کۆمەڵەی چاودێری یەکسانی لە مافەکانی مرۆڤی تورکیا رایگەیاند، لە ماوەی ٥ مانگی ئەمساڵدا، لێپرسراوانی وڵاتەکە دەستوەردانیان لە لانی کە ٢٠ گردبوونەوە و خۆپیشاندانی ئاشتییانە کردووە و ھەڵیانوەشاندۆتەوە، ھەروەھا ٢ ھەزار و ١٢٣ کەسیشیان لەو گردبوونەوانە دەستگیرکردووە.
بەپێی ئەو راپۆرتە، دەستوەردانەکان لە شارە گەورەکان بوون، وەک "ئیستەنبوڵ و ئەنقەرە و ئزمیر و دیاربەکر" کە رێگری لە دەیان گردبوونەوە کراوە، لێپرسراوانی تورکیاش ٩٩%ی ھۆکاری دەستوەردانەکانیان گەڕاندۆتەوە بۆ مەترسی کۆرۆنا نەک پێشێلکاری مافی مرۆڤ.
ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرز رایگەیاند، لە شەڕ و پێکدادانەکانی سێ رۆژی رابردووی نێوان چەکدارانی حوسییەکان و ھێزەکانی سەر بەحکومەتی یەمەن، ١١١ چەکدار لە ھەردوولا کوژراون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، حوسییەکان تەواوی ھەوڵەکانیان چڕکردۆتەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی پارێزگای مەئرەب وەک دواین پێگەی ھێزەکانی حکومەت لە باکوری یەمەن، بەڵام زیاتر لە ٦٠ رۆژە حوسییەکان نەیانتوانیوە ھێلی بەرگری حکومەت تێکبشکێنن و بچنە ناو شارەکەوە.
ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرز راشیگەیاندوە، چەکدارانی حوسییەکان لە باکور و باشور و خۆئاواوە گەمارۆی شاری مەئرەبیان داوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانی عەرەبیش بە سەرۆکایەتی سعودیە لەھەوڵی شکاندنی گەمارۆی سەر شارەکەیە.
(جۆی ھۆد) یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری خۆرھەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند، ئەمریکا پارێزگاری لە بوونی سەربازەکانی لە ناوچەکانی ڕۆژئاڤای کوردستان و باکور و خۆرھەڵاتی سوریا دەکات، بە ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی داعش و سەقامگیری ناوچە ڕزگارکراوەکانی سوریا و گەیاندنی کۆمەکی مرۆیی، بە ھاوبەشی لەگەڵ ھێزەکانی سوریای دیموکرات.
(جۆی ھۆد) ئاماژەی بەوەشکرد، ئیدارەی کۆشکی سپی نیگەرانە لە پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ کوردە ھاوپەیمانەکانی ئەمریکا و دەیانەوێت ئەنقەرە بە ڕوونی لە نیازی واشنتۆن تێبگات.
(ڕۆبەرت مالی) نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران ڕایگەیاند، سەرجەم سزاکان لەسەر ئێران ھەڵناگیرێت، کە لە سەردەمی ئیدارەی پێشوو بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپێنراوە.
وتیشی، ھەر کات گفتوگۆکانی ڤییەننا لە بەرژەوەندی ئەمریکا نەبێت، تیمی دانوستانی وڵاتەکەی دەکشێتەوە، ئامانجی ئەمریکاش لە گفتوگۆکان ڕێگریکردنە لە ئێران بۆ بەدەستھێنانی چەکی ئەتۆمی.
(ڕۆبەرت مالی) ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لەسەر پرسی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، ئیدارەی کۆشکی سپی لە نزیکەوە ڕاوێژ لەگەڵ ئیسڕائیل دەکات، تا ئێستاش یەک ئامانجی ھاوبەشیان ھەیە، وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش ڕایگەیاند، تا سزاکانی سەر وڵاتەکەی ھەڵنەگیرێت، پاشگەزنابنەوە لە بەرزکردنەوەی ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، بڕیارەکەی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی کەمپی ئاوارەکانی سوریا، بە بڕی سێ ملیار یۆرۆ تا ساڵی (٢٠٢٤)، لە ئاستی چاوەڕوانیەکاندا نییە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ھاوکارییەکان بە پڕۆسەیەکی درێژخایەن، قەیرانی ئاوارەکانی سوریا لە تورکیا چارەسەر ناکات، بەشێکی زۆری قورسایی ئاوارەکانیش لەسەر ئەو وڵاتانەیە کە ئاوارەکانی سوریایان لە خۆگرتووە.
