بودجەی سوپای پاسداران بەرزکراوەتەوە و گەیشتووەتە ١٧ ملیار دۆلار و سێ ملیار دۆلاری تریشی بۆ بودجەی ھێزەکانی پاراستنی ئاسایشی دەوڵەت تەرخانکردووە، کە ھێزە ئەمنییەکانی ناو شارەکان دەگرێتەوە.
ئاشکراشیکردوە، بەبڕیاری عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران ٩٠%ی داھاتی کۆمپانیایەکی سەر بە سوپای پاسداران تەنھا بۆ فەیلەقی قودس تەرخان دەکرێت.
رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، تورکیا لەو ناوچانەی لە ساڵی ٢٠١٩ەوە لە باکوری خۆرھەڵاتی سوریا داگیری کردوە، تا ئێستا پاشەکشێی نەکردوە و مامەڵەی خراپ لەگەڵ خەڵکەکەی دەکات.
ھەروەک ئاماژەی کردوە بەوەی بەھۆی بەردەوامی پشتیوانی سەربازی لە لایەن تورکیا و رووسیا و ئێرانەوە بۆ لایەنە شەڕکەرەکانی سوریا، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و لیژنەی دەستووری لە ساڵی ٢٠٢٢دا ھیچ بەرەوپێشچوونێکیان تۆمار نەکرد.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەتا ئێستا ھیچ زانیارییەک لە بارەی شوێنی زیندانیکردن و ئەو تۆمەتانەی رووبەروویان کراوەتەوە بەردەست نەکەوتوە.
بەپێی رێکخراوەکە، ھەروەھا مامۆستایەکی ئاینی خەڵکی شاری پیرانشار بەناوی " یوونس نەوەخواە" کە سێ ھەفتە لەمەوبەر دوای دەستگیرکردنی بەبارمتە ئازادکرابوو، لەلایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینی لە شاری ئورمیە، سزای بەندکردن و لابردنی لەکارەکەی بەسەردا سەپێنرا.
ھاوکات، ھاووڵاتییەکی شاری ئەیوانی سەر بە پارێزگای ئیلام کە دوای دەستگیرکردنی لە خۆپیشاندانەکاندا بە شەش ساڵ زیندانیکردن و دوو ساڵ دوورخستنەوە سزا درابوو. دوای پێداچوونەوەش بە سزاکەی بە سێ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیکردن سزادرا.
سیاماک نەمازی زیندانییەکی ئەمریکییە لە ئێران لە نامەیەکی کراوەدا رایگەیاندووە، پێویستە تیشک بخرێتە سەر ژیانی بارمتە ئەمریکییەکان لە ئێران کە لە ژیانێکی کارەساتباردان.
وتیشی، بۆ ماوەی حەوت رۆژ مانگرتن لە خۆراک رادەگەیەنێت.
ئاماژەی بەوەشدا، تەنھا خودی جۆ بایدن دەسەڵاتی رزگارکردنیانی ھەیە و ئەگەر سور بێت دەتوانێت بیانگەڕێنێتەوە وڵاتی خۆیان.
سیاماک نامازی بازرگانە و لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٥ بە تۆمەتی سیخوڕی لە ئێران دەستگیرکراوە، باوکیشی بەناوی باقر نەمازی کە کارمەندی پێشوو بووە لە رێکخراوی یونسێف لە سەردانێکیدا بۆ ئێران بۆ رزگارکردنی کوڕەکەی، دەستگیرکراو دواتر رێگەی پێدرا ئێران بەجێبھێڵێت.
لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووشدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتۆن ھەوڵی جدی دەدات بۆ ئازادکردنی ئەو ئەمریکییانەی لە ئێران دەستگیرکراون.
ئەردۆغان لە میانی چالاکییەکی گەنجان لە ویلایەتی مۆغلای رایگەیاند، بینەری خۆپیشاندانی لایەنگرانی پارتی کرێکارانی کوردستان بوون لە شەقامەکانی سوید، ھەرچەندە پێشتر لەوبارەیەوە ھۆشداریان دابوو، بەداخەوە سوید ئەو خۆپیشاندانانەی رانەگرتووە، ھۆشداریشدا، ئەگەر سوید ئەو جۆرە کارانە رانەگرێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵیدا ئاڵۆز دەبێت.
سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، سوید داواکارییەکی وڵاتەکەی بۆ رادەستکردنی ١٣٠ داواکراو جێبەجێنەکردووە، تاکو رەزامەندی پیشانبدەن لەسەر بە ئەندامبوونی سوید و فینلەندا لە ھاوپەیمانی ناتۆ.
تورکیا بۆ رازیبوون لەسەر بەئەندامبوونی سوید و فینلەندا چەند مەرجێکی ھەیە یەکێک لە مەرجەکانیش رادەستکردنی ئەو کەسانەیە کەلەلایەن تورکیاوە داواکراون، لە ماوەی رابردووشدا سوید ٣ کەسی رادەستی تورکیا کردەوە، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا سەرۆک وەزیرانی سوید رایگەیاند، ھەندێک لە داواکارییەکانی تورکیا مایەی قبوڵکردن نین و ناتوانن جێبەجێیان بکەن.
"حسێن ئەمیر عەبدولاھیان" لە میانی سەردانەکەیدا بۆ دیمەشق رایگەیاند، حکومەتی سوریا سورە لە پەیوەندی و ھەماھەنگی لەگەڵ ئێران، کە لەم کاتەدا گرنگییەکی زۆری ھەیە چونکە رووداوە ھەرێمی و نێودەوڵەتییەکان زۆر خێران.
وتیشی، سوریا وڵاتێکی گرنگ و بەرھەمدارە و متمانەی تەواویان ھەیە بە ھەڵوێست و بڕیارەکانیان، پێشیانوایە ھەر دانوستانێکی جدی لەنێوان دیمەشق و ئەنقەرە ئەنجام بدرێت، ھەنگاوێکی ئەرێنی دەبێت بۆ بەرژەوەندی ھەردوو وڵات و ناوچەکە بەگشتی.
چاوەڕوان دەکرێت کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و روسیا و سوریا لەسەرەتاکانی مانگی شوباتی داھاتوو ئەنجام بدرێت.
بە بەشداری زیاتر لە ٢٥٠٠ سەرکردە و نوێنەری وڵاتان و سەرمایەداران و کەسایەتییە جیھانییەکان، ٥٣یەمین کۆڕبەندی ئابوریی جیھان ناسراو بە "داڤۆس" بە ناونیشانی (ھەماھەنگی لە جیھانێکی پەرتەوازەدا) لە سویسرا ئەمشەو دەستپێدەکات و تا ٢٠ی مانگ بەردەوام دەبێت.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق بۆ بەشداری لە کۆڕبەندەکە گەیشتە داڤۆس و لە ڕۆژانی کۆڕبەندەکەدا، لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردەی وڵاتانی جیھان و سەرۆکی دامەزراوە ئابوورییە جیھان کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێک و گەیاندنی وێنەی ڕاستەقینەی ئەو سەقامگیرییە ئەمنی و ئابوورییەی کە عێراق بەخۆیەوە بینیوە، کە کەشێکی گونجاوە بۆ ڕاکێشانی وەبەرھێنان کە یارمەتی عێراق دەدات لە پەرەپێدانی ژێرخانی ئابوری و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ھاووڵاتیان.
تەوەری سەرەکی کۆڕبەندی ئەمساڵ گفتوگۆکردن دەبێت لەبارەی، قەیرانی خۆراک و وزە و ھەڵئاوسان و سستی گەشەی ئابوری-پیشەسازی و رۆڵی کەرتی تایبەت و کێشە کۆمەڵایەتییەکان و مەترسیە جیۆسیاسییەکان.
وەزارەتی بەرگری روسیا لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئۆپراسیۆنی کۆنترۆڵکردنی شاری سۆلیدار گروپێکی تێکەڵ لە ھێزەکان ئەنجامیانداوەو ھێرشی راستەوخۆ بۆ سەر ناوچەکانی نیشتەجێبون لە سایەی جموجۆڵی ئازایانەو بڕوابەخۆبوونی خۆبەخشان بووە لە یەکەکانی گروپی ڤاگنەر.
