نرخی نەوتی خاو بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بۆ ٧٦ دۆلار و ٢٧ سەنت بەرزبووە، نەوتی خاوی ئەمریکیش بە ٧٥ و ٣٤ سەنت مامەڵەی پێوەکرا و
نرخی نەوتی خاوی برێنت لەبازاڕەکانی جیھاندا بە رێژەی زیاتر لە ٢% بەرزبووەتەوە، نرخی نەوتی ئەمریکیش زیاتر لە ٣% بەرزبووەوە .
نرخی نەوتی برێنت دوای درێژکردنەوەی کۆبوونەوەی ئۆپێک بەرزبووەوە بۆ سەرووی ٧٦ دۆلار، بەڵام بەھۆی تەشەنەکردنی ناکۆکییەکانی نێوان ئەندامانی ئۆپێک، بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت لە رۆژی ھەینیەوە وەستاوە و چاوەڕوانی گۆڕانکاری و دەرئەنجامەکانی کۆبووەنەی داھاتووی ئۆپیکە لەم ھەفتەیەدا .
دوای دوو رۆژ لە کۆبوونەوەی یەک لە دوای یەک لە رۆژانی پێنجشەممە و ھەینی، بەرھەمھێنەرانی نەوتی ئەندام لە رێکخراوی ئۆپێک و دەرەوەی ئەو رێکخراوە نەیانتوانی بگەنە ھیچ ئەنجامێک سەبارەت بە چۆنێتیی زیادیکردنی ئاستی خستنەڕووی نەوت .
ئەو وڵاتانە بڕیاریاندا رۆژی دووشەممە درێژە بە کۆبوونەوەکەیان بدەن بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجامێک کە ھەر ٢٤ وڵاتە ئەندامەکەی ناو ھاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس پێی رازی بن.
ھەموو ئەندامانی ئۆپێک پڵەس ھاوڕان لەگەڵ درێژکردنەوەی رێککەوتنی پێشووی نێوانیان بۆ ساڵی داھاتوو سەبارەت بە خستنەڕووی نەوتی زیاتر، ئەوەش بەو پێیەی کە خواست لە بازاڕی نەوتدا زیادبووە، جگە لە ئیمارات کە خوازیارە گۆڕانکاری لە پشکی ئەو وڵاتە بکرێت و بە مەرج رازییە بە درێژکردنەوەی رێککەوتنەکەی نێوانیان.
ھەموو ئەندامانی ئۆپێک سەرەتا رازیبوون بە زیادکردنی رۆژانە ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە مانگی ئابی ئەمساڵەوە تاوەکو کۆتایی ساڵی داھاتوو بەڵام ئیمارات نارازییە لەو پلانەوە و دەڵێت، دەبێت رێگەی پێبدرێت کە نەوتی زیاتر بخاتەڕوو .
نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازارەکانی جیھان گەیشتە ٧٥ دۆلار و ٨٣ سەنت.
ھەروەھا نرخی بەرمیلێک نەوتی خۆرئاوای تەکساس گەیشتە ٧٥ دۆلار و ٢٨ سەنت.
ئەمەش لە کاتێکدایە نرخی نەوت لەماوەی سێ ساڵی رابردوو بەرزترین ئاستی تۆمار کرد.
ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، ھەرچەندە دەبوو رۆژی پێنج شەممە ئەندامانی ئۆپیک پڵەس کۆببنەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە بۆ ئەمڕۆ دواخراوە و کۆبوونەوەی داھاتووشیان لە بەغداد بەڕێوەدەچێت.
راشیگەیاند، ئەندامانی ئۆپیک پڵەس گفتوگۆ لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و رێککەوتنی کەمکردنەوەی بەرھەمھێنانی نەوت دەکەن.
دواخستنی کۆبوونەوەکەی ئۆپیک پڵەس بۆ ئەمڕۆ، کاریگەری لەسەر نرخی نەوت ھەبوو.
لە ڕێنماییەکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی دیوانی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی ھەرێمدا ھاتووە، بەرێوەبەرایەتی باجی لێبڕینی ڕاستەوخۆی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی باجەکان، بەرپرسیاریەتی وەرگرتنی باجی فرۆشراوەکان بە ڕێژەی ١٠٪ دەگرێتە ئەستۆ بۆ ئەو شوێنە گەشتیاریانەی لە چوار ئەستێرە بەرەو سەرترن.
ھەروەھا کارگێڕی شوێنە گەشتیاریەکانیش پابەند دەکرێن بە ڕاپۆرتی مانگانە لەسەر کۆی داھاتی خزمەتگوزاریەکانیان و بڕی باجی وەرگیراو لێیان، ھاوکات دەبێت لە کۆتایی ھەموو ساڵێکدا ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیان پێشکەش بکەن بە مەرجێک نەگاتە سەرەتای مانگی ئازاری ساڵی نوێ.
ھەروەھا وەزارەتی دارایی شوێنە گەشتیاریەکان ئاگادار دەکاتەوە ئەگەر لە وادەی خۆیدا باجەکەیان نەدەن ئەوا بە بڕی ١٠٪ی باجی کەوتوو لەگەڵ ١.٥٪ سوودی بانکیش دەکەوێتە سەریان.
جێی ئاماژەیە وەزارەتی دارایی و ئابووری بە نوسراوی ژمارە ٥٢١٢ کە بەرواری ٢٤ی ئەم مانگەی لەسەرە ڕێنماییەکی دەرکرد کە تیایدا باجی سەر شوێنەگەشتیەکانی ڕوونکردووەتەوە.
