ماوەی ھەفتەیەکە ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی خۆرھەڵاتی کەنەدا بەردەوامە، بەھۆیەوە نزیکەی ١٣ ویلایەت لە کەناراوەکانی خۆرھەڵات ھۆشدارییان بۆ ملیۆنان دانیشتوو بڵاوکردووەتەوە.
بەپێی ھەڵسەنگاندنەکان، لە ئێستادا بەھۆی ئاگر و دوکەڵ کە لە کەنەداوە بە ئاڕاستەی ئەمریکا رۆشتووە، ٥٥ ملیۆن ئەمریکی ھەوای پیس ھەڵدەمژن، ویلایەتی "نیویۆرک"یش پشکی شێری لە پیسبوونی ھەوا بەرکەوتووە و حاکمی ویلایەتەکە داوای لە ھاووڵاتیان کردووە بۆ کاری پێویست نەبێت، نەچنە دەرەوە.
شاری "دیترویت"یش لە ویلایەتی میشیگن لە لیستی ١٠ پیسترین شار لەڕووی کوالێتی ھەواوە ھاتووە.
پسپۆڕانیش پێشبینی دەکەن، ئێوارەی پێنجشەممە رەوشەکە لە نیویۆرک باشتر ببێت، بەڵام لە خۆرئاوای نیویۆرک و پەنسلڤانیا و ڤێرجینیا خراپ دەبێت.
ئەو ئاگرکەوتنەوەیە لە دارستانەکانی کەنەدا بە خراپترین سەرەتا بۆ وەرزی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان دادەنرێت، کە تا ئێستا زیاتر لە ٦.٧ ملیۆن فەدان زەوی لەناوچووە و نزیکەی ١٤ ھەزار کەسیش ماڵ و حاڵیان بەجێھێشتووە.
میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردوەتەوە، مایک پێنس جێگری پێشوی سەرۆکی ئەمریکا بە رەسمی وەک سیاسەتمەدارێکی کۆمارییەکان خۆی بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی کاندید کردووە، کە بڕیارە ساڵی داھاتوو بەڕێوەبچێت و دەبێتە یەکێکی تر لەو کاندیدانەی کە رکابەری دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دەکەن بۆئەوەی یەکێکیان بە رەسمی ببێتە کاندیدی پارتی کۆمارییەکان.
مایک پێنس دوای بە رەسمی خۆکاندیدکردنی رایگەیاند، سیاسەت و کاری لە پێشینەی ئەوەیە ئەمریکا بگەڕێنێتەوە بۆ سەر رێڕەوە راستەکەی و بەھێزکردنی ئابووری و بەدەستھێناوەی پێگە بەھێزە نێودەوڵەتییەکەی کە ئێستا لەدەستی داوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا سزای بەسەر حەوت کەس و شەش دامەزراوەی ئێرانی و چینیدا سەپاند، کە تۆڕێکیان پێکھێناوە و رۆڵێکی گرنگ دەگێڕن بۆ کڕین و پشتیوانیکردن لە بەرنامەی مووشەکی بالیستی ئێران.
راشیگەیاندوە، بۆ کڕینی ئەو جۆرە مووشەکانە، نووسینگەی بەرگریی ئێران لە چین کاری ھەماھەنگی ئەنجامداوە، بەوھۆیەشەوە ئەمریکا پێداگیرە لە بەکارھێنانی تەواوی ئامرازەکان بۆ تێکدانی تۆڕەکانی کڕینی کەلوپەلی پەیوەندیدار بە بەرنامەی مووشەکی ئێران.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوەشکردووەتەوە، لە بەرامبەر ئەو جۆرە کارانەی ئێراندا، لەگەڵ ھاوبەش و ھاوپەیمانەکانیان پێکەوە کار دەکەن.
كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی توركیا، بە سەرۆكایەتی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی كاتی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی توركیا، سەرۆكی نوێی پەرلەمانی توركیا بە دەنگدانی نهێنێ هەڵدەبژێرێت.
بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی توركیا حەوت كاندید لە پێشبڕكێدان بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە، كە بریتیین لە نوعمان كورتوڵموش جێگری پێشووی سەرۆكی پەرلەمان لە ئاكپارتی، بەكر بۆزداغ وەزیری پێشووی داد، تەكین بینگول لە جەهەپە، تولای حەمیتۆگولاری ئۆروچ لە پارتی چەپی سەوز، مستەفا چیهان، مستەفا یەنێرۆغڵو و سێراپ یازیچی.
