وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی خولی شەشەمی مۆڵەتی كاركردن لە كێڵگە غازی و نەوتیەكاندا گرێبەستێكیان لەگەڵ دوو كۆمپانیا ئیمزاكردووە بۆ بەرهەمهێنانی ٣٠٠ ملیۆن پێ سێجا غاز لە رۆژێكدا.

 
وەزارەتی نەوتی عیراق لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوت گرێبەستێكی لەگەڵ دوو كۆمپانیا ئیمزاكردووە بۆ بەرهەمهێنانی ٣٠٠ ملیۆن پێ سێجا غاز لەرۆژێكدا لە كێڵگەی غازی مەنسوریە لە پارێزگای دیالە.

 
دەشڵێت، كێڵگەی مەنسوریە یەكێكە لە كێڵگە گونجاوەكان كە وزەی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی غاز لە وڵاتدا دابیندەكات و كاریگەری دەبێت لەسەر ئابوری وڵات و هەلی كاری زیاتر بۆ هاووڵاتیان دەڕەخسێنێت.

 
لە مانگی نیسانی ئەمساڵ، عیراق خولی پێنجەم و شەشەمی مۆڵەتی كارپێكردنی بۆ ٢٩  كێلگەی غازی و نەوتی راگەیاند بۆ ئەوەی كۆمپانیا جیهانیەكان بتوانن ركابەری بكەن بۆ بەدەستهێنانی كاركردن.