تەلەفزیۆنی رەسمی ئێران بڵاویکردەوە، خامنەیی لەگەڵ ھەیسەم بن تارق سوڵتانی عومان لە تاران کۆبووەتەوە و پشتیوانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان ئێران و میسری کردووە و وتویەتی ھیچ کێشەیەک لەو بابەتەدا نییە، کە چەندین دەیەیە ناکۆکی و پشێوی تێدایە.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە ماوەیەکی دوور و درێژە عومان رۆڵی نێوەندگیر دەبینێت لەنێوان تاران و وڵاتانی رۆژئاوا. لەئێستاشدا چەند ئاماژەیەک ھەیە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی میسر و ئێران، بە تایبەت دوای ئەوەی سعودیە و ئێران لە مانگی ئاداری رابردوو بەنێوەندگیری چین، کۆتاییان بە دابڕانی پەیوەندییەکانیان ھێنا و ئاساییانکردەوە. تائێستاش لێپرسراوانی میسر وەڵامی لێدوانەکەی "خامنەیی"یان نەداوەتەوە.
میسر لە سەردەمی ئەنوەر سادات و دوای شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران پچڕاند. لە ساڵی ٢٠١١ش لە دوای بەھاری عەرەبی کە "محەمەد مورسی" وەک سەرۆکی میسر ھەڵبژێردرا، پەیوەندییەکانی میسر و ئێران بەرەو باشی چوو، بەڵام جارێکی دیکە و دوای لابردنی "مورسی" لە ساڵی ٢٠١٣ و ھەڵبژاردنی "عەبدولفەتاح سیسی" بە سەرۆک، پەیوەندییەکان پچڕانەوە.
بایدن بەر لە بەجێھێشتنی کۆشکی سپی بەرەو ویلایەتی "دیلاوێر" بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ "ئەردۆغان" ئەنجامداوە و پیرۆزبایی لێکردووە.
وتیشی، ئەردۆغان دەیەوێت لەسەر پرسی فڕۆکەی ئێف ١٦ بگەنە چارەسەر، کە بەھۆی ئاستەنگ دروستکردن لە کۆنگرێسی ئەمریکاوە ئەو مامەڵەیە لەنێوان واشنتۆن و ئەنقەرە وەستاوە.
ھەروەھا بایدن بە ھاوتا تورکییەکەی راگەیاندووە کە ئەمریکا دەیەوێت مامەڵە و ھەماھەنگی لەگەڵ سوید ھەبێت و دەبێت پرسی بە ئەندامبوونی ئەو وڵاتە لە ھاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی "ناتۆ" کۆتایی بێت.
لە راگەیەندراوێکدا کە لە ماڵپەڕی پەرلەمانی ئۆکراینادا بڵاوکراوەتەوە ئاماژەبەوەکراوە، لە دانیشتنی پەرلەماندا ١٠ یاسا و سێ پرۆژەیاسا و پێنج بڕیار پەسەندکراون.
ئاماژە بەوەشکراوە، لەنێو بڕیارەکاندا ئەو بڕیارەش ھەیە کە سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا لەخۆدەگرێت.
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆڵۆدیمیر زیلینسکی رەشنووسی ئەو بڕیارەی پێشکەشی پەرلەمان کردبوو کە سزای ئابووری و سزای دیکە دژی ئێران لەخۆدەگرێت.
بەپێی رەشنووسەکە، سزاکان بۆ ماوەی ٥٠ ساڵ بەسەر ئێراندا دەسەپێنرێن و لەنێو رێکارەکانی سنووردارکردندا، ھەریەک لە قەدەغەکردنی تەواوەتی بازرگانی لەگەڵ وڵاتەکە و راگرتنی ترانزێتی سەرچاوە بە خاکی ئۆکراینا، گەشتە ئاسمانییەکان و گواستنەوە لەرێگەی ئاسمان و خاکی ئۆکرایناوە لەخۆدەگرێت.
سەرۆککۆمار لە پەیامەکەیدا بۆ ئەردۆغان رایگەیاندووە، بەبۆنەی ھەڵبژاردنەوەتان بە سەرۆک کۆماری تورکیا بەناوی گەلی عێراقەوە گەرمترین پیرۆزباییتان لێدەکەین و ھیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین لە ئەرکەکەتان، داوا لە پەروەردەگار دەکەن خێرو خۆشی بۆ خۆتان و گەلەکەتان بھێنێت.
سەرۆک کۆمار لە پەیامەکەیدا سوربوونی عێراقی دووپاتکردووەتەوە لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندیی دۆستانە و ھەماھەنگییەکان لەنێوان ھەردوو وڵات و گەلی دۆست، کە ببێتە مایەی پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری ھەرێمی و نێودەوڵەتی.