ئاژانسی ھەواڵی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند، لە ماوەی ٦ مانگی ڕابردوودا، پۆلیسی فیدراڵی ئەمریکا لەسەر سنورەکان زیاتر لە (١) ملیۆن کۆچبەری مەکسیکی دەستگیرکردووە کە ھەوڵیانداوە بە شێوەی نایاسایی دزە بکەنە ناو ئەمریکاوە.
لە دوای دەستبەکاربوونی لە کۆشکی سپی، (جۆو بایدن) سەرۆکی ئەمریکا پلانی ھەیە بۆ پێداچوونەوە بە سیاسەتی وڵاتەکەی لە بەرامبەر کۆچبەرانی مەکسیکی.
لە ساڵی ٢٠١٨دا ئەمریکا لە سەردەمی ئیدارەکەی (دۆنالد تڕەمپ)، بڕیاری تەلبەندکردنی سنوری لەگەڵ مەکسیک بە دریژای (٢٤٠) کیلۆمەتر ڕاگەیاند.
ناوەندی ڕاگەیاندنی ھەسەدە ڕایگەیاند، یەکینەکانی دژە تیرۆر و ھێزەکانی کۆماندۆسی سەر بە ھێزەکانی سوریای دیموکرات لە شارۆچکەی بەسیرە لە ڕیفی خۆرھەڵاتی دێرەزوور کە دوو ڕۆژ بەردەوام بووە، ٢٢ تیرۆریستی داعش دەستگیرکراون و دەست بەسەر ژمارەیەک لە چەک و جبخانەشدا گیراوە.
بە پێی ناوەندی ھەسەدە، ئۆپەراسیونەکە بە پشتیوانی ئاسمانیی ھێزەکانی ھاوپەیمانان بەڕێوەچووە، لە ئەنجامی تەقینەوەیەکیشدا لەسەر ڕێگەی گشتی شارۆچکەی جزرە لە ڕیفی خۆرئاوای دێرەزوور، ٣ شەرڤان شەھیدبوون و ٦ شەڕڤانی تریش برینداربوون.
بە پێی میدیاکانی رۆژئاڤای کوردستان تەقینەوەکە لە نزیک فولکەی کاوە لە سەر رێگەی شارۆچکەی ئەعزاز لە دەروازەی خۆرھەڵاتی شارەکە رویداوە و بەھۆیەوە سێ کەس گیانی لەدەستداوە، کە یەکێکیان منداڵ بووە، ژمارەیەک ھاوڵاتی دیکەش بریندار بوون و زیانی مادیشی لێکەوتەوە.
لە ١٥ی ئەم مانگەشدا ئۆتومبێلێکی بۆمبرێژکراو لە نزیک فولکەی شارۆچکەی کەفەر جەننە لە سەر رێگەی ئەعزاز رویدا و بەھۆیەوە کەسێک کۆژرا و دوو کەسی دیکەش برینداربوون.
شاری عەفرین لەرۆژئاڤای کوردستان لە مانگی ئازاری ٢٠١٨ەوە لە ژێر دەسەڵاتی گروپە چەکدارەکانی ھاوپەیمانی تورکیادایە.
میدیاکانی ڕۆژئاڤای کوردستان بڵاویانکردووە، سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکانی گوندی عەڤدیکو و کوپرلیک-یان لە خۆرئاوای شارۆچکەی گرێ سپی و گوندی گۆزەلییە لە خۆرئاوای شارۆچکەی تەل تەمر بۆردومان کردووە، بەھۆیەوە ئاگر لە دەغڵودان و خانووی ھاوڵاتیانی گوندی کوپرلیک کەتووەتەوە و چەندین گولـلە ھاوەنیش بەر قوتابخانەی گوندی گۆزەلییەی تەل تەمر کەوتووە.
ڕیاز خەڵەف فەرماندەی ئەنجومەنی سەربازیی گرێ سپی ڕاگەیاند، پێشێلکارییەکانی سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکانی ھاوپەیمانی لە ناوچە داگیرکراوەکان بەردەوامە و لە ئەنجامی توپبارانەکانیش ژمارەیەک ھاوڵاتی مەدەنی بریندار بووە و زیانی مادیش بەر ناوچەکە کەوتووە.
(ئان لیندە) وەزیری دەرەوەی سوید ڕایگەیاند، ھەسەدە ڕۆڵێکی گەورەی لە شەڕی دژی داعش و کوتاییھێنان بە تیرۆر و توندڕەوی بینیوە بە تایبەتیش لە باکوری خۆرھەڵاتی سوریا و تا ئێستاش ١١ ھەزار شەڕڤان لە شەری دژی داعشدا بوونەتە قوربانی.
