دەزگای ھەواڵگری عێراق ڕایگەیاند، سەدان خێزانی داعش لە کەمپی ھۆل پلانی ھەڵاتن و دووبارە پەیوەندیکردنیان بە پاشماوەکانی داعشەوە ھەیە، ئاشکراشیکردووە، دوای گەڕانەوە ژمارەیەک خێزانی داعشی بە ڕەچەڵەک عێراقی بۆ ناوچەکانی خۆیان، ئێستا بێ سەروشوێنن و شوێنی نیشتەجێبوونیان نادیارە.
بە پێی لێدوانی بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانیش، فشارێکی نێودەوڵەتی لەسەر کابینەکەی کازمی ھەیە بە گەڕانەوەی خێزانی داعشە عێراقییەکان لە کەمپی ھۆلەوە بۆ پارێزگاکانی باکور و ناوەڕاست و خۆرئاوای عێراق.
کازمی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی، داوای لە وەزارەتەکان و فەرماندە ئەمنییەکان کرد، ھەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ دەستبەرکردنی زەمیینەیەکی ئارام بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن، لەگەڵ گرنگی پەیڕەوکردنی دانایی لە مامەڵەکردن لەگەڵ پێشھاتەکان.
جەختیشی کردەوە لەسەر ڕێگەنەدان بە پێشێلکاری و ڕوونیشیکردەوە، دەرفەتی سەرکەوتن ھەیە لە پێناو وڵات و بەرژەوەندییەکانی گەل.
دەستەی گشتی ڕەوتی حیکمە بە سەرۆکایەتی (عەممار حەکیم) ڕایگەیاند: جموجۆڵە سیاسییەکان بۆ دواخستنی وادەی ھەڵبژاردنی پێشوەخت دەستیانپێکردووە، بێ ئەوەی ڕێککەوتن لەسەر وادەیەکی نوێ بکرێت.
ڕەوتی حیکمە بێ ئەوەی زانیاری زیاتر ئاشکرا بکات ئاماژەی بۆ ئەوەکرد "ئەو لایەنانەی لە پشت ئەو ھەوڵە سیاسییەن بۆ دواخستنتی پرۆسەی ھەڵبژاردن، لە ناو حکومەت و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خاوەنی ھەژموونن، کە ئامانجیان ھێشتنەوەی دۆخە سیاسییەکەیە وەک خۆی".
دادگای فیدراڵی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا سەبارەت بە کۆتاییھێنان بە کاری ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ڕایگەیاند، بڕیاری ڕاگرتنی کاری ئەنجومەنی پارێزگاکان لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، لەبەرئەوەیە ماوەی یاساییان کۆتایھاتووە، مافی دەنگدەریشە ئەنجومەنێکی نوێ ھەڵبژێرێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ھەمواری دووەمی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ساڵی ٢٠١٩ تایبەت بە کۆتاییھێنان بە کاری ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستورییە، چونکە ئەو ئەنجومەنانە ماوەی یاساییان تەواو بووە، بەڵام ئەوە بە واتای ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنەکان نییە و ئەنجومەنی نوێنەران ناتوانێت یاسا بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەو ئەنجومەنانە دەربکات.
بە پێی ڕاگەیەندراوێکی ھاوپەیمانییەکە بارەگای سەرەکی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، بە بڕی ٣ ملیۆن دۆلار چەک و کەرەستەی سەربازی لەلایەن ھاوپەیمانانەوە پێگەیشتووە، ئەو ھاوکاریەش بە ئامانجی پشتگیریکردنی عێراقە لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا.
"میساق حامدی" ئەندامی ھاوپەیمانی فەتح ڕایدەگەینێت، "کازمی" و بەشێک لە ھاوپەیمانەکانی ڕێگرن لە لێپرسینەوە و بانگھێشتکردنی وەزیرەکان بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، دەشڵێت "کازمی" پشتیوانی وەزیری دارایی دەکات و ناھێڵێت لە بەردەم پەرلەمانتاران لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت.
بە وتەی "حامدی"، داواکارییەکان بۆ لێپرسینەوە و میوانداریکردنی وەزیرەکان پشت گوێ دەخرێن و ھیچ وەزیرێک ناچار ناکرێت ئامادەی دانیشتنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران بن.
ئەو لێدوانەی ئەندامەکەی ھاوپەیمانی "فەتح" لە کاتێکدایە کە بڕیاربوو لە دانیشتنی ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، وەزیری نەوتی عێراق ئامادە بێت و لەلایەن لیژنەی دەستپاکی ئەنجومەنەکە لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت.
