بەنی گانتس وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە کۆنفرانسی ساڵانەی پەیمانگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر رایگەیاند، لە بنکەی ئاسمانی کاشان لە پارێزگای ئەسفەھان، لەبارەی چۆنیەتی دروستکردن و بەکارھێنانی درۆنەکان، مەشق و راھێنان بە گروپە چەکدارەکانی عێراق و سوریا و یەمەن و لوبنان دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەدان درۆنی دروستکراوی ئەو بنکەیە لە وڵاتانی عێراق و یەمەن و سوریا و لوبنان بوونیان ھەیە و لەئێستادا ئێران خاوەنی چەندین درۆنی جۆراوجۆرە کە توانای بڕینی ھەزاران کیلۆمەتریان ھەیە.
کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی ڕایگەیاند، تورکیا بە ڕاستەوخۆ لە (عێراق و سوریا و لیبیا) پێشێلکاری سەربازیی کردووە، و ئاستی ئاوی عێراق و سوریاشی کەمکردووەتەوە، داواشی لە ئەنقەرە کردووە دەست لەو کارانە ھەڵبگرێت کە ھەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی ناوچەکە.
لە بەرامبەردا وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ڕەخنەی لە ڕاگەیەنراوەکەی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی گرتووە و دەڵێت، ڕەخنەگرتن لە ھەوڵەکانی ئەنقەرە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانیان قبوڵکراو نییە، و دژایەتی ھەندێک سەرکردەی وڵاتانی عەرەبیش بۆ تورکیا ھیچ بەھایەکی نییە.
ئەمینداریەتی ئەنجومەنی وەزیرانی لوبنان بڵاویکردەوە، دوای ساڵێک لە نەبوونی حکومەت و ڕاییکردنی کاروبارەکان بە حکومەتێکی کاربەڕێکەر، ڕۆژی ھەینی میشیل عەون سەرۆکی لوبنان (نەجیب میقاتی) ڕاسپاردووە بۆ پێکھێنانی حکومەت و لایەنەکانیش گەیشتوونەتە ڕێککەوتن.
(نەجیب میقاتی)یش لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی کۆماری ڕایگەیاند، ھەوڵەکانی دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی ڕێگری لە ھەڵوەشاندنەوەی لوبنان بکات، وتیشی، ڕەوشی دارایی لوبنان دژوارە و پێویستە ھەمووان ھاوکار بن لە تێپەڕاندنی قەیرانەکان.
دوای تەقینەوەکەی ساڵی ڕابردووی بەندەری بەیروت، حەسان دیاب سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتە دەستی لە کار کێشایەوە و سەعد حەریری بۆ پێکھێنانی حکومەت ڕاسپێردرا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو لەو کارەدا و کشانەوەی خۆی ڕاگەیاند، دواتر لە مانگی تەموزی ئەمساڵدا نەجیب میقاتی بۆ پێکھێنانی حکومەت ڕاسپێردرا.
نەفتالی بینێت، سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل ڕایگەیاند، وڵاتەکەی دواین ڕاپۆرتەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە بارەی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەجددی وەردەگرێت و ھەموو ھەوڵێک دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی ڕێگە لە تاران بگرێت دەستی بە چەکی ئەتۆم بگات.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران بەردەوامە لە پێشێلکردنی بەڵێنەکانی بەرامبەر کۆمەڵی نێودەوڵەتی، و پەرە بە بەرنامەی ئەتۆمی دەدات.
سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش ڕایگەیاند، لە کاتێکدا ئیسڕائیل خاوەنی چەکی ئەتۆمییە و خۆی لە ئەندامبوون لە "پەیماننامەی ڕێگریکردن لە پەرپێدانی چەکە ئەتۆمییەکان" بە دوور دەگرێت، مافی ئەوەی نییە، لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانەوە، قسە بکات.
ئاژانسی ئەسۆشییەتد پرێس ئاشکرایکرد، سەرەڕای بەردەوامبوونی ھێرشی حوسییەکانی یەمەن، ئەمریکا ژمارەیەک لە سیستمی بەرگری پێشکەوتووی موشەکی پاتریۆت لە سعودیە کشاندووەتەوە.
وەزارەتی بەرگری سعودیەش زانیارییەکانی پشتڕاستکردووەتەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، پڕۆسەی کشانەوەکە بە ھەماھەنگی بووە لەگەڵ حکومەتی ڕیاز، جەختیشیکردووەتەوە لەسەر توانای سوپای سعودیە بۆ بەرگریکردن لە ئاسمانی وڵاتەکەی.