بە پێی پەیڕەوی ناوخۆ، كاندیدی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان پێویستە 400 دەنگی پەرلەمانتاران بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی وەك سەرۆكی پەرلەمان هەڵببژێرێت، ئەگەر هیچ یەكێكیش لە كاندیدەكان نەتوانن ئەو رێژەی دەنگە بەدەستبهێنن، ئەوا هەر هەمان رۆژ خولی دووەمی هەڵبژاردنەكە بەڕێوەدەچێت و لەم خولەدا كاندید پێویستە 301 دەنگ بەدەستبهێنێت، بە پێچەوانەوە ئەگەر هیچ كام لە كاندیدەكان ئەو رێژە دەنگە بەدەستنەهێنن، ئەوا رۆژی دواتر خولی سێیەمی هەڵبژاردنەكە بەڕێوەدەچێت و ئەو كاندیدەی زۆرترین دەنگ بەدەستدەهێنێت، دەبێتە سەرۆكی نوێی پەرلەمانی توركیا.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە وتارێکیدا بۆ گەلی تورکیا دوای یەکەم کۆبوونەوەی حکومەتی نوێی تورکیا، ئاماژەی بە گرنگی ھەموارکردنەوەی دەستوور کرد و رایگەیاند، جارێکی دیکە پێشنیازی ھەموارکردنەوەی دەستوور دەخاتە دەنگدانی پەرلەمانەوە، وەک ئەوەی لە میانەی بانگەشەی دوایین ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بانگەشەی بۆ دەکرد.
ئەردۆغان پێیوایە، دەستووری ئێستای تورکیا، کە لەساڵی ١٩٨٢ پەسەندکراوە ناتوانێت رووبەڕووی ئاستەنگییەکانی سەردەم ببێتەوە، سەرەڕای ئەوەی لەماوەی رابردوودا چەند جارێک ھەموارکراوەتەوە.
محەمەد تەمیمی ئەو منداڵە تەمەن دوو ساڵە بوو کە ھەفتەی رابردوو، لە نزیک گوندەکەی خۆی لە نەبی ساڵح لە کاتی چونەدەرەوەی لەگەڵ باوکی بە گولـلەی سوپای ئیسرائیل برینداربوو ئەمرۆ گیانیلەدەستدا.
بەپێی ئامارێک لەسەرەتای ئەم ساڵەوە تا ئێستا ٢٨ منداڵی فەڵەستینی بە گولـلەی ھێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل کوژراون.
رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، چوار کۆڵبەری تەمەن ١٧ ساڵ، ١٨ ساڵ، ٢٠ ساڵ و ٣٥ ساڵی خەڵکی گوندەکانی سنووری شاری پاوەی رۆژھەڵاتی کوردستان، لە بەرزایییەکانی سنووری شاری نەوسوود بە تەقەی راستەوخۆی ھێزە ئەمنییەکانی ئێران برینداربوون.
رێکخراوی ھەنگاو راشیگەیاند، ئەو چوار کۆڵبەرە قاچ، دەست و پشت و کەمەریان بریندار بووە و یەکێکیان برینەکەی سەختە.
برینداربوونی ئەو کۆڵبەرانە لەکاتێکدایە، کە رۆژی دووشەممە بە تەقەی راستەوخۆی ھێزە ئەمنییەکانی ئێران کۆڵبەرێکی دیکە، لە سنووری بانەی رۆژھەڵاتی کوردستان گیانیلەدەستدا، کە تەمەنی ٢٠ ساڵ بووە.
بەپێی ئامارێکی رێکخراوی ھەنگاو، لە ماوەی نێوان مانگی ئاداری ساڵی رابردوو تاکو مانگی ئاداری ئەمساڵ، لانیکەم ٤٤ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراون و ٢١٨ کەسیش بریندار بوون.
ئەنجوومەنی سیاسیی پارتی دیموکراتی گەلان"ھەدەپە"و پارتی چەپی سەوز بە مەبەستی تاوتوێکردنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان لە ناوەندی بازرگانیی جیھانی لە ئەنقەرە کۆبوونەوە.
ئیبراھیم ئاکن ھاووتەبێژی پارتی چەپی سەوز لەبارەی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان رایگەیاند، ئەوەی پەیوەندی بە ئەوانەوە ھەیە چوونەتە ناو پرۆسەی ھەڵسەنگاندنێکی چڕەوە، لە میانی بەڕێوەچوونی پرۆسەکەدا دووچاری ھەڵسوکەوتی دژەدیموکراسییەت و نادادی و کاری نایاسایی بوونەتەوە.
وتیشی، تەواوی تواناکانی دەوڵەت لە دژی حزبەکەیان خرانە گەڕ، حزبەکە و رێکخستنەکانیان دووچاری ھێرشێکی توند بوونەتەوە، ھەوڵیشیانداوە رێوشوێنی پێویست بەرامبەر تەواوی ھێرشەکان بگرنە بەر، بەڵام ئەو سیاسەتەی گرتیانە بەر وەک پێویست نەبوو، لەبەرئەوە پێویستە بەخۆیاندا بچنەوە.
