ئەمینداریەتی ئەنجومەنی وەزیرانی لوبنان بڵاویکردەوە، دوای ساڵێک لە نەبوونی حکومەت و ڕاییکردنی کاروبارەکان بە حکومەتێکی کاربەڕێکەر، ڕۆژی ھەینی میشیل عەون سەرۆکی لوبنان (نەجیب میقاتی) ڕاسپاردووە بۆ پێکھێنانی حکومەت و لایەنەکانیش گەیشتوونەتە ڕێککەوتن.


(نەجیب میقاتی)یش لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی کۆماری ڕایگەیاند، ھەوڵەکانی دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی ڕێگری لە ھەڵوەشاندنەوەی لوبنان بکات، وتیشی، ڕەوشی دارایی لوبنان دژوارە و پێویستە ھەمووان ھاوکار بن لە تێپەڕاندنی قەیرانەکان.


دوای تەقینەوەکەی ساڵی ڕابردووی بەندەری بەیروت، حەسان دیاب سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتە دەستی لە کار کێشایەوە و سەعد حەریری بۆ پێکھێنانی حکومەت ڕاسپێردرا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو لەو کارەدا و کشانەوەی خۆی ڕاگەیاند، دواتر لە مانگی تەموزی ئەمساڵدا نەجیب میقاتی بۆ پێکھێنانی حکومەت ڕاسپێردرا.