وتیشی، ڕێز لە فیداکاری شەڕڤانان دەگرن، ئاشکراشیکرد، دیالۆگی حکومەتی سوید و خۆبەڕێوەبەری باکور و خۆرھەڵاتی سوریا بەردەوامە، و پێویستە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیش ھاوکاری زیاتری مەسەدە و خۆبەڕێوەبەری بکەن بۆ ئەوەی لە دانوستانە نێودەوڵەتییەکاندا بۆ چارەسەری قەیرانی سوریا بەشدار بن.
تۆڕی"ئێن بی سی نیوز"ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی دانوستانەکان بۆ زیندوکردنەوەی رێککەوتننامەی ئەتۆمی، ئیدارەی نوێی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جۆ بایدن، ھەڵسەنگاندن بۆ لابردنی سزاکانی سەر عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران دەکات.
لەلایەکی ترەوە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ھەڕەشەی کشانەوەی وڵاتەکەی لە دانوستانەکانی ڤییەنا کرد و بە رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی وڵاتەکەی راگەیاند، بەردەوامبوونی ئێران لەسەر پەرەپێدانی پڕۆگرامی ئەتۆمی، کشانەوەی ئەمریکا لە دانوستانەکان نزیک دەکاتەوە، چونکە ئێستا ئێران ئامێری پێشکەوتووی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم خستۆتە کار.
تائێستا وڵاتانی ئەندامی رێککەوتننامەی ئەتۆمی شەش خولی دانوستانیان لە ڤییەنا ئەنجامداوە و بەمنزیکانەش خولی حەوتی دانوستانەکان بەرێوەدەچێت.
لێپرسراوانی ولایەتی فلۆریدا ڕایانگەیاند، دەیان کەس کەوتوونەتە ژێر دار و پەردووی باڵەخانە ڕووخاوەکە، تا ئێستاش ھۆکاری سەرەکی ڕووخانی ئەو باڵەخانە (١٢) نھۆمیە نادیارە، ئاماژەیان بۆ ئەوەشکردووە، تیمەکانی بەرگری شارستانی تا ئێستا تەرمی یەک کەسیان دۆزیوەتەوە و ١١ کەسیشیان ڕزگار کردووە.
لێپرسراوانی ولایەتی فلۆریدا ڕاشیانگەیاندووە، لەناو باڵەخانەکە (١٣٠) خێزانی تێدا نیشتەجێ بووە.
ئاژانسی ھەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرای کردووە، لە دانوستانەکانی (ڤییەننا) لەسەر پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، ناکۆکی گەورە لە نێوان (واشنتۆن و تاران)دا ھەیە، دەشڵێت، ئەگەر نییە بەم نزیکانە خولی شەشەمی دانوستانەکان بەڕێوەبچێت.
ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاشیگەیاندووە، ھێشتا کات لەبار نییە بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی و پڕۆسەکە ھێشتا ڕوون نییە، دەشڵێت، تاران ھەماھەنگ نییە لەگەڵ تیمی ھونەریی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم.
(ئیبراھیم ڕەئیسی) سەرۆکی ھەڵبژێردراوی ئێران ڕایگەیاند، ئاسایشی بە کۆمەڵ بەشێکی سەرەکی دەبێت لە ئەجێندای سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە کابینەی داھاتووی حکومەتدا، لە پێناو بەدیھێنانی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە.
وتیشی، تاران وشیارانە مامەڵە لەگەڵ گەمارۆکانی ئەمریکا دەکات و دیپلۆماسیەتی کابینەی نوێ، ھیچ دەرفەتێک بۆ گەشەی پەیوەندییە ئابوورییەکان لە گەڵ وڵاتانی تر لە دەست نادات.
(تیمۆسی لیندرکینگ) نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ یەمەن ڕایگەیاند، واشنتۆن بە پێی ئەو ڕەوشە مامەڵە لەگەڵ یەمەن دەکات کە لە ئێستادا پێیدا گوزەر دەکات، حوسییەکانیش لایەنێکی شەرعیین لە یەمەن.
وتیشی، فشارەکان لەسەر حوسییەکان نەیتوانیوە ڕێگر بێت لە پێکدادانەکانی مەئرەب، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ یەمەن ئاماژەی بەوەشکرد، گەشبینە بە گەیشتن بە بڕیاری ئاگربەست، لە نێوان چەکدارانی حوسییەکان و ھاوپەیمانی وڵاتانی عەرەبی بە سەرۆکایەتی سعودیە.