روسیا رۆژی ھەینی کۆنترۆڵکردنی شاری سۆلیداری لە رۆژھەڵاتی ئۆکراین راگەیاند، شاری سۆلیدار بە بوونی کانی خوێ بەناوبانگەو یەکەم دەستکەوتی گەورەی روسیایە لە شەش مانگی رابردوودا، بەڵام ئۆکراین ھێشتا رەتیدەکاتەوە شارەکە لە لایەن روسیاوە کۆنترۆڵکرابێت و دەڵێت ھێزەکانیان ھێشتا لە شارەکەدان.
مایکڵ ماکول سەرۆکی لیژنەی دەرەوە لە ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، داوای لە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوە کردووە زنجیرەیەک بەڵگەنامەی تایبەت و یاداشتە ھەواڵگرییە ئاڵوگۆڕکراوەکانیان لەگەڵ تاڵیبان رادەستبکات.
وتیشی، ئیدارەی بایدن چەندین جار داواکاریی وردبینی رەتکردۆتەوەو بەردەوامە لە شاردنەوەی زانیارییەکان لەبارەی کشانەوە لە ئەفغانستان، جەختیشی کردەوە ئەگەر ئیدارەی بایدن بەردەوام بێت لە رەتکردنەوەی داواکارییەکانیان لیژنەکەیان پەنادەباتە بەر بژاردەی ناچارکردن.
لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠٢١ جۆبایدن سەرۆکی ئەمریکا فەرمانیکرد بە کشانەوەی ھێزەکانیان لە ئەنفغانستان، لە ٢٦ی ئاب لە ھێرشێکی تاڵیبان بۆ سەر فرۆکەخانەی کابوڵ ١٧٣ کەس کوژران کە ١٣یان ئەمریکی بوون، ئەوەش ئیدارەی بایدنی رووبەڕووی رەخنەی توندکردەوە.
دەسەڵاتی دادوەری ئێران رایگەیاند، بەربەیانی ئەمڕۆ (عەلیڕەزا ئەکبەری) جێگری پێشووتری وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە، بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ بەریتانیا و تێوەگلان لە دۆسیەی کوشتنی (موحسن فەخریزادە) زانانی ئەتۆمیی ئێران، لەسێدارەدراوە.
پێشتر ئەمریکا و بەریتانیا ناڕەزایەتییان سەبارەت بە سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر (ئەکبەری)دا دەربڕیبوو و داوایان لە ئێران کردبوو سزاکە ھەڵبوەشێنێتەوە.
(عەلیڕەزا ئەکبەری) تەمەن ٦١ ساڵ لە ساڵی ١٩٩٧ بۆ ٢٠٠٢ جێگری (عەلی شەمخانی) وەزیری بەرگری ئەو کاتی ئێران بوو، ساڵی ٢٠٠٩ چووە بەریتانیا و مافی پەنابەرێتی لەو وڵاتە وەرگرت، ساڵی ٢٠١٩ لەسەر بانگھێشتی (شەمخانی) گەڕایەوە ئێران و دەستگیرکرا.
لە میانی کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە تایبەت بوو بە رەوشی ئۆکراین ، نوێنەری ئەمریکا رایگەیاند، لەمانگی ئابی رابردوەوە ئێران سەدان فڕۆکەی بێفرۆکەوانی رادەستی روسیا کردووە، کە ئەوەش پێشێلکردنی بڕیاری ژمارە ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشە.
رونیشیکردەوە، روسیا فرۆکەی بێفرۆکەوانی ئێرانی بەکاردەھێنێت بۆ کردنە ئامانجی ژیرخانی وزەی ئۆکراین و ملیۆنان مەدەنی ئۆکراینی لەم وەرزی زستانەدا بێبەشبوون بە کارەبا و خزمەتگوزاری.
نوێنەری ئەمریکا ئاشکراشیکرد، ئێران بەنیازە سەدان مووشەکی بالیستی بە روسیا بفرۆشێت. داواشی لەو وڵاتە کرد لە ھەنگاوانە پاشگەزبێتەوەو پشتیوانی ئاشتی لە ئۆکراین بکات.