جەختی لەوەشکردەوە، بە تێکڕایی لە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی کۆماردا ئۆپۆزسیۆن سەرکەوتوونەبوو، ٥٠٪ی گەل بۆ گۆڕینی ئەو رژێمە ھاتنە مەیدان و لەو خەباتەش بەردەوام دەبن.
جەبار عۆدە سەرکردە لە چوارچێوەی ھەماھەنی رایگەیاند، ھەموو ھێزە سیاسییەکان بە بێ جیاوازی درکیان بە ترسناکی گەندەڵی لەسەر دامەزراوەکانی دەوڵەت و ئەنجامی کارەساتباری کردووە.
وتیشی، لێکۆڵینەوە لە ١٠ ترسناکترین دۆسیەی گەندەڵی دەستیپێکردوە، کە سیانیان لە پارێزگای ئەنبارن و دیارترینیان دەستگرتنە بەسەر چەندین پارچە زەویدا کە تا ئێستاش بەردەوامە.
ئەو سەرکردەیەی چوارچێوەی ھەماھەنگی ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، کە دۆسیەی گەندەڵی لە پێنج وەزارەتدا کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەکانیش بەردەوامن.
ئیگور کوناشینکۆڤ، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند، ئۆکراین ھێرشی کردووەتە سەر پێنج ناوچە لە بەری باشوری ناوچەی دۆنیتسک، بەبێ ئەوەی ئامانجەکەیان بپێکن.
وتیشی، ھێزەکانی روسیا بە سەرۆکایەتی سەرۆک ئەرکانی سوپای روسیا بەرپەرچی ھێرشەکەیان داوەتەوە و زیانی گەروەیان پێگەیاندوون، بەشێوەیەک زیانە گیانییەکان ٢٥٠ کەسن لە ھێزەکانی ئۆکراین و ١٦ تانک و ٢١ ئۆتۆمبێلی سەربازیشیان زیانیان بەرکەوتووە.
جەیک سۆلیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا رایگەیاند، ھێرشی پێچەوانەی ئۆکراین بۆ سەر ناوچەکان، ھاوکار دەبێت بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی چەندین ناوچەی ستراتیژی، کە ئێستا لەژێر کۆنترۆڵی روسیادایە. جەختیشی کردەوە لەوەی، واشنتۆن دەیەوێت ھاوکاری کیێڤ بکات بۆ بەرەوپێشچوون لە گۆڕەپانی جەنگدا.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە چەندین مانگە ئۆکراین دەڵێت، ئامادەکاری دەکات بۆ ھێرشێکی پێچەوانەی گەورە بۆ سەر ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی روسیادایە.
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، دەنگی تەقینەوەی بەھێز لە واشنتۆن بیستراوە و ترس لەنێو دانیشتوواندا دروست بووە و پەنجەرەی ماڵەکان لەریونەتەوە.
پنتاگۆن ئاشکراشی کرد، ھۆکاری ئەو دەنگە بەھۆی فڕینی فڕۆکەی جۆری ئێف ١٦ بووە بە خێراییەکی زۆر، کە بەرپەرچی چەند فڕۆکەیەکی شەڕکەری بچووکی لە جۆری سیسنا ٥٦٠ داوەتەوە، چونکە چوونەتە ناوچەیەکی قەدەغەکراو، لە ئاسمانی باکوری ویلایەتی ڤێرجینا.
لێپرسراوانی ئەمریکا دڵنیاییاندا لەوەی، ھیچ مەترسییەکی ئەمنی بوونی نییە.
بەپێی نوسراوێکی کۆمسیۆنی فیدراڵی ھەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، مایک پێنس جێگری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا بە فەرمی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمریکا کاندیدکرد کە بڕیارە رۆژی ٥ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤ بەڕێوەبچێت.
مایک پێنس لە ھەڵبژاردنەکەدا چەند رکابەرێکی ھەیە، دیارترینیشیان دۆناڵد ترەمپ و رۆن دیسانتیس دادوەری ویلاتی فلۆریدایە کە بە دوو پاڵێورای بەھێزی کۆمارییەکان بۆ ئەو پۆستە ھەژماردەکرێن.
ئاژانسە جیھانییەکان بڵاویانکردووەتەوە، بڕیارە لە چەند رۆژی داھاتوودا مایک پینسی تەمەن ٦٣ ساڵ بانگەشەکانی ھەڵبژاردنی دەستپێبکات بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا و بۆ ئەو مەبەستەش ماوەی چەند مانگێکە ئامادەکارییەکانی دەستپێکردووە.