عەمار زاملی وتەبێژی فەرمانگەی تەندروستیی پارێزگای زیقار ڕایگەیاند، لە شاری ناسڕیە ناوەندی پارێزگای زیقار، یەکەم دوو حاڵەتی گیان لە دەستدانیان بە کەڕووی ڕەش تۆمار کردووە. ھاوکات فەرمانگەی تەندروستیی زیقار ئاماژەی بەوەکردووە، چوار حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشییەکەیان تۆمار کردووە و لە ژێر چاودێری پزیشکییدان.
کەڕووی ڕەش جۆرە نەخۆشییەکە، یەکەمین حاڵەتی لە ھیندستان تۆمار کرا، نەخۆشییەکە لە نێو ئەو کەسانە دەردەکەوێت کە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا چاکدەبنەوە، نیشانەکانیشی بریتین لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جەستە و ئاوسانی لایەکی دەموچاو و سەرئێشە و ئازاری سنگ و تەنگەنەفەسی و ڕێژەی گیان لە دەستدان بەو نەخۆشییە دەگاتە ٥٤٪، بەڵام ئەگەر سەرەتای نەخۆشییەکە دەستنیشان بکرێت، توانای چارەسەرکردنی ھەیە.
"فازل غەراوی" ئەندامی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی عێراق ڕایگەیاند، نەھامەتی مرۆیی ئاوارەکان بەردەوامی ھەیە و تووشی شۆکی دەروونی و کێشەی تەندروستی بوون، ژمارەیەکی زۆر منداڵیش لە خوێندن بێبەش بوون.
وتیشی، قەرەبوونەکردنەوەی ئاوارەکان و ئاوەدان نەکردنەوەی ناوچەکانیان و خراپی ڕەوشی ئابورییان گەورەترین ئاستەنگە لە بەردەم گەڕانەوەیان.
"غەراوی" داوای لە حکومەتی عێراق کرد بەرپرسیاریەتی یاسایی و مرۆیی ھەڵبگرێت و تەواوی کەمپەکانی عێراق کە ٢٦ کەمپن دابخەن و مینحەی ٥ ملیۆن دیناریش بدەنە ھەر خێزانێکی ئاوارە، ھۆشداریشیدا لەوەی ئەگەر ئاوارەکان بۆ ماوەیەکی زیاتر لە کەمپەکان بمێننەوە، نەھامەتییەکانیان زیاتر دەبێت بە تایبەت بەھۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا.
لەوبارەیەوە، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان رایگەیاند، پاش ئەوەی سەرپێچیان لە بڕگەی سێی ماددەی ھەشتی یاسای ھەڵبژاردنەکان کردبوو، بڕیاردرا بە دوورخستنەوەی ٢٠ کاندیدی ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی عێراق.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە رۆژی دەرچوونی بڕیارەکەوە، ماوەی سێ رۆژی خستووەتە بەردەم پارتە سیاسیی و ھاوپەیمانەکان، بۆئەوەی کاندیدی نوێ بخەنە شوێنی کاندیدە دورخراوەکان، جگە لەوەش لەدوای بڵاوبوونەوەی بڕیارەکە، دەتوانرێت لەبەردەم دەستەی دادوەری ھەڵبژاردنەکان تانە لەبڕیارەکە بدرێت.
لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی عێراق بریاریدا بە درێژکردنەوەی بڕیاری قەدەغەی ھاتوچۆی نیمچەیی لە سەعات نۆی شەو تا پێنجی بەیانی، بڕیارەکەش بەھۆی زۆریی ئامارەکانی توشبوونە بە کۆرۆنا .
لەسەرەتای ئەم مانگەدا لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی عێراق بڕیاریدا بە راگەیاندنی قەدەغەی ھاتوچۆی گشتی، بەڵام دواتر لە رۆژانی جەژندا بڕیارەکەی ھەڵوەشاندەوە و قەدەغەی ھاتوچۆی نیمچەیی راگەیاند.
بەدر زیادی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، گەڕاندنەوەی کەسوکار و خێزانی تیرۆرستانی داعش لە کەمپی ھۆڵی سوریاوە بۆ کەمپی "جەدعە" لە ناحیەی گەیارە، بە خواست و پشگیری ئەمریکا و چەند وڵاتێکی تر بووە، ئەوەش بەپێی رێککەوتنێک لە نێوان ئەمریکا و عێراقدا.
وتیشی، حکومەتی عێراق کار لەسەر دابینکردنی ژیانێکی ئاسایی بۆ کەسوکارەکانی داعش، لە نێو کۆمەڵگەی عێراقی دەکات.
لەلایەکی ترەوە رۆژنامەی"میدڵ ئێست"ی بەریتانی رایگەیاند، لە ناوخۆی عێراق نیگەرانی ھەیە لە گەڕانەوە کەسوکارەکانی داعش و ئەو پرسە وەک بۆمبێکی چێندراو سەیر دەکرێت، کە مەترسی تەقینەوە و چالاکبوونەوەی گرووپە تیرۆرستییەکانی ھەیە.