دوای دوو رۆژ لە کۆبوونەوەی یەک لە دوای یەک لە رۆژانی پێنجشەممە و ھەینی، بەرھەمھێنەرانی نەوتی ئەندام لە رێکخراوی ئۆپێک و دەرەوەی ئەو رێکخراوە نەیانتوانی بگەنە ھیچ ئەنجامێک سەبارەت بە چۆنێتیی زیادیکردنی ئاستی خستنەڕووی نەوت .

ئەو وڵاتانە بڕیاریاندا رۆژی دووشەممە درێژە بە کۆبوونەوەکەیان بدەن بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجامێک کە ھەر ٢٤ وڵاتە ئەندامەکەی ناو ھاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس پێی رازی بن.

ھەموو ئەندامانی ئۆپێک پڵەس ھاوڕان لەگەڵ درێژکردنەوەی رێککەوتنی پێشووی نێوانیان بۆ ساڵی داھاتوو سەبارەت بە خستنەڕووی نەوتی زیاتر، ئەوەش بەو پێیەی کە خواست لە بازاڕی نەوتدا زیادبووە، جگە لە ئیمارات کە خوازیارە گۆڕانکاری لە پشکی ئەو وڵاتە بکرێت و بە مەرج رازییە بە درێژکردنەوەی رێککەوتنەکەی نێوانیان.

ھەموو ئەندامانی ئۆپێک سەرەتا رازیبوون بە زیادکردنی رۆژانە ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە مانگی ئابی ئەمساڵەوە تاوەکو کۆتایی ساڵی داھاتوو بەڵام ئیمارات نارازییە لەو پلانەوە و دەڵێت، دەبێت رێگەی پێبدرێت کە نەوتی زیاتر بخاتەڕوو .