کۆمپانیای سۆمۆ ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە کڕیارانی نەوتی عێراق بڵاوکردەوە، کۆمپانیا چینییەکان لەناو ئەو کۆمپانیا جیھانییانەی نەوتی عێراق دەکڕن زۆرترینن، لە کۆی ٣٢ کۆمپانیای جیھانی کە نەوتی عێراق دەکڕن ھەشتیان چینین .
بەپێی ڕیزبەندییەکەی سۆمۆ، کۆمپانیا نەوتییەکانی ھیندستان لە پلەی دووەمدان، حەوت کۆمپانیای ھیندی لە مانگی ڕابردوودا نەوتی عێراقیان کڕیوە، دوای ئەوانیش کۆمپانیا ئەمریکییەکان بەبوونی چوار کۆمپانیا لە پلەی سێیەمدان لە کڕیارانی نەوتی عێراقی .
سۆمۆ ناوی بەشێک لە کۆمپانیاکانی ئاشکرا کردووە و دەڵێت، لە دیارترین ئەو کۆمپانیایانەی نەوتی عێراق دەکڕن (کۆمپانیای ئۆیڵی ھیندی، فرۆمۆسای چینی، ئیکسۆن مۆبیلی ئەمریکی، بی پی بەریتانی، واینی ئیتاڵی و تۆبراسی تورکی.
کارگێڕی زانیاریەکانی وزەی ئەمریکا ئاشکرای کرد، ھەناردەی نەوتی عێراق بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ھەفتەی ڕابردوودا ١٥٥ ھەزار بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا.
کارگێڕی زانیاریەکانی وزەی ئەمریکا لە ڕاپۆرتی ھەفتانەی خۆیدا کە ئەمڕۆ بڵاوی کردەوە ئاشکرای کردووە، تێکڕای ھاوردەی ئەمریکا لە ھەفتەی ڕابردوو لە ٩ وڵاتی جیھانەوە (٦ ملیۆن و ٧٩٠ ھەزار) بەرمیل نەوت بووە لە ڕۆژێکدا، کە بەراورد بە ڕۆژانی ھەفتەی ڕابردوو ١٨٧ ھەزار بەرمیل نەوت زیاتریان ھاوردە کردووە.
لە ڕاپۆرتەکەی کارگێڕی زانیاریەکانی وزەی ئەمریکادا ھاتووە، ھاوردەی نەوتی عێراق لەو ( ٦ ملیۆن و ٧٩٠ ھەزار) بەرمیل نەوتە، تەنھا ١٥٥ ھەزار بەرمیل نەوت بووە.
(مەزھەر محەمەد ساڵح) ڕاوێژکاری ئابوری مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، گەشەی ڕاستەقینەی ئابوری گرنگترین مەرجە بۆ بەھێزکردنی بەھای دینار لە بەرامبەر دۆلار. وتیشی، چاوەڕوان دەکرێت ئابوری عێراق بە ڕیژەی ٢.٥٪ گەشە بکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری و زیادکردنی ھەلی کار لە عێراق، ھۆکاریکی ترە بۆ بەرزبوونەوەی بەھای دینار، ڕاوێژکاری ئابوری سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕاشیگەیاند، ڕێژەی ھەڵاوسان لە ڕەوشێکدایە کە حکومەتی عێراق بە ئاسانی دەتوانێت کۆنترۆڵی بکات.
وەزارەتی نەوتی عیراق بڕی نەوتی ھەناردەکراو و داھاتەکەی لە مانگی ئایاری ڕابردوو ئاشکرا دەکات و ئاماژە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و داھاتە بەدەستھاتووەکان دەکات بەراورد بە مانگی ڕابردوو .
بەپێی بەیاننامەیەک کە لەلایەن وەزارەتی نەوتی عیراقەوە بڵاوکرایەوە، بەپێی داتاکانی ھەناردەی نەوت، لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆوە پێیان دراوە، لە مانگی ئایاری ڕابردوو بڕی نزیکەی ٨٩ ملیۆن و ٨٨١ ھەزار و ٢٦٨ بەرمیل نەوت ھەناردەی بازاڕەکانی جیھان کراوە.
ھەر لە بەیاننامەکەی وەزارەتی نەوتدا ھاتووە، کۆی داھاتی بەدەستھاتوو دەکاتە ٥ ملیار و ٩١٧ ملیۆن و ٩٣٢ ھەزار دۆلار، ئەمەش بەراورد بە مانگی پێشوو ڕووی لە زیادبوون کردووە.
وەزارەتی نەوتی عیراق دەڵێت، بەبۆنەی بەرزبوونەوەی بەھای نەوت لە بازاڕی جیھانیدا ھەر بەرمیلێک نەوت بە ٦٥ دۆلار و ٨٤ سەنت فرۆشراوە، ئەمەش بەراورد بە مانگی ڕابردوو کە نرخی بەرمیلێک نەوت ٦٢ دۆلار بووە، بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆوە بینووە.
کارگێڕی زانیاریەکانی وزەی ئەمریکا ئاشکرای کرد ، ھەناردەی نەوتی عێراق بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ھەفتەی رابردوودا ١٧٣ ھەزار بەرمیلی رۆژانەی تێپەڕاندووە.
کارگێڕی زانیاریەکانی وزەی ئەمریکا لە راپۆرتی ھەفتانەی خۆیدا ئەوەشی ئاشکرا کردووە، تێکڕای ھاوردەی ئەمریکا لە ھەفتەی رابردوو لە ٩ وڵاتی جیھانەوە (٥ ملیۆن و ٧٥١ ھەزار ) بەرمیل نەوت بووە لە رۆژێکدا، ھاوردەی نەوتی عێراق لەو ژمارەیە ١٧٣ ھەزار بەرمیل نەوت بووە ،کە ئەمەش ١٠ ھەزار بەرمیل نەوتی لەچاو ھەفتەی رابردوو زیاترە.