بە پێی ئەو ڕاپۆرتەی کۆمپانیای دیلۆیت لەبارەی فرۆشتنی نەوتی ھەرێم و خەرجی و داھات لە ساڵی ڕابردوو بڵاویکردەوە، لە تەواوی ساڵی ٢٠٢٠ ھەرێمی کوردستان نزیکەی ٣٩ ملیۆن بەرمیل نەوتی بە بۆری ھەناردەکراوە، زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیلیش بۆ پاڵاوتن دراونەتە پاڵاوگەکانی ناوخۆ.
دیلۆیت ئاشکرایکردووە، داھاتی نەوتی ھەناردەکراو لەساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ملیارێک و ٢٧٢ ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام پاش لێدەرکردنی خەرجییەکانی پرۆسەی نەوت، تەنھا ٥١٣ ملیۆن و ٦٩٥ ھەزار و ٧٤٨ دۆلار ڕادەستی حکومەتی ھەرێم کراوە.
بۆیە بەپێی ڕاپۆرتەکەی دیلۆیت، ھەرێمی کوردستان لە فرۆشتنی نەوتدا کەمتر لە نیوەی داھاتی فرۆشتنەکەی بۆ دەگەڕێتەوە و ئەوەی دیکەی دەچێت بۆ کۆمپانیا جیاوازەکانی تایبەت بە دەرھێنان و گواستنەوەی نەوتەکە.
ئەمە جگە لەوەی ھەرێمی کوردستان نەوت بە نزیکەی ١٠ دۆلار کەمتر لە نرخی ڕاستەقینەی بازاڕ دەفرۆشێت.