پەروین بوڵدان و مدحەت سانجار ھاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە) لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایانگەیاند، لە ھەڵبژاردنە پەرلەمانی و سەرۆکایەتییەکەی مانگی رابردوو نەیاتوانی دەنگی پێویست بەدەستبھێنن، بۆیە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پێشھات و گۆڕانکارییانەی بەم دواییە ھاتوونەتە ئاراوە، بڕیاردراوە لە چەند مانگی داھاتوودا کۆنگرەی ھەدەپە بەڕێوەبچێت، چونکە ئامانجەکانیان لە ھەڵبژاردندا بەدی نەھات و وەک ھاوسەرۆکانیش ئامادەن پارتەکەیان لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکات لەسەر ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن.
ئاماژەیان بەوەشکرد، وەک ھاوسەرۆکانی ھەدەپە بڕیاریانداوە لە کۆنگرەی داھاتوودا دەستلەکار بکێشنەوە و خۆیان بۆ ھیچ پۆستێک کاندید نەکەن.
جەختیشیان کردەوە، سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ و گوڵتان کشاناکیان کردووە و لەسەر ھەموو ئەگەر و پێشھات و کەموکوڕییەکان قسەیان کردووەو لە کاتی بانگەشەی ھەڵبژاردنیشدا جگە لە خۆیان پشتیان بە ھیچ ھێز و لایەنێکی تر نەبەستووە.
لە ئاکامی شەپۆلێکی بەھێزی بارانبارینی بەخوڕ لەسەرانسەری ژاپۆندا لافا و دروستبوو، بەھۆیەوە کەسێک گیانیلەدەستدا و دوو کەسیش بێسەروشوێنبوون و سەدان ھەزار کەسیش بێماڵوحاڵبوون، ھەزاران ماڵیش تۆڕی کارەبایان بچڕاوە، بۆ چەند سەعاتێکیش ھێڵی شەمەندۆفێر راگیرا.
بەپێی سەرچاوەکانی ھەواڵ تیمێکی فریاگوزاری لە ناوچەی تۆیۆھاشی ناوەڕاستی ناوچەی ئایچی، کە بەرزترین ئاستی ئاگادارکردنەوەی چۆڵکردنی ناوچەکەی تیایدا راگەیەنرابوو، تەرمی پیاوێکی تەمەن ٦٠ ساڵیان دۆزیوەتەوە کە لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا خنکاوە.
ھاوکات بەرەبەیانی ئەمرۆش لە چەند ناوچەیەکی نزیک تۆکیۆی پایتەخت، ھۆشداریی بە ھاوڵاتیان دراوە لە بارەی مەترسی دووبارەبوونەوەی لافاو.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاندووە، کۆمپانیای (ئاروان کلاود) لە ناوخۆی ئێران و کۆمپانیایەکی تریش لە دەرەوەی ئێران کە ھەردووکیان لە بواری تەکەنەلۆژیادا کاردەکەن پەیوەندی راستەوخۆیان لەگەڵ دەزگای ھەواڵگری ئێران ھەیە، لەماوەی رابردووشدا لەگەڵ ھێزە ئەمنییەکان و ھەواڵگری ئێران کۆتوبەندیان خستووەتەسەر ھێڵەکانی ئینتەرنێت، ھەموو زانیارییەکی بەکارھێنەرەکانیشیان داوەتە ھەواڵگری ئەو وڵاتە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای ساغبوونەوەی بەڵگەکان و سەلماندی کارە نایاساییەکانیان، سزایان بەسەر ھەردوو کۆمپانیاکە و دوو فەرمانبەریشدا سەپاندووە، چونکە بەشدارێکی راستەوخۆ بوون لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران و پێدانی زانیارییە کەسییەکان بە دەسەڵاتدارانی ئێران.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، رۆژی شەشی ئەم مانگە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەگاتە سعودیە، ھەر ھەمان رۆژ لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە بۆ گفتوگۆ لەسەر ھاوکاری ستراتیژی نێوانیان لە پرسە نێودەوڵەتی ھەرێمییەکان و لەگەڵ ھاوکاری نێوان واشنتۆن و ریاز لە بوارە ئابووری و ئەمنییەکاندا.
ئاماژە بەوەشکراوە، رۆژی حەوتی ئەم مانگە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەشداری لە کۆبوونەوەی وزاری نێوان ئەمریکا و ئەنجومەنی ھاریکاری کەنداو دەکات، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەش ئاسایش، سەقامگیری، کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و باشتکردنی رەوشی ئابووری لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و کەنداو.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راشیگەیاندووە، رۆژی ھەشتی ئەم مانگە بلینکن بەشداری لە کۆبوونەوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش دەکات.