پەرلەمانی ئۆکراینا بڕیاری سەپاندنی سزای بۆ ماوەی ٥٠ ساڵ بەسەر ئێراندا پەسەندکرد
کوردسات نیوز
٢٩ی ئایاری ٢٠٢٣
٣٥٧
لە راگەیەندراوێکدا کە لە ماڵپەڕی پەرلەمانی ئۆکراینادا بڵاوکراوەتەوە ئاماژەبەوەکراوە، لە دانیشتنی پەرلەماندا ١٠ یاسا و سێ پرۆژەیاسا و پێنج بڕیار پەسەندکراون.
ئاماژە بەوەشکراوە، لەنێو بڕیارەکاندا ئەو بڕیارەش ھەیە کە سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا لەخۆدەگرێت.
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆڵۆدیمیر زیلینسکی رەشنووسی ئەو بڕیارەی پێشکەشی پەرلەمان کردبوو کە سزای ئابووری و سزای دیکە دژی ئێران لەخۆدەگرێت.
بەپێی رەشنووسەکە، سزاکان بۆ ماوەی ٥٠ ساڵ بەسەر ئێراندا دەسەپێنرێن و لەنێو رێکارەکانی سنووردارکردندا، ھەریەک لە قەدەغەکردنی تەواوەتی بازرگانی لەگەڵ وڵاتەکە و راگرتنی ترانزێتی سەرچاوە بە خاکی ئۆکراینا، گەشتە ئاسمانییەکان و گواستنەوە لەرێگەی ئاسمان و خاکی ئۆکرایناوە لەخۆدەگرێت.