وتەبێژی پاسەوانی کەناراوەکانی ژاپۆن بڵاویکردەوە، ئاگادارکردنەوەیەکیان لە کۆریای باکورەوە پێگەیشتووە کە لە چەند ھەفتەی داھاتوودا مانگێکی دەستکرد تاقیدەکەنەوە. پێشبینیش دەکرێت، ئەو ئەو مانگە دەستکردە لە نزیک دەریای خۆرھەڵاتی چین و خۆرھەڵاتی دوورگەی لوزون لە فلیپین بکەوێت.
فومیو کیشیدا، سەرۆک وەزیرانی ژاپۆنیش رایگەیاندووە، ئەو تاقیکردنەوەیە پەیوەندی بە مووشەکی بالستییەوە ھەیە و "پیۆنگ یانگ" بە مانگی دەستکرد ناوی دەبات. داواشی لە لێپرسراوان کرد زانیاری زیاتر کۆبکەنەوە و ھۆشیار بن و ھەماھەنگی بکەن لەگەڵ ھاوپەیمانەکانیان، وەک ئەمریکا و کۆریای باشور.
کۆریای باکور لەم چەند مانگەی رابردوودا تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی زیاد کردووە و بەھۆیەوە ژاپۆن سیستمی ئاگادارکردنەوەی دانیشتووانی لە وڵاتەکەی، کاراکردووە.
لای خۆشیەوە، وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باشور داوای لە کۆریای باکور کردووە پلانەکەی بۆ ھەڵدانی مانگی دەستکرد ھەڵبوەشێنێتەوە، بەڵێنیشیدا بە ھەماھەنگی لەگەڵ کۆمەڵی نێودەوڵەتی بۆ وەڵامدانەوەی ھەڕەشەکانی پیۆنگ یانگ .
ئاژانسی فرانس پرێسی فەڕەنسی بڵاویکردەوە، تیمە دەریاوانییەکانی فەڕەنسا ئۆپراسیۆنێکیان لە ناوچەی کالێ ئەنجامداوە و ٤٦ کۆچبەریان لە خنکان رزگارکردووە، کە بەلەمەکەیان لە دەریادا پەکی کەوتووە، ھەروەھا لە ئۆپراسیۆنێکی تردا ١٧ کۆچبەری تریان رزگارکردووە.
رزگارکردنی ئەو کۆچبەرانە لە کەناڵی ئینگلیز لەکاتێکدایە، ھەفتەی رابردوو دادگای فەڕەنسا لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی لە ژێرئاو کەوتنی بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناڵی ئینگلیز لە ساڵی ٢٠٢١، تۆمەتی کەمتەرخەمی ئاڕاستەی پێنج سەربازی فریاگوزاری دەریایی کرد، کە لە کاتی رووداوەکەدا لە ناوەندێکی چاودێری و بەھاناوەچوونی فەڕەنسی لە کەناڵی ئینگلیز لە ئەرکدا بوون.
٢٤ی تشرینی دووەم ساڵی ٢٠٢١ نزیکەی ٥٠ کۆچبەر ھەوڵیاندا بە بەلەمێک لە رێگەی کەناڵی ئینگلیزەوە لە فەرەنساوە بچنە بەریتانیا، بەڵام بەلەمەکەیان ژێرئاو کەوت و ٢٧ کۆچبەر گیانیان لەدەستدا، کە ١٧ کۆچبەریان کورد بوون.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە کارکردن لەگەڵ تورکیا وەک ھاوپەیمانێک لەناتۆ، سەبارەت بە پرسە دوو قۆڵییەکان و ململانێ جیھانییە ھاوبەشەکان.
ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیاش وتی، سەرکەوتنی ئەردۆغان بەڵگەیەکی روونە بۆ پشتیوانی گەل لە سەرۆکەکەیان.
ھاوکات ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا رایگەیاند، فەڕەنسا و تروکیا روبەڕووی ململانێی گەورە بوونەتەوە پێکەوە، وەک گەڕانەوەی ئاشتی لە ئەوروپا و داھاتووی ھاوپەیمانی ئەوروپی ئەتڵەسی و دەریای ناوەڕاست.
لای خۆیەوە، "ریشی سوناک" سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ھیوای خواست ھەماھەنگی لەگەڵ تورکیا بەردەوام بێت، لە بواری بازرگانییەوە تا چارەسەرکردنی ھەڕەشە ئەمنییەکان.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانیش سەرباری پیرۆزبایی وتی، چاوەڕێی ھەماھەنگی زیاترن لەنێوان نەتەوە یەکگرتووەکان و تورکیا.
