لە راپۆرتێکی تایبەتدا رێکخراوی کاری سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، بڵاوبوونەوەی پەاتی کۆرۆنا ڤایرۆس کاریگەری لەسەر دەستی کاری ژنان زیاتر بووە بەراورد بە پیاوان و چاوەڕێش دەکرێت لەگەڵ باش بوونی دۆخی ئابووری جیھاندا زیاتر پیاوان وەسەر کاربخرێن لە چاو ژناندا.

رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات لەو ماوەیەی رێکارەکانی خۆپارێزی لە جیھاندا پیادە دەکرا ، زیاتر ژنان لە کارەکانیان دوور دەخرانەوە بەراورد بە پیاوان، ئەمەش سەرەڕای زیان گەیاندن بە دەسھاتی ژنان،ھاوکان ژنانی تەرخان کردووە بۆ سەرپەرشتی کاروباری ناوماڵ و منداڵ بەخێوکردن بەبێ ئەوەی ھیچ دەسھاتێکیان لە بەرامبەردا دەستکەوێت.

ھەر لە راپۆرتەکەی رێکخراوی کاری نێودەوڵەتیدا ھاتووە لە 4.2 %ی ژنان لە جیھاندا لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە لە نێوان ساڵانی  2019 بۆ 2020 دا کە زیاتر لە 54 ملیۆن ھەلی کاربووە ، چاوەڕوانیش دەکرێت لەم 2021 دا کەمتر لە 13 ملیۆن ژن وەسەرکار بخرێن، بەڵام پیاوان ھەمان ژمارەی ساڵانی بەر لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا ڤایرۆسە و ژمارەیان لە رووی کارکردنەوە گۆڕانکاری ئەوتۆی بەسەردا نەھاتووە.