لێپرسراوێکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بە ئاژانسی "رۆیتەرز"ی راگەیاندووە، زۆرینەی ئەندامانی حکومەتەکەی "تاڵیبان" توندڕەون و پەیوەندییان بە تیرۆرەوە ھەیە و چەندین پەلاماریان لە ناوخۆی "ئەفغانستان" و دەرەوەی ئەنجامداوە، بە تایبەت "سیراجەدین حەقانی" کە وەک وەزیری ناوخۆ دیاری کراوە و بە نزیکترین کەسایەتی لە رێکخراوی "قاعیدە" دادەنرێت و لەلایەن نوسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریکاوە داواکراوە. 
دوێنێ بزوتنەوەی تاڵیبان حکومەتی کاربەڕێکەری لە ئەفغانستان راگەیاند و "مەلا محەمەد حەسەن" وەک سەرۆکی حکومەت دیاریکرا. "زەبیحوڵا موجاھید"  وتەبێژی بزوتنەوەی تاڵیبانیش رایگەیاند، وەزارەتەکان بە کەسانی شارەزا و پسپۆڕ بەڕێوەدەبەن و داویان لە سەرجەم لایەنەکانی ئەفغانستانیش کردووە بەشداربن لە حکومەت، وتیشی حکومەتی کاربەرێکەر تەنھا بۆ قۆناغی راگوزەری دەبێت.