هاوشێوەی ناوچەكانی باشوور، شەپۆلی بارانبارین رۆژهەڵاتی كوردستانیش گرتووەتەوە، بەپێی پێشبینیەكانیش زۆرترین بڕی بارانبارین لە كامیاران تۆمار دەكرێت.
كەشناسی پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی كوردستان رایگەیاند، ئەو شەپۆلە بارانبارینەی لە رۆژی پێنجشەممەوە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانی گرتووەتەوە تا ئێوارەی سێشەممە بەردەوام دەبێت .
بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسی سنە، بارانی بەخوڕ ناوچەكانی هەورامان، سنە و مەریوان، سەقز و بانە و بیجار دەگرێتەوە.
هاوكات هۆشداریی ئەوەشیداوە لە دروستبونی لافاو لە زۆربەی ناوچەكانی پارێزگای سنە و داواشدەكات خەڵك خۆیان لە نزیكبونەوەی پرد و كەنار روبارەكان دوور بگرن.