پارێزگای هەولێر رایدەگەیەنێت، هەموو ئامادەکارییەکی پێویستیان بۆ وەرزی بارانبارین گرتووەتەبەر و سەرجەم تیمە خزمەتگوزارییەکان لە حاڵەتی ئامادەباشیدان، بۆیە هیچ هۆکارێک بە پێویست نابینن تاکو سبەینێ بکرێت بە پشوو.
راگەیاندنی پارێزگای هەولێر لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لەسەر فەرمان و راسپاردەی پارێزگاری هەولێر، تیمەکانی سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا هەموو جۆرە ئامادەکارییەک و رێوشوێنێکی پێویستیان بۆ وەرزی بارانبارین و زستانی ئەمساڵ گرتووەتەبەر و تەواوی چەپەرەکانی ئاو وەرگرتن، مەنهۆلەکان، ئاوەڕۆكانی شەقامە گشتییەکان و کوچە و کۆڵانەکانی گەڕەکەکانی سەنتەری شار، دەرەوەی شار، کەند و رێڕەوەکانی ئاوی سروشتی باران پاککراوەنەتەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، هاووڵاتیانی سنووری پارێزگاکە دڵنییا دەکەنەوە، هەموو ئامادەکارییەکی پێویست کراوە و تیمەکانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانیش لە حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ رێگریكردن لە روودانی هەر حاڵتێکی نەخوازراو و چارەسەركردنی.
هاوکات پارێزگای هەولێر سەبارەت بە پشووی سبەینێ رایگەیاند، هیچ هۆکارێک بە پێویست نابینن تاکو سبەینێ بکرێت بە پشوو، هەموو لایەک ئاگاداردەکەنەوە، سبەینێ لە سەرجەم فەرمانگە و دامودەزگاکانی سنووری پارێزگاکە دەوام ئاساییە و پشوو نییە.