(جۆن کێربی) وتەبێژی پنتاگۆنیش جەختی لەسەر پابەندبوونی واشنتۆن بۆ ھاوپەیمانەکانی لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست کردەوە.
زەبیحوڵا موجاھید وتەبێژی بزوتنەوەی تاڵیبان بە رۆژنامەنوسانی راگەیاندوە، ئەو حکومەتەی رایانگەیاندوە کاتییە و لە داھاتوودا بە پێی بنەماکانی ئاینی ئیسلام، لە حکومەتدا کار بە ژنان دەدرێت.
ھەروەھا دوپاتیکردووەتەوە، ئێستا سەرەتایە، بەڵام لە قۆناغی دووەمدا جێگە بۆ ژنان دەکەنەوە بۆ وەرگرتنی پۆستە حکومییەکان .
لەلایەکی تریشەوە، دیمتری بیسکۆف وتەبێژی سەرۆکایەتی روسیا رایگەیاندوە، لە ئێستا بە نیاز نین دانوستان لەگەڵ ئەو حکومەتەدا بکەن تاڵیبان لە ئەفغانستان رایگەیاندوە، بەڵام لە رێی باڵیۆزخانەکەیانەوە پەیوەندییان لەگەڵ تاڵیبان ھەیە بۆ پاراستنی دیبلۆماتکارەکانیان و مۆسکۆ بە وردی چاودێری ھەنگاوەکانی حکومەتی نوێی ئەفغانستان دەکات.
لێپرسراوێکی ئەمریکا رایگەیاند، لێپرسراوانی بزووتنەوەی "تاڵیبان" رەزامەندی داوە بۆ گواستنەوەی ٢٠٠ ھاووڵاتی ئەمریکی و وڵاتانی تر، کە تا ئێستا لە "ئەفغانستان" ماونەتەوە و رێگەیان پێدەدات لەڕێی فڕۆکەیەکەوە لە فڕۆکەخانەی "کابوڵ" وڵاتەکە بەجێبھێڵن.
ئەو لێپرسراوە ئەمریکییەکە کە ناوەکەی ئاشکرا نەکردووە وتوویەتی، "زاڵمای خەلیل زاد" نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ ئەفغانستان، فشاری لەسەر "تاڵیبان" دروست کردووە تا رەزامەندی بدات لەسەر گواستنەوەی ئەو ھاووڵاتیانە و پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ وڵاتەکە بەجێبھێڵن.
تیدرۆس ئەدھانۆم سکرتێری گشتی رێکخراوی تەندروستی جیھانی رایگەیاند، پێنج ملیار و پێنج ملیۆن دۆزی ڤاکسین پێشکەشکراوە، بەڵام ٨٠٪ی دراوەتە ئەو وڵاتانەی خاوەن داھاتی بەرز و مامناوەندن.
وتیشی، وڵاتە دەوڵەمەندەکان بەڵێنیاندابوو بە پێشکەشکردنی زیاتر لە یەک ملیار دۆز، بەڵام تەنھا ١٥٪ی ئەو بڕە پێشکەشکراوە، جارێکی تریش داوای لە وڵاتان کرد دۆزی سێیەمی ڤاکسین رابگرن، تاوەکو بتوانرێت دۆزی زیاتر پێشکەشی وڵاتە ھەژارەکان بکرێت.
ھاوپەیمانی "کۆڤاکس"یش ھیوای خواستووە لە چەند مانگی داھاتوودا ٢٠٪ی ھاوڵاتیانی وڵاتە ھەژاراەکان بکوترێن، کە گەیشتن بەو ئامانجەش بە دوور دەزانرێت.
ڕەنج پشدەری لە یۆنان ڕایگەیاند، لە ڕۆژی ٢ی ئەم مانگەوە نزیکەی ١٠٠ کۆچبەری کوردی باشوری کوردستان کە ژن و منداڵیان تێدایە لە کەناراوەکانی تورکیاوە بەرەو ئیتاڵیا بەڕێکەوتوون، ماوەی ٨ ڕۆژە دەنگیان نەماوە و کەسوکاریان داوای دیاری کردنی چارەنووسیان دەکەن.
داواش لە کەسوکاری ئەو کۆچبەرانە کراوە کە ناوی سیانی کۆچبەرەکانیان بنوسن، تا بنێرێتە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەدواداچوون بکرێت.