کۆریای باکور ژاپۆن لە تاقیکردنەوەی مانگێکی دەستکرد ئاگادار دەکاتەوە
لاڤە
٢٩ی ئایاری ٢٠٢٣
٢٠٩
وتەبێژی پاسەوانی کەناراوەکانی ژاپۆن بڵاویکردەوە، ئاگادارکردنەوەیەکیان لە کۆریای باکورەوە پێگەیشتووە کە لە چەند ھەفتەی داھاتوودا مانگێکی دەستکرد تاقیدەکەنەوە. پێشبینیش دەکرێت، ئەو ئەو مانگە دەستکردە لە نزیک دەریای خۆرھەڵاتی چین و خۆرھەڵاتی دوورگەی لوزون لە فلیپین بکەوێت.
فومیو کیشیدا، سەرۆک وەزیرانی ژاپۆنیش رایگەیاندووە، ئەو تاقیکردنەوەیە پەیوەندی بە مووشەکی بالستییەوە ھەیە و "پیۆنگ یانگ" بە مانگی دەستکرد ناوی دەبات. داواشی لە لێپرسراوان کرد زانیاری زیاتر کۆبکەنەوە و ھۆشیار بن و ھەماھەنگی بکەن لەگەڵ ھاوپەیمانەکانیان، وەک ئەمریکا و کۆریای باشور.
کۆریای باکور لەم چەند مانگەی رابردوودا تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی زیاد کردووە و بەھۆیەوە ژاپۆن سیستمی ئاگادارکردنەوەی دانیشتووانی لە وڵاتەکەی، کاراکردووە.
لای خۆشیەوە، وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باشور داوای لە کۆریای باکور کردووە پلانەکەی بۆ ھەڵدانی مانگی دەستکرد ھەڵبوەشێنێتەوە، بەڵێنیشیدا بە ھەماھەنگی لەگەڵ کۆمەڵی نێودەوڵەتی بۆ وەڵامدانەوەی ھەڕەشەکانی پیۆنگ یانگ .