بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافی مرۆڤ،"سۆما پوورمحەممەدی"چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری سنە و ئەندامی دەستەی بەڕیوەبەریی ئەنجوومەنی فەرھەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین، لەلایەن ھێزەکانی ھێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکراوە، لە کاتێکدا ئەو کەسە بە مەبەستی بەدواداچوون لەسەر دۆسیەی ھاوسەرەکەی بە ناوی "ئیدریس مینبەری"سەردانی لقی دووی دادگای لێپرسینەوەی تاوانەکانی لە شاری سنە کردووە، لەو دادگایە دەستگیرکراوە.

رێکخراوی ھەنگاو ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، دوو برای خاوەن پێداویستی تایبەت بە ناوەکانی"عەبدوڵا قەنبەری وەند، تەمەن ٤٩ ساڵ و مەحموود قەنبەری وەند، تەمەن ٤٦ ساڵ و خەڵکی شاری پیرانشار، لە ماڵەکانی خۆیاندا لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون، ھەروەھا باوک و کوڕێکی خەڵکی شاری پیرانشار لە ماڵی خۆیاندا دەستگیرکراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.

بەپێ زانیارییەکانی رێکخراوەکە ھاووڵاتییەکی تر بە ناوی"تەھا ڕەسووڵیان" ھونەرمەند و چالاکی مەدەنیی پیرانشار، لە دووکانی ھاوڕێیەکیدا لەلایەن ھێزە حکوومییەکانەوە دەستگیرکراوە، دواتر چونەتە سەر ماڵەکەی و دەستیان بەسەر مۆبایلی ئەندامانی خێزانەکەیدا گرتووە، ھەر لەو چوارچێوەیەدا  ھاووڵاتییەکی تر بەناوی "سینا دەشمیری" تەمەن ١٩  ساڵ  دەستگیرکراوە.