ھاوکات لێپرسراوانی سوید و ئەڵمانیا و کۆمیسیۆنی ئەوروپا و ناتۆ و سعودیە پیرۆزباییان لە ئەردۆغان کرد.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقیش لەوبارەیەوە وتی، ھیوادارین پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا بەرەوپێش بچێت و دۆستایەتی و ھەماھەنگی بەردەوامی ھەبێت.
سەرچاوەکانی ھەواڵ بڵاویانکردووەتەوە، لە چەند ناوچەیەک لە باکوری سوریا کە لەژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆنی سوریادان، ئاھەنگ بەبۆنەی سەرکەوتنی "ئەردۆغان"ەوە گێڕاوە و تەقەی ھەڕەمەکی لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە کراوە، بەوھۆیەوە کەسێک کوژراوە و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش چەندین ڤیدیۆ بڵاوکراونەتەوە کە لە سەربانی ماڵەکان تەقە دەکرێت، ھەروەھا وێنەی چەندین کەسیش دانراوە کە بەھۆی تەقەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.
مەرال ئاکشەنەر سەرۆکی پارتی باش لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان دەکات کە جارێکی تر وەکو سەرۆککۆمار ھەڵبژێردراوەتەوە، ھیوادارە وەک سەرۆککۆماری ھەموو ھاووڵاتیان رەفتار بکات.
راشیگەیاندووە، وڵاتەکەیان ماندووە و کاتی کۆتاییھێنانە بە قەیرانەکان و ھیج کەسێکیش لە سەرووی ئیرادەی گەلەوە نییە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، پەیامی گەلیان وەرگرتووە و ئیرادەی گەل تاجی سەریانە.
شەش کۆمپانیای ناسراوی تورکیا بە جیا راپرسییان لە تورکیا ئەنجامداوە و پرسیاری ئەوەیان کردووە کە لە خوولی دووەمدا دەنگ بە کێ دەدەن، لە راپرسییەکەی کۆمپانیاکانی کۆندا، ئاسال، ساروس و بیماردا رەجەب تەیب ئەردۆغان زیاتر لە ٥٢%ـی دەنگەکان و کەمال کڵچدارئۆغلۆش ٤٧%ـی دەنگەکانی بەدەستھێناوە.
ھاوکات بەگوێرەی راپرسی ھەردوو کۆمپانیای ئاریا و ئۆرکیش کە تایبەتن بە توێژینەوە و راپرسی، کەمال کڵچدارئۆغلۆ کاندیدی ئۆپۆزسیۆن لەنێوان ٥٠.٦ بۆ ٥١.٦%ـی دەنگەکان بەدەستھێنێت و دەبێتە ١٣ھەمین سەرۆککۆماری تورکیا.
بەگوێرەی ئەو دیمەنانەی ئاژانسی ئەنادۆڵ بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ لە گەڕی دووەمی ھەڵبژاردنەکەدا ھاوڵاتییان بەشێوازی سەیر و جیاواز چوونەتە سەر سندوقەکانی دەنگدان، وەک لە دیمەنەکاندا دەردەکەوێت ھەندێک لە دەنگدەرەکان ئاژەڵە ماڵییەکانیان بردووەتە سەر سندوقەکانی دەنگدان و ھەندێکی دیکەشیان بەھۆی بەتەمەنییانەوە لەگەڵ کارمەندانی تەندروستی چوونەتە بنکەکانی دەنگدان.
ئەوەی لە ھەڵبژاردنەکەدا سەرنجی جیھانی بەلای خۆیدا راکێشابوو، بەشداریکردنی چەند کچ و کوڕێک بوون، کە بڕیاریاندابوو بە جلوبەرگی بووک و زاواوە بەشداری ھەڵبژاردنەکە بکەن و دوای دەنگدانیان راستەوخۆ ھاوسەرگیری بکەن.
بەپێی ئەنجدامی بەراییەکان، رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی ھاوپەیمانی کۆمار ٥٢.٩٣٪ ، کەمال کڵیچدارئۆغڵو کاندیدی ھاوپەیمانی میللەت ٤٧.٧٪_ ی دەنگەکانی بەدەستھێناوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی ئانکای نزیک لە ئۆپۆزسیۆنی تورکیا، ئەردۆغان لەپێش کڵچدارئۆغڵوەوەیە، لە بەدەستھێنانی دەنگەکان.
پارتی گەلی کۆماری جەھەپە دەڵێت، لە پڕۆسەی ھەڵبژاردندا پێشێکاریی روویداوە، پارتی دادو گەشەپێدانیش دەڵێت جەھەپە پشێوی دروستدەکات
دەمیرتاش چەند پەیامێکی لە تویتەر بڵاوکردەوەو سوپاسی ھەموو ئەو کەسانەی کرد کە چوونەتە سەر سندوقەکانی دەنگدان و ئەوانەشی نەچوونەتە سەر سندوقەکانی دەنگدان و ئەوانەشی پارێزگارییان لە دەنگەکان کرد.
راشیگەیاندووە، گەیشتن بەو رێژەیە لە دەنگ لە ھەڵمەتێکی ھەڵبژاردنی پرەنسیپی و ئەخلاقی دژ بەھێزێکی گەورە کە دەستی بەسەر دەوڵەتدا گرتووە موعجیزەیە.
دەمیرتاش ووتوویەتی، لەواقعدا ھەڵبژاردن نەبووە، بەڵکو ئۆپراسیۆنێکی گەورە بووە، کە پڕبووە لە نایەکسانی و سەرکوتکردن و درۆ و بوختان و ناوزڕاندن. سەرەڕای ئەوەش جەماوەر پێداگری لەسەر گۆڕانکاری کرد، بەڵام پرۆسەکە یاری تێداکرا.
دەمیرتاش داواش دەکات کەس بێھیوا نەبێت چونکە شکستیان نەھێناوە و خۆیان رادەستناکەن و لەشەڕ بەردەوام دەبن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە ئیستەنبوڵ وتارێکی پێشکەشی لایەنگرانی کرد و رایگەیاند، ھەموو خەڵکی تورکیا و وڵاتەکەی براوەی ھەڵبژاردنەکەن و سوپاسی سەرجەم ئەو کەسانەشی کرد بەشدارییان لە ھەڵبژاردندا کرد و دڵنیایی پێدان کە پارێزگاری لەو متمانەیە دەکات پێییان بەخشیوە.
ئەردۆغان رەخنەی توندی ئاڕاستەی ھەدەپە و جەھەپە و ھاوپەیمانەکانی کرد و ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا کاتی خۆ ئامادەکردنە بۆ ھەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ساڵی داھاتوو.
ئەردۆغان لەبارەی وتاری سەرکەوتنیش کە بە وتاری باڵکۆن بەناوبانگە و لە دوای ھەموو ھەڵبژاردنێک لە باڵکۆنی بارەگای ئاکپارتی لە ئەنقەرە پێشکەشی دەکات وتی، ئەمشەو دەگاتە ئەنقەرە و لەبری ئەوەی وتاری باڵکۆن پێشکەش بکات، دەچێتە کۆشکی کۆمار و لە کۆشکەوە پەیام ئاڕاستەی جیھان دەکات.
کڵچدارئۆغڵو لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا، دەستەی تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی تۆمەتبارکرد بە جێبەجێکردنی فەرمانەکانی ئەردۆغان بۆ زیانگەیاندن بە ھەڵمەتەکانی بانگەشەی ھەڵبژاردنی.
وتیشی، ناردنی کورتەنامەی بۆ رۆژنامەنوسان و دەنگدەرانی لێ قەدەغەکراوە چونکە ترسیان لێی ھەیە.
کاندیدەکەی ھاوپەیمانی میللەت راشیگەیاند، ئەردۆغان نایەوێت بەشداری خولی دووەمی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بکات.
تیمی بانگەشەی کڵچدارئۆغلو رایگەیاند، کورتەنامەیەکی زۆریان بۆ دەنگدەران ناردووەو داوایانکردووە بینەری چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنی کڵچدارئۆغڵو بن بەڵام نەگەیشتووە، دەستەی تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندییەکانی تورکیاش ھیچ روونکردنەوەکی نەداوە لە بارەی قەدەغەکردنی ناردنی کورتە نامە لەلایەن کڵچدارئۆغلووە.
دادگای تێھەڵچوونەوەی پاریس سزای کیڤن گیاڤارش_ی تەمەن ٣٠ی ساڵی پەسەندکرد کە یەکێک بووە لە دیارترین جیھادییە داواکراوەکان لەلایەن نەتەوەیەکگرتوەکانەوە، لە ساڵی ٢٠١٤وە خرابووە لیستی رەشەوە.
ھاوکات ھاوسەرەکەشی بەناوی سەلما سزای شەش ساڵی زیندانی بەسەردا سەپێندرا، بەڵام سزاکەی لە نێو ماڵەکەی بەسەر دەبات و بازنی ئەلکترۆنی دەکرێتەدەست.
گیاڤارش ماوەی چوار ساڵ لە سوریا ژیاوە و سەرەتا لە نێو گروپی فەتح شام و دواتریش لە نێو گروپی داعشدا بووە، لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٦ لەگەڵ ھاوسەرەکەی لە تورکیا دەستگیرکراون و گەرێندراونەتەوە بۆ